دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: ەمجارە یەكێتی دەبێتە شەریكێكی حەقیقی و داواكارییەكانمان دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، چاوەكان لەسەر یەكێتین، دەشڵێت: “ئەمجارە یەكێتی دەبێتە شەریكێكی حەقیقی و داواكارییەكانمان دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان و دەمانەوێت حكومەت و دامەزراوەكان هی خەڵك بن و لە خزمەتی خەڵكدا بن و كۆتایی بەدیاردەی بەحزبیكردنی حكومەت بهێنین”.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی، لەوتارێكدا کە میدیای حزبەکەی بڵاویکردووەتەوە لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمەوە دەڵێت: “بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت چاوەكان لەسەر یەكێتیین، هەمووان دەیانەوێت بزانن یەكێتی لەم نێوەندەدا چی دەكات و چۆن بڕیاردەدات و چی بۆ خەڵكی كوردستان دەكات، چونكە هەموو دەزانن یەكێتی تاكە هیوای گۆڕانكاری و راستكردنەوەی رێرەوی ناتەندروستی حوكمڕانییە”.
دەشڵێت: “لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە خەڵكی و داخوازی و چاوەڕوانییەكانیان دەكەینە بەرنامەی خۆمان و خستومانەتە سەر مێزی هەموو ئەو دانوستانانەی لەم پێناوەدا ئەنجام دراون. بەم بۆنەیەوە خەڵكی خۆشەویستی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە، كە چاوەڕوانی قۆناغێكی جیاواز و تازەبن، قۆناغێك تێیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوونێكی جیاوازی دەبێت، دەبینە گرەنتییەك بۆ مافەكانتان”.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، باسی لەوەشکردووە: “لە كابینەی تازەدا، داواكارییەكانی ئێمە زۆر ئەستەم نین، بەڵام داواكارییەكانمان دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان”.
ئەوەشی وتووە: “ئێمە ئەمجارە دەبینە شەریكێكی حەقیقی، بۆ ئەم مەبەستەش پاڵپشتیی خەڵكی كوردستان بۆ ئێمە هێزێكی گەورەیە، لە بەرامبەردا تێڕوانینی ئێمە بۆ حوكمڕانی تێڕوانینێكی شارستانییە، ئێمە دەمانەوێ حكومەت و دامەزراوەكان هی خەڵك بن و لە خزمەتی خەڵكدا بن، دەمانەوێ خەڵك ئازادبێت و دیاردەی بە حزبیكردنی حكومەت كۆتایی پێ بهێنین، خەڵك خۆی بڕیار لەسەر شتەكان بدات، لە كار و بازاڕی خۆی ئازادبێت، كەس خۆی بەسەردا نەسەپێنێ و ماڵ و موڵكی داگیرنەكات، ئەو حوكمڕانییەی ئێمە بانگەشەی بۆ دەكەین حوكمێكی دیموكراسییە، تێیدا خەڵك سەرچاوەی هەموو شتێكە”.
لەبارەی دیدگای یەكێتی لەم قۆناغەدا راشیگەیاند: “یەكێتی بۆ ئەم قۆناغە سەختانە دروستبووە، لەم قۆناغەشدا، بە سەركردایەتی و تێگەیشتنی تازەوە، رێگەیەكی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان، بتوانێت خۆی لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانكارییانە بگونجێنێت. ئەوەی ئێمە لەو دیدارەدا دەمانەوێت، دروستكردنی ئەو ستراتیژیەتە نوێیەیە”.
|