هەواڵ

رووسیا هۆشداری دەداتە کورد


نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هۆشداری بە كوردانی ڕۆژئاوا دەدات و دەڵێت، بەهۆی متمانەیان بە واشنتۆن هەمان چارەنووسی ئەفغانییەكانیان دەبێت.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی (RT) وڵاتەكەی ڕایگەیاندووە، ئەمریکییەکان ناوچەیەکیان لە دەوروبەری شارۆچکەی ئەلتەنف دروست کرد، کە تیرەکەی 55 کم بوو، بوونی خۆیان لەوێ وەک چاودێر و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە بەردەم تەشەنەکردنی نفوزی داعش ڕاگەیاند، بەڵام بێگومان ئەمریکییەکان هیچ ئامانجێکیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەدەست نەهێنا، بەڵكو ئەوان هەوڵی دامەزراندنی قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەتی دەدەن.

دەشڵێت، بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی سووریا، کە ملکەچی دەسەڵاتە شەرعیەکانن و سزای توندی هەیە، لەنێویاندا یاسای ناسراو بە “قەیسەر” بەڵام ئەو ناوچانەی، کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە پارێزراون، ئەم سزایانە جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو زیاتر پارەی لێ‌ بەدەست دەهێنن.

لاڤرۆڤ دەڵێت "بەداخەوە ئەمریکییەکان، کوردەکانیان ڕاکێشاوە بۆ ناو یارییەکەیان، هەوڵی گرەوکردنیان لەسەر دەدەن. پێکدادان لە نێوان پێکهاتە کوردەکان و هۆزە عەرەبەکان، کە سەدان ساڵە لەم خاکانەدا ژیاون ڕوویداوە و ئەمریکییەکان ئێستا دەیانەوێت دەست بەسەر بەشێک لەم خاکانەدا بگرن بۆ ئەوەی پڕۆژەی کیانێکی نیمچە دەوڵەتی خۆیان دروست بکەن".

ئاشكراشی كردووە، کورد دەبێت درک بەوە بکات، کە داهاتووی ئەوان هەمیشە لە چوارچێوەی یەکێتیی سوریادا دەبێت و پشت بە ئەمریکییەکان نەبەستن کە ڕزگاریان بکەن، بەڵکو دەبێت بەرەو دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا هەنگاو بنێن، دەبێت لەسەر ئەو مافانە ڕێکبکەون، کە شایەنی خۆیانە وەک کەمینەیەکی نیشتمانی.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، که پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ کورددا هەبووه، بەڵام ئەمریکییەکان پووچەڵیان کردەوه.

ناوبراو دەڵێت "دیالۆگێک هەبوو و ئێمه بەشداریمان تێدا کرد، بەڵام ئەمریکییەکان کوردیان قەناعەت پێ‌ کرد، که پەرەسەندنی له ڕووبەڕووبوونەوه لەگەڵ حکومەتدا باشترین بژاردەیه له جیاتی ئەوه لە هاوکاریکردنیان لەگەڵیان".

سێرگی لاڤرۆڤ باسیشی لە چارەنووسی ئەو سەرکردانەی ئەفغانستان کرد، کە متمانەیان بە ئەمریکییەکان هەبوو، بەڵام بێهیوایان کردن، کوردەکانیشی لە هەمان سیناریۆ ئاگادارکردەوە و وتی "ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ کورد و لەگەڵ هەموو کەسێک، چارەنووسی سەرکردایەتی ئەفغانستانیشیان بیردەخەینەوە، كە بڕیاریاندا پشت بە بەڵێنەکانی ئەمریکا ببەستن بەبێ ئەوەی پشت بە گەلەکەی یان دیالۆگی نیشتمانی ببەستن لە یەک شەودا لە کۆتاییدا بە تەنیا جێیان هێشتن".
2024-09-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.