وتار

لە خەباتی نوێبونەوەی یەکێتی، ڕوناکبیرو ڕوناکبیریی سیاسی

سه‌مه‌د زه‌نگه‌نه‌

پێویستە داڕێژەرانی سیاسەتی نوێی یەکێتی ئەو ڕاستیە بە هەند وەربگرن کە ڕوناکبیریی سیاسی گرنگترین هەنگاوەکانی هەستانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە ، چونکە هەرچەندە سیاسەت لە خودی خۆیدا چالاکیە بەڵام لە سەرەتاو کۆتاییەکەیدا وەکو جۆرێک لە جۆرەکانی ڕوناکبیریی لە قەڵەم دەدرێت .

کاتێک باس لە ڕوناکبیر و پارتێکی سیاسی دەکەین پێویستە چۆنیەتی و ئیشکالیەتی نێوان ئەو دوو چەمکە فەرامۆش نەکەین ، کە لە چوارچێوەی دەستێوەردانی دوو جۆر ، یان دوو بوار لە بوارەکانی ڕوناکبیری خۆی دەبینێتەوە ، ڕوناکبیرو حزب بە چەندین پردی پەیوەندی بەیەکەوە بەستراونەتەوە ، سەرەتا هەردوک وەکو زەرورەتێکی کۆمەڵایەتی دێنە ئاراوەو پاشان سروشتی نێوانیان و کارلێکی بەردەوامیان دەبێتە پەیوەندیەکی تەواوکاری و خزمەت بەو پارتە سیاسیە دەکات . ئەگەر سیاسەتمەداریش بە بێ ڕوناکبیر هەنگاوی نا دابڕاوی سەردەم و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی کۆمەڵگەکەیەتی ، خۆ ئەگەر ڕوناکبیریش دابڕا لە سیاسەت ، ئەوا دەبێتە ڕۆماننوسێکی تۆباوی و دابڕاوی واقیعی کۆمەڵگەکەی .

سیاسەتمەدار سنورێکی دیاریکراوی ئایدۆلۆژی هەیەو لە بارودۆخی کۆمەڵگەیەکی تایبەتدا کاردەکات و هەڵسوکەوتەکانیشی بەو سات و ڕۆژگارو پێویستیانەوە گرێدراوە کە تێیدا دەژی ، عەقڵیەتی سیاسەتمەدار بیەوێت یان نەیەوێت بە لۆژیکێکی پراگماتیکیەوە پابەندو پەیوەستەو ئامانجیشی وەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکی دیاریکراوە ، جا ئەگەر ئەو بەرژەوەندیە تایبەتی یان گشتی بێت .

ڕوناکبیر ، لە بناغەدا لە پێوەندو ئیلتیزاماتی ڕەهەندە ئایدۆلۆژیەکان یاخیە و هەموو ئەو فشارانەش ڕەتدەکاتەوە کە واقیع وەکو هەژمونێک بەسەریدا دەسەپێنێت ، ڕوناکبیری ڕاستەقینە بیرو هزرو ئەندێشەکانیشی ڕوو لە دواڕۆژێکی کراوەو پرشنگدارە ، هەڵسوکەوتیشی هەمیشە لە بوارێکی کراوەدایە ، هەموو دەمارگیریی و توندڕەی و پەڕگیریەک ڕەتدەکاتەوە ، ئەو لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ڕوناکبیریەکی زیندوەوە بەردەوام ڕابردوو بە ئێستاو دواڕۆژەوە گرێدەدات .

ڕاستە ڕوانین و دونیابینی سیاسەتمەدارو ڕوناکبیر بۆ چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ژیانی گشتی کۆمەڵگەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان جیاوازیان هەیە ، ئەمە بەو واتایە نیە کە نابێت ڕوناکبیر لە پارتێکی سیاسیدا کار بکات ، بەڵکو ڕۆڵ و کاریگەری ئەو ڕوناکبیرە چیەو چۆن دەبێت لەو پارتەدا کار بکات .

لێرەدا پێویستە جیاوازیەک بکەین لە نێوان یەکێتی وەکو حزبێکی ئازادیخواز و ڕەخسێنەری ئازادی بۆ ڕوناکبیران ، لەگەڵ حزبەکانی تر ( بە بێ ناوهێنان ) .
خاڵێکی لاوازی یەکێتی ، ئەوەندە باوەڕی بە ئازادی ڕادەربڕین هەبوە زۆر جار دەچوە چوارچێوەی فەوزای بێسەروبەریی ئازادیەوە ، بە واتایەکی دی ڕوناکبیرانی نێو خودی حزبەکەش هیچ دیسپلینێکی حزبایەتیان تێدا نەمابوو ، هەریەکەو لە ئاوازێک دەیخوێند ، ڕەنگە ئەوەش پەیوەندی بە ستراکچەری یەکێتیەوە هەبێت ، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە فرە ڕەهەندو ئایدۆلۆژیاو مینبەر بوە . ( کە بە ڕای تایبەتی خۆم ئەوە گەورەترین هەڵەی مێژویی یەکێتی بوەو لە بابەتێکی سەربەخۆدا لێی دەدوێین ) . یەکێتی بەراورد لەگەڵ خزبەکانی تر بە تایبەتی حزبە شمولی و ئایدۆلۆژیا تەمومژایەکان . ئەوانەی تر هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ خزاندن و ڕاکێشانی ڕوناکبیر بۆ نێو چوارچێوەی دامەزراوەکانیان . بە شێوەیەک لەگەڵ سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و هەڵخەڵەتاندنی ئەندام و جەماوەری خۆیان و کۆمەڵانی خەڵکیش یەکبگرێتەوە .

بەڵام ئەگەر ڕوناکبیر ڕەتیکردەوە بچێتە ژێر باری شێوازەکانی هەژمونی دەسەڵاتی ئەو حزبەوە ، ئەو کاتە دامەزراوە سەرکوتکەرەکان و ڕوناکبیرە هەلپەرستەکانی ئەو حزبە لە ئامادەباشیدان بە شێوازەکانی شەرعی و ناشەرعی ، یاسایی و نا یاسایی جەستەو عەقڵ و ئەخلاقی ڕوناکبیرەکە لەکەدار و تەسفیە بکەن .

هیچ حزبێک ئەوەندەی یەکێتی ڕوناکبیری تێدا نەبوەو نیە ، ئەدی بۆچی سەرکردە ڕوناکبیرەکانی لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕیون ؟ کۆمەڵێک هۆکار هەیە خراپترینیان پەتای کوشندەی تەکەتولە ، تەکەتول ڕوناکبیرو ڕوناکبیریشیان کەرت و بەش کردبوو ، هەچ تەکەتولێک جۆرو شێوازێک لە ڕوناکبیری بەرهەم دەهێنا .

لە سەردەمی تەکەتولدا چی جۆرە ڕوناکبیرێک بازاڕی سیاسی و دەسکەوتی ماددی گەرموگوڕ بوو ؟
ئەو ڕوناکبیرانەش کامانە بون کە لەبەر نەچونە ژێر باری تەکەتول ڕۆڵیان تەواو ببوو کارکەنارو پەراوێز خرابوون ؟
1_ هەندێک ڕوناکبیر بەردەوام لە ڕوپەڕی ڕۆژنامەی حزبی و شاشەی تیڤیەکانەوە دەردەکەوتن ، بەهانەیان بۆ تەکەتولەکەیان دەهێنایەوەو هۆکاری دابڕانی یەکێتیان لە جەماوەرەکەی دەخستە ئەستۆی تەکەتولەکانی تر ، ئەو ڕوناکبیرانە هەڵوێستە نەخوازراوەکانیان دەڕازاندەوە بە سەروەریەکانی ڕابردودا هەڵیاندەداو ئەمڕۆیان فەرامۆش دەکرد ، تەکەتولی بەرامبەریش پەنایان دەبردە بەر تیڤیەکانی نەیارانی یەکێتی بۆ وەڵامدانەوەی تەکەتولی ئەمبەر ، بە بۆچونی من ئەو ڕوناکبیرانە کۆیلەو ملکەچی سەرکردەکانی تەکەتول بوون .

2_ کۆمەڵێکی تر لە ڕوناکبیران بەردەوام لە نوسین و گوتارو هەوڵەکانیاندا پردی نێوان بەیەکگەیشتنی تەکەتولەکان لە لایەک و یەکێتی و جەماوەرەکەی لە لایەکی ترەوە بوون ، ئەو ڕوناکبیرانەی دەیانویست دەلاقەی ئاسمان و ڕێسمانی نێوان بەرپرسەکان و کادیرانی بەشخوراوی خوارەوە کەمبکەنەوە ، ئەوانە بە حەق ڕوناکبیرێکی ڕاستەقینەی چاکساز بوون .

مەخابن هەندێک لە ڕوناکبیرانی یەکێتی ببون بە گوتاربێژەکانی سوڵتان و ڕاستەوخۆو بێ ئیرادە ئاراستە دەکران .
پێویستە سەرۆکی یەکێتی بە وریاییەوە مامەڵەو هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕوناکبیریی بە گشتی و ڕوناکبیران بە تایبەتی بکات ، چونکە ئەگەر ڕوناکبیر گەندەڵ بوو سەرجەم بوارەکانی تری کاری حزب گەندەڵ دەبن ، تەنها ڕوناکبیرانی حزب دەتوانن بەهاو واتا جوانەکان زیندوو بکەنەوە ، بە پێچەوانەشەوە ڕوناکبیریش دەتوانێت هیچ بەهاو نرخێک بۆ شتە جوان و پیرۆزەکان نەهێڵێت .

ڕوناکبیری هەلپەرست دەتوانێت یاری بە وشەو سۆزی خەڵک بکات ، ڕوناکبیری ڕاستەقینەش پەیامێکی پێیە ڕوەو هەڵکردن و پێکەوەکارکردن و چاکسازی و هەستانەوەو نوێبونەوەی یەکێتی .
پێویستە سەرۆکی یەکێتی ئەو ڕاستیە بە هەند وەربگرێت کە هەموو پارتێکی سیاسی بە گوێرەی ڕێژەی بونی سەرکردەی ڕوناکبیر و هۆشیار دەتوانێت لە ئاراستەو ئامانجە گشتی و مرۆڤایەتیەکەی کۆمەڵگە (مادی و دەرونی ) هەنگاو بنێ ، چەندێ هەنگاو و ئاراستەو هەڵسوکەوتی سەرکردەکانی ڕوناکبیرانە بوون ، ئەوەندە پشتیوانی کۆمەڵگەکەی وەدەست دەهێنێت و گۆڕەپانە جەماوەرییەکەی فراوانتر دەبێت .

ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە فەرامۆش نەکات کە گرنگترین کاری پارتێکی سیاسی گەشەپێدانی ڕوناکبیریی سیاسیە ، چونکە ڕوناکبیریی سیاسی بریتیە لە کۆمەڵێک ئاراستەی فیکری و هەست و بۆچون و بیروڕا کە شێوە سیستمێک ، یان واتایەک دەبەخشێت کە بە دیسپلین ناودەبرێت ، هەر ئەو دیسپلینەش جڵەوی هەڵسوکەوت و هەنگاو و کارەکانی ئەندامانی ئەو حزبە سیاسیە دەکات . بەڵام یەکێتی بەر لەکۆنگرەی چوارەم ، گەشەپێدانی ڕوناکبیریی سیاسی پشتگوێخستبوو ، ڕاستە یەکێتی چەندین مەکتەب و پەیمانگاو بۆردو........ هتد هەبوو ، بەڵام سەرجەمیان کاری تەقلیدی ڕوناکبیریان ئەنجام دەدا.

پێویستە سەرۆکی یەکێتی ئاگاداری ئەوە بێت کە ڕوناکبیریی سیاسی هاوشان لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵگە لە گۆڕانکاریدایە ( ئابوری ، سیاسی . کۆمەڵایەتی ،مێژویی و ......) ، ئەو ڕاستیەی لە لۆژیکە تەقلیدیە سلبیەکەی یەکێتیدا هەیە تێی پەڕێنێت ، بە واتایەکی دی : یەکێتیەکان ئەو مێژوە نەفرۆشنەوە کە ئەوان شۆڕشیانکردوەو ئەم بارودۆخەیان هێناوەتە ئاراوە ، دەبێ یەکێتی ئەو ڕابردوەی وەکو مێژویەکی پڕ سەروەری بهێڵێتەوە ، بەڵام ئەو حەقیقەتە بزانێت لە کۆمەڵگەی ئێستاو دونیای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا و نەوەیەکی بێخەبەر لە مێژوو کاڵبۆتەوەو کاری لەسەر ناکرێت .

ڕوناکبیریی شاخ و کۆمەڵگەی تەقلیدی جیاوزیەکی جەوهەری و بنەڕەتی هەیە لەگەڵ شارو گەشەی شاردا ، ڕوناکبیریی ئەمڕۆی شار لەسەر بنەمای کرانەوەو عەقڵانیەت گەشە دەکات ، هەتا ئێستەش یەکێتی نەیتوانیوە ، یاخود سەرکەوتوو نەبوە لە دۆزینەوەی ئالیەتی ئەوگونجاندن و هاوسەنگیەدا ، مەبەستم لە نێوان تێپەڕاندنی ڕوناکبیریی شاخ و نەریتپەرستی و موحافیزکاری و مەیل و وەفاو سۆز بۆ ڕابردوو ، لەگەڵ ڕوناکبیریی کراوەی عەقڵانی .

ئەگەر ئەم سەرکردایەتیە نوێیەی یەکێتی ، بە تایبەتی سەرۆکەکەی توانیان خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەو دوو جۆرە ڕوناکبیرییە بدۆزنەوە ، ئەو کاتە کۆمەڵگەی کوردەواری ڕوەو یەکێتی پەلکێش دەکەن ، لەوێشەوە ڕای گشتی ڕوەو پرۆژە سیاسیە ئامانجدارەکەی یەکێتی هەنگاو دەنێ ....
ژمارەی خوێنەر   ‌ 117‌
4/27/2020 10:27:11 AM
زیاتر...
هونەر تۆفیق
سه‌مه‌د زه‌نگه‌نه‌
عەبدوڵای مەلا نوری
کاروان گەزنەیی