حکومەتی تورکیا دژی کورد بڕیارێکی دەرکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاریدا، قەیوم بۆ سێ شارەوانیی گەورەی باکوری کوردستان دابنێت کە یەکێکیان سیاسیی ناسراوی کورد، ئەحمەد تورک سەرۆکیەتی.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیوم بۆ گەورە شارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـا و شارەوانیی خەلەفەتی لە رووهای باکووری کوردستان دانران.
هاوکات بەپێی هەواڵی میدیاکانی باکوری کوردستان، ئەم بەیانییە هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بینای گەورە شارەوانیی شارەکەیان گەمارۆداوە و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیان لەبارەی دانانی قەیوم گەیاندووەتە ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین.
هاوکات هەر بەیانیی ئەمڕۆ قەیوم بۆ شارەوانی ئێلیها و خەلفەتیش دانراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم سێ شارەوانییە سەر بە دەم پارتین و لەلایەن خەڵکانی کوردەوە هەڵبژێردراون.
قەیوم کەسانی راسپێردراوی دەوڵەتن، کە حکومەتی تورکیا لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکان، بە دامەزراندن و فەرمانێکی وەزاری، لە جێگەی سەرۆکی شارەوانی، یاخود سەرۆکی کۆمپانیایەک دایاندەنێت، ئەوەش بەمەبەستی راپەڕاندنی کاروباری دامەزراوە دەستبەسەرکراوەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە لە پرسێکی نایاساییەوە تێوەدەگلێت.
|