سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار کرا
لەسەر پێدانی بەڕێوەبەرایەتی و تێبینەرایەەتییەكانی تۆماری خانووبەرە بە كەرتی تایبەت بۆ جێبەجێ كردنی سیستمی ئەلیكترۆنی و پێدانی پارەیەكی زۆر لە بودجەی گشتی بە كۆمپانیاكە، پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار دەكات.
کاوە عەلی، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ 3/3/2025 لە دادگای بەرایی هەڵەبجە، داوای یاساییمان لەسەر سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری تۆمار کرد.
ئەو پەرلەمانتارە لە سكاڵاكەیدا نووسیویەتی، “فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری هەستاوە بە ئەنجامدانی گرێبەستێک لەنێوان فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و کۆمپانیای Sewar بە نووسراویان ژمارە 80 لە 25/8/2024 تایبەت بە دروستکردن و دابینکردنی سیستەمی زیرەک بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان و تێبینەرایەتیەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە بەمەبەستی جێبەجێ کردنی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان. کە پێچەوانەی یاسایە”.
دەشڵێت: ڕۆژی 22/4/2025 دیاریکراوە بۆ دادبینی.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی ئەو نووسراوەی بڵاوبۆتەوە و حكومەتی هەرێم بە “نهێنی” دەریكردووە، بەڕێوەبەرایەتیەکان و تێبینەرایەتیەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە دەكرێن بە سیستمی زیرەك و دراوە بە كۆمپانیا و بۆ ئەوەش بڕێك پارەی جێگیر و بڕێكی دیكە پارەی مانگانەی لە بودجەی گشتی بۆ تەرخان كراوە.
پێشتریش، شیلان عارف، بریكاری وەزارەتی دادی هەرێم بۆ (ڕووداو) وتی، ئاگاداری ئەو پڕۆسەیە نەبووە و كارێكی نایاساییە و دژی پێدانی ئەو كارەیە بە كۆمپانیا، چونكە پارەیەكی زۆری لە بودجەی گشتی بۆ تەرخان كراوە.
وتیشی، “بەپێی نووسراوەكەی حكومەتی هەرێم زیاتر لە 14 ملیار دینار دەدرێت بە كۆمپانیاكە بۆ دابین كردنی پێویستییەكانی كارەكە و هەموو مانگێكیش بڕی زیاتر لە ملیارێك دیناری پێ دەدرێت، كە ئەمەش پارەیەكی زۆر لەسەر بودجەی گشتی دەكەوێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتریش هەریەكە لە كۆكردنەوەی پارەی ئاو كامێرای (پۆینت تو پۆینت) و پارەی خۆڵ و خاشاك و چەند بابەتێكی دیكە دران بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت و نرخەكانیان لەسەر هاووڵاتیان بەرزبووەوە و تەنانەت دادگا بەشێك لەو پڕۆسانەی وەك (پارەی خۆڵ و خاشاك) هەڵوەشاندۆتەوە و جەختی لە پاراستنی داهات و سامانی گشتی كردۆتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، پێدانی “تاقیگەكانی تەندروستی” بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە و بە وتەی پەرلەمانتاران و بەشێكی بەرپرسانی كەرتی تەندروستی، ئەو كارە نرخی پشكنینەكان لەسەر هاووڵاتیان گران دەكات.
|