كەشناسی هەرێم بۆ بارانبارین لەسلێمانی و گەرمیان هۆشداری دەدات
نهانیوز- ههواڵهكان
كەشناسی هەرێم رایگەیاند بارانبارین بەردەوام دەبێت و پێشبینیش دەكەن زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لەكاتەكانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەرمیان و پارێزگای سلێمانی دەبێت.
ئەمڕۆ 15ی شوباتی 2024، كەشناسی هەرێم پێشبینی كەشواهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوكردەوە، دەڵێت باران بارین بەردەوامی دەبێت، ئاستی دابارین مامناوەند دەبێت لەسەرجەم ناوچە شاخاوییەكان و سەنتەری پارێزگاكان .
بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزانی هەرێم زۆرترین ڕێژەی بارانی پێشبینیكراو لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و بەشێك لە باشوری پارێزگای سلێمانی دەبێت هەندێك كات لەكاتی باران هەورە تریقەشی لەگەڵ دەبێت، هەروەها پلەكانی گەرما بەراورد بەچەند رۆژی داهاتوو یەك بۆ دوو پلە نزم دەبنەوە و مەودای بینینیش كەم دەكات.
لەبارەی كەشوهەوای سبەینێش ئەوەی رونكردوەتەوە، لە كاتەكانی بەیانی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە دوای نێوەڕۆدا باران بارین لە ناوچە جیاجیاكان بە شێوەی نمە باران و هەندێ كات بارانی مامناوەند دەبێت، بەتایبەت لە بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی.
|