وتار

پرۆژەیاسای کەرکوک.. چارەسەری بنەڕەتی بۆ عێراق‌و کوردستان

شێرزاد حەسەن رەزا
کەرکووک لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا،گەورەترین گرفت و لەمپەری بەردەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بووە،سەرچاوەی ئەم نەگبەتەش بە پلەی زۆر بەرۆکی دانیشتوانە رەسەنەکەی گرتوەتەوە،.بۆ خەڵکی شوێنەکانی تری عێراق گەر نەوت و داھاتەکەی رەحمەت بووبێت،ئەوا بۆ خەڵکەکەی خۆی زەحمەت و عیللەت بووە.
ئەم ناچوونیەکیەش لە خۆڕا نیە،بەڵکو رەھەندێکی سیاسی ومێژووی ھەیە،لە دەرەوەی ئیرادەو حەزی کەرکووکیەکان دەگوزەرێت.

ھێزە دەرەکی و ئیقلیمیەکان ئەوەندەی لەگەڵ شێواندن و نائۆقرەیی ئەم شارەن ،ھیچ ئەوەندە لەگەڵ سەقامگیری و ئارامیدا نین ،.بە حەز و ناحەز کراوە بە گرێ کوێرەیی کێشە گەورەکان و ھەرجارەو بەشێوازێک دوڕدۆنگی و ناچوونیەکی و لێکترازان دروستدەکەن، گەرنا چارەسەری ئەم کێشەیە زۆر لەوە ئاسانترە کە وێنا دەکرێت.. زیانی ئەم پشێوی و نائارامی یە ،سەداسەد بەر دانیشتووان و خەڵکە رەسەنەکەی کەوتووە و دەکەوێت.

دوور لە وتاف و دروشم و وشەیی ئینشایی ،ھەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ئیدارەی ئەو شارە بدات،بێ گوومان دەیگەیەنێت بە ریزی شارە دەوڵەمەندو بازرگانی و ھەڵکەوتەکانی جیھان.چونکە کەرکووک چۆن لەسەردەمی گۆتیەکاندا پایتەخت و ئارابخای ئارام بووە ،ئێستاش ناوەندی ھەموو عێراق و کوردستان و دڵی زەویە،بەداخەوە شارەکە رۆژبەرۆژ ژەنگی زیاتر ھەڵدێنێ و پەیکەری ئاسنینی دادەڕزێت.

لە سۆنگەی ئەم مێژوو جوانەوە دەکرێت پێکھاتەوە لیستە جیاوازەکان بە ھاوکێشەیەکی سادەی بیرکاری کێشەی کورسی پارێزگار و شارەوانی و پۆلیس و ئاسایش و ھێزەی ناوخۆ و فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان چارەسەر بکەن.

بەمشێوەی لای خوارەوە؛
لە ئێستا 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگامان ھەیە،ئەمەش سەرچاوە دەگرێت لە نوێنەرایەتی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگاکە،کە ھەر کورسیەک واتایی 6.25 رێژەی سەدی دانیشتوانەکەی دەنوێنێت. لەکورسی پارێزگارەوە تا سەرجەم فەرمانگەکان،بەپێ ی کاریگەری و دەسەڵاتی کارکردنی رێژەکە بەرزدەکرێتەوە بۆ (100 پلە). بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەرئەنجامەکان:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: پێنج کورسی
هاوپەیمانیی عەرەبی: سێ کورسی
بەرەی تورکمانی: دوو کورسی
پارتی دیموکراتی کوردستان: دوو کورسی
عروبە: یەک کورسی
قیادە: دوو کورسی
کەمەیەتیەکان: یەک کورسی

کورسیە بەدەست ھاتوەکان لەلایەن لیستەکانەوە سەرپشک دەکرێن لەو ھەلبژاردنی ھەر پلەو پۆستێک کە ئارەزوومەندن وەری بگرن.بەپێ ی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن،
بۆ نموونە لیستە براوەکان:

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە خاوەنی 5 کورسیە دەتوانێت %31,25 پۆستە ئیداریەکان وەردەگرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی 2 کورسیە،دەتوانێت 12.5% پۆستە ئیداریەکان وەربگرێت.
لیستی تورکمانیەکان کە خاوەنی 2 کورسیە،دەتوانێت 12.5% پۆستە ئیداریەکان وەربگرێت.
لیستی هاوپەیمانی عەرەبی خاوەنی 3 کورسی بێت ئەوە 18.75% رێژەیی سەدی پۆستە ئیداریەکان بەدەست دەھێنێت
لیستی کەمایەتیەکان کە 1 کورسی ھەیە،ئەوا 6.25% کورسی پۆستەکان دەتوانێت پڕ بکاتەوە.
لەو پێناوەدا و لیژنەیەک پێشنیازی ھێزی پۆستە حکومەیەکان دیاریدەکات..

بۆ نمونە
پۆستی پارێزگار 15 پلە یان 20 پلە
پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن 7 پلە یان 10 پلە
پۆستی بەرێوەبەری پۆلیس 6 پلە بۆ 8 پلە

پۆستی بەرێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان و قایمقامی ناوەند هەر یەکە و لە ٣ بۆ ٤ پلە وەردەگرێت.سەرجەم پۆست و بەڕێوەبەرە گشتیەکان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.

ئامانجی پڕۆژەکە:
1ـ کەرکووک شاری پێکەوە ژیانە و مەرجە سەرجەم پێکھاتەو پارتە سیاسی و قەوارەکان بەشداربن.نەک پەروێزخستنی ھیچ دەنگێک.
2ـ ئاشتی و ئارامی سەرپا شارەکە دەدەپۆشێت و پێکەوە ھەنگاوی پێشکەوتن دەنێن وەک ھەر شارێکی تری جیھانی پێشکەوتوو.
3ـ ھەموو پێویستیان بە ھەموو دەبێت،ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بیر تاکەڕەویی و خۆسەپێنی پیادەبکات.
4ـ ئەم پرۆژەیە تەنھا بۆ دابەشکردنی پۆست و شوێنە گشتیەیەکان کەلە بەرێوەبەری گشتی بۆ سەرەوە پێک دێت،بۆ چارەسەری دابەشکاری ھەڵبژاردن بەکاردێت و لە بەش و ھۆبە و کەرت و ناوەندەکانی نێو فەرمانگەکاندا بەکارنایەت،بەڵکو ئەو پۆستانە بە ھۆی لێھاتووی و برونامە و خزمەتەوە وەردەگیرێت.
5ـ ئەم پرۆژە دەکرێت بە بنەما بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو،ئەو کات بۆ ئایندە شارەکە لە ئارامی و خۆشگوزارانیدا دەژین و هەنگاوی بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی دەنێن.
6ـ هەموو خولێکی هەڵبژاردن،نوێ بوونەوە لە دامەزراوەکاندا روودەدات ،دیاردەی رۆتین وقۆرغکاری بنبڕ دەکات.
7ـ پرۆژەکە و دابەشکاریەکان ،بەم یاسایە دەتوانرێت بگوازرێتەوە و لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق جێ بەجێ بکرێت.
8ـ لە خولی پەرلەمانی عێراق و کوردستاندا ،دەکرێت وەک پرۆژە یاسا بخرێت دەنگدانەوە و یاسایی پێ دەربچوێنرێت و بۆ ئایندە خەڵک بە گشتی سوودمەند بێت.

بەهیواین ئەم پرۆژەیە لە لایەن خەڵکی دڵسۆز و پێکهاتە جیاواز و پارتە سیاسیەکانەوە پەسەند بکرێت.دوور لە دەمارگیری و عەقڵی خۆسەپێنی و دەست تێوەردانی دەرەکی،کەرکووک بۆ کەرکووکیەکان و خەڵکەکەی ببێت بە مایەی خۆشنوودی و نموونە شاری جوان و پەرەسەندوو.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 626‌
3/27/2024 8:35:49 PM
زیاتر...