لەبارەی هەرێمەوە عێراق بڕیاریدا و دوا وادە دیاریکرا
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا بە كۆتاییهێنان بە وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و ڕایدەگەیەنێت، 20ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم كۆتایی دێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لیژنەی ناوەندی بەبازاڕکردنی سەر بە کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە بە سەرۆكایەتیی حەیدەر نوری گڕاوی، بەڕێوەبەری گشتیی دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانی وەرزی بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم.
گڕاوی ڕایگەیاندووە، لیژنەکە گرنگترین پرسەکانی بەرنامەی کارەکەی تاوتوێ کردووە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا لە 20ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ وەرزی بەبازاڕکردن لە هەرێمی کوردستان دابخرێت بۆ ساڵی 2024 لە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی).
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە میانی دانیشتنەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە ستافی تەکنیکی و کارگێڕی بەردەوام دەبن لە پرۆسەی وەرگرتن و دابەزاندنی ئۆتۆمبێل تا درەنگانی شەو بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی گەنمی ماوەتەوە بۆ پشکی هەرێم، لەگەڵ ڕێنماییەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە بەشی کۆنترۆڵ و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ بەدواداچوون و چالاککردنی سیستەمی پەنجەمۆری شەوانە بۆ کاری فەرمانبەران.
|