وتار

لامەرکەزیەت و کاریگەرییە ئیجابییەکانی

محەمەد سەڵاح

لە چەند ساڵانی ڕابردوو بابەتی لامەرکەزیەتی کارگێڕی و دارایی لەسەر مێزی دانوستاندن و سەکۆی ئەکادیمی بابەتی گەرمو گوڕ بوون، وەک پێداویستیەکی سەردەم بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هەرێم و پارێزگاکان لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕالی، وە لەدوای قۆناغی ۲٠٠۳ و دەرچوونی دەستوری
هەمیشەیی لە ساڵی ۲٠٠۵ و دیاریکردنی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە ئاخۆ تێگەیشتن لە لامەرکەزیەت بەو شێوەیە گونجاوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەێڕەو بکرێت یاخود نا.

سەبارەت بە عێراق، ڕەنگە ئاستەنگی گەورە هەبووبێتن بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە و ڕێگری سیاسی دەوری گێڕابێت کە ئەو کەشە نەڕەخسێت بەمەبەستی ئەوەی پارێزگا بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دارایی خۆی پیادە بکات کە ببێتە هۆی زیاتر دروستبوونی سەقامگیری دارایی. بۆ دووربوون لە ئەگەری دروستبوونی قەیران و نەبوونی یەکسانی لە گەشەی ئابووری هەرێم و ناوچەکان لە چوارچێوەی وڵاتێک، لەئێستادا پەنادەبرێت بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە پێناو فەراهمکردنی گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە لەناو وڵاتێکی فیدڕالی. ئەم سیستەمە سەریهەڵداوە وەک شوێنگرەوەیەک بۆ نەڕەخساندنی گەشەپێدانێکی نا یەکسانی و نا سەقامگیری و کەمکردنەوەی ڕێژەیی بێکاری و سودمەندبوون لە سەروەت و سامانی ئابوری بە یەکسانی. وە بێگومان لامەرکەزیەت بە ئاسانی لە هەموو ژینگە و کێڵگەیەک ناچێنرێت ئەگەر موتوربە و ئاوێتە نەکرێت، وە ناتوانرێت لەگەڵ هەموو کەلتوورێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئیداری و دارایی بگونجێت.

ئەم سیستەمەش ڕۆڵی حکومەت زیاتر دەکات لە دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرەکی وەک تەندروستی و ئاو و کارەبا و گواستنەوە...هتد، وە پەیکەربەندکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە چوارچێوەیەکی یاسای تۆکمە و بە باڵوێزکردنی پارێزگار و بەهێزکردنەوەی قائیمقامەکان، دانانی بەردی بناغەی دابەشکردنێکی یەکسان و خەرجکردنێکی شەفافە لە داهاتی هەرێمدا. لە هەمانکاتدا، دەرفەتێکە بۆ بڕینی قۆرخکاری دەسەڵات و هەنگاونان بەرەو تۆکمەکردنی پردی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی .

جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە دەبێتە ئەزمونێکی نوێ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وە لە ئێستادا جێبەجێکردنی یەکێکە لە ئەولەویەتەکان، بۆ؟ چونکە لە ئێستادا دادییەکی ناڕوون هەیە، وە تاکە ڕێگاش بۆ ڕوونکردنەوەی، گرتنەبەری هەنگاوی لا مەرکەزیەتە. لامەرکەزیەت بۆ ئەوەیە ئەم نادادییە لە کوردستان نەمێنێت، و داهاتی تەواوی کوردستان بچێتەوە دەستێکی ئەمین و تەواوی کوردستان سود لە داهاتەکان وەربگرن.

سەبارەت بە عێراق، کێشە و گرفت زۆر هەن بۆ پیادەکرنی ئەو سیستەمە سەرەڕای هەبوونی یاسای پێویست و ڕێپێدانی دەستوری، عێراق مامەڵە و سەردەری لەگەڵ سیستەمی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان لەناو هەموو پارێزگاکان کردووە. گرنگە تیشک بخرێتە سەر ئەوەی کە ئەنجامی دروستبوونی قەیرانی دارایی و ناکۆییەکان لەناو هەرێم و حکومەتی ناوەند لە دوای ساڵی  ۲٠۱٤ بریتیبوو لە نزمبوونەوەی بەهای پتڕۆ دۆڵار و شەڕی تیرۆر لە وڵات، وە ئەو نایەکسانی و نا دادپەروەریەی پەیداببوون لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان لەناو پارێزگاکانی هەرێم، ئێستاش کاریگەرییەکانی هەرماون. ئەم هەرێمەی ئێمەش ئەوەندەی دەرهاویشتە و کارەساتی سیاسی بە خۆوە بینیوە ئەوەندە سیستمێک دانەمەزرا کە ڕێ لە ڕوودانی نەهامەتی زیاتربگرێت.

ڕەنگە ئەم پرسە بەلای هەندێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەختێک قورس بێت و لەوە ڕامێنن کە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاکان دەبێتە کەمکردنەوەی هەیبەتی سیاسی و حکومڕانی، وە لەناو ئەم پرسەدا دەبێت ئەوە ڕەچاوبکرێت کە بابەتی بەرجەستەکردنی دادپەروەری و یەکسانی و گرێدانی تاک بە وڵات و ماف وەرگرتن دێتە ئاراوە. وەک دیارە لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی فراوانبوونی ناوچە و پارێزگاکان و زیادبوونی ژمارەی سەرژمێری خەڵک و گەورەبوونی شار و دێیەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و هەژاری و خراپی ڕەوشی سیستەمی فێرکردن و تەندروستی.......هتد لەلایەک، وە نەبوونی پلانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و زیادبوونی ڕۆتین و گەندەڵی دارایی و فەرامۆشکردنی تواناکانی مرۆڤ لە دروستکردنی بڕیار لەلایەکی دیکەوە، هەموویان ڕۆڵیان بینیوە لە دروستکردنی نا یەکسانی و نا دادپەروەریی ئابوری و کۆمەڵایەتی و داکشانی ئاستی خزمەتگوزاری لە هەموو جومگەکان.

لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان بە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی لەڕووی سامانی ئابوری و دارایی و مرۆیی دەوڵەمەندە و هەر ناوچەیەک دەتوانێت لەنێو پلانی خۆجێی ڕۆڵی ئەرێنی هەبێت لە گەشەپێدانی وڵات و پێشبڕکێبکات بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان و زیاتر ڕەخساندنی کاری وەبەرهێنان و پێشخستنی سێکتەرەکان، وە پێویستە ئەم بابەتە بەهەند وەربگیرێت و بوێرانە قسەی لەسەر بکرێت و کاربکرێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزییەت.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 313‌
5/14/2020 12:37:47 PM
زیاتر...
هونەر تۆفیق
سه‌مه‌د زه‌نگه‌نه‌
عەبدوڵای مەلا نوری
کاروان گەزنەیی