هەواڵ

سەعدی پیرە: چەند بڕگەیەکی کەم ماوە بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت

نهانیوز- هەواڵەکان

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی جەخت لەوەدەکاتەوە کە هیچ شتێک نەماوە کە باسیان نەکردبێت و دەڵێت" بۆ چۆنییەتی پێکهێنای حکومەت سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەیەکەوە رادەسپێردرێن".  

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، شاندی پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێیکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کۆبوونەوە، لەمابرەوە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت" لەو کۆبوونەوەیەدا کۆتایی بە زۆربەی بڕگەکانی رەشنووسی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت هێنراوە، هەروەها هیچ نەماوە لە کۆبوونەوەکانماندا باسمان نەکردبێت".

لەبارەی چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەت، سەعدی پیرە وتی" سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەیەکەوە رادەسپێردرێن و  راسپاردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی نایاسایی نییە".

باسی لەوەشکرد سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی حکومەت دەست لەکار بکێشێتەوە، حکومەت بە هەڵوەشاوە دادەندرێت.

چەوارشەممە 27ی ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا وتیان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."

بە پێی زانیارییەکان  ئەو  پرۆژەیەی ئامادە کراوە لە ژێر ناوی " ستراتیجیەتی بەڕێوەبردن " ٥٨ خاڵەو وەفدی دانوستانکاری هەردوولا لەسەر ٥٢ خاڵی رێککەوتن.

دەربارەی ئەو خاڵانەی تا ئێستا ناکۆکیان لەسەرە گرنگترینیان کۆتایی هێنانە بە حکومەتی " سێبەر " لەلایەن پارتیەوەو دەسەڵات شۆڕکردنەوەیە بۆ وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

خاڵێکی تریش پرسی " سوێندخواردنی " سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بە یەکەوە کە یەکێتی جەختی لەسەر دەکاتەوەو، پارتی رەتیدەکاتەوە، لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا گەر پێکەوە سوێندبخۆن جێگری سەرۆکی حکومەتیش هەمان دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی دەبێت.
هەرچی پارتیییە جەخت لەسەر یەک حکومەت و یەک پێشمەرگە و یەک هێزی ئەمنی دەکاتەوە.

هەروەها پارتی داوای یەک هەڵوێستی دەکات بەرامبەر بە‌غداو لایەن هەرێمایەتییەکان.

ئەمانە گرنگترین ئەو خاڵانەن کە تا ئێستا لە نێوان یەکێتی و پارتیدا کێشەیان لەسەرە.

2025-03-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.