وتار

لەوەتەی هەیە ...سلێمانی هەڕەشەی لێدەکرێت

سه‌مه‌د زه‌نگه‌نه‌

من بابایەکی گەرمیانیم بەڵام ( مەربوتە حەیاتم بە سلێمانی و خاکی ) ، هەرکە بیستم سەرۆکی کوردان و مەرجەعی ڕیفراندۆم و عاشقی دەوڵەتی کوردی بەڕێز مەسعود بارزانی بە یەکێتی و سلێمانی دەڵێت : ( کارێکتان پێ دەکەم تەوەقوع نەکرێت ) ، زۆربەمان تەوەقوعی ئەوەمان دەکرد شتێک ڕوبدات ، کارەساتێک بقەومێ ، چونکە لە مێژ نیە دوای هەڕەشەیەک سەری هەولێری مەزن کەوتە ژێر چەکمەی سەربازانی بیابان ، من لەو ڕۆژەوە چاو بە ئاسمانی سلێمانیدا دەگێڕم فڕۆکەی ئێف 16 تورکی بێت و ئەزمڕو گۆیژە و دەباشان و سەرقەبران بۆردومان بکات ، لە هەواڵەکانیشدا بڵێن : چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو ئاسمانی سلێمانیان بەزاند .

جەنابی سەرۆک لەوەتەی سلێمانی هەیە هەڕەشەی بەزاندنی ئاسمانەکەی دەکرێت ، بەڵام نازانن ئەو ئاسمانە فریشتەی ڕوحی خانەقاو کۆترەکانی مزگەوتی گەورەو شەهیدەکانی سەیوان دەیپارێزێت بیریانچوە ئەسحابەیەکی سوپای دڵڕەقی خەلیفەی موسوڵمانان گوتی : ئەو بەهەشتەی خوداکەمان باسی دەکات لەم خاکەدایە .

جەنابی سەرۆک ، ئەمشارە لەوەتەی هەیە ڕامناکرێت ، هیچ ڕاوچیەک دەستەمۆی نەکردوە ، ئەمشارە دڵگەورەیە لەوەتەی هەیە خەڵوەتی پیران و داڵدەدەری لێقەوماوان و پەناگەی پەنابەران و لێقەوماوان بوە ، ئەوەتانێ کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواو باکور ، شیوعیە سەرسەختەکان و ئیسلامیە توندڕەوەکانیش پێکەوە لەسەر سفرەی سلێمانی کۆبونەتەوە ،لەم شارەدا هەست ناکرێت کێ خاوەنماڵ و خانەخوێ و کێش میوانە ، بە ساڵاچوانی ئەمشارە لە جیاتی تەسبیحاتی ترسی مردن خۆشترین نوکتەی پڕ لە هیوات بۆ دەکەن ، کوڕان و کچانی خێر لە خۆنەدیوی سلێمانی بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانی نەوتی ئازادو ڕیفراندۆمی دەوڵەتی کوردیەوە ، سەدانیان لە ئاودا خنکان ، هەزارانیان بێ ئەوەی یەخچاڵی گیرفانیان دینارێک گەرمی کاتەوە ، جوانترین کوڕان وکچانی دونیان و هەمیشە بزەی هیوایەک بە حەشاماتی سەهۆڵەکە دەبەخشن .

جەنابی سەرۆک ئێمە دەزانین گەر بلوایە لە مێژ بوو خاکی ئەمشارە دەکرا بە سوتماکی دوای گرکانێک ، بەڵام دەرونی خەڵکی ئەمشارە خۆی بورکانی دژە داگیرکەرانە ، لەوەتەی هەیە هەڵدەچێت و کپ نابێتەوە ، لە عێراقی سەردەمی شێخی نەمرەوە ڕوبەڕوی بەریتانیای عوزما هەڵچوو ، زەعیم سدیق و سەدامیش حەلوەلای نائارامی و هەڵچونی ئەم شارە بون ، ئێستە چۆن بەرامبەر زۆڵمی کوردان و تورک و عەجەمان دەستەوەستان ڕادەوەستێ ؟ ئەمشارە لە سەردەمی نالی و سالمەوە لە زۆڵم و داگیرکاری تورکان نەترساوە ، شێخ ڕەزا گەرمیانیەکی وەکو منی خاوەنماڵی ئەمشارە بوو ، دیوتە دەڵێت ( نە سوخرەکێشی عەجەم .... )نیە سلێمانی .

جەنابی سەرۆک وەک چۆن دهۆک و بادینان و بەرزان ، هەولێرو ..... هەتا دوایی شاری تۆو خانەخوێی تۆن ، سلێمانیش بکە بە مەنزڵێکی تری حەسانەوەت ، سەرێک لە سلێمانی بدە با ئەم خەڵکە دڵگەورەیە ، لە تۆو هەموو ئەوانە خۆشبێت کە غەدریان لێکردوە ، برسیان کردوە ، هەڕەشەی سڕینەوەی لێدەکەن ، دڵنیابە سلێمانی قیبلەی کوردایەتیەو کەعبەی پاڕانەوەی لێبوردنە ..
ژمارەی خوێنەر   ‌ 607‌
6/19/2020 7:42:29 PM
زیاتر...