وتار

چاکسازییان پێدەکرێت؟

محەمەد سەڵاح

بە کوردی و کورتی دەمەوێت بڵێم کە چاکسازی بریتییە لەم چەند خاڵانەی خوارەوە و ئەوەندە پێویست بەو چەن و چونەی ناکات و سەری خۆمانی پێوە بهێشێنین:

۱- سەرەتا دەبێت بزانین کە هەموو حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان با بڵێین جیهانی سێیەم، لە سەر سیستەمێکی گەندەڵی دارایی و ئیداری دامەزرێنراون و بێگومان ئەو سیستەمەش بە لێزانانە بنیاتنراوە و هەموو ئەو دروشمانەش کە ڕۆژانە دەهۆنرێنەوە وەک; دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادی بیروڕا، هەموویان دیکۆرن و فلسێکی سوتایی نایەنن لەم مەملەکەتەدا.

۲- پڕۆژەی چاکسازی حکومەتی کوردستان کە چەندین ساڵە دەیهێنن و دەیبەن جگە لە نمایشێکی سیاسی کۆمیدی هیچی دیکە نییە، کە ماوەیەکی دوور و درێژە، بەرهەمی ئەو چاکسازییەمان هەر نەبینی!

۳- ئەو پڕۆژەیەی کە ناویانناوە چاکسازی و بە ووتەی خۆیان ئامانجیان لێی نەهێشتنی گەندەڵییە، خزمەتی بە هیچ کەسێک نەکردووە جگە لە چەند لایەنێک بۆ موزایەدەکردن و هەڵخەڵەتاندنی عەموامی خەڵک. چ ئەوانەی کە بەشداری حکومەتیان کردووە و چ ئەوانەیشی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، هیچ کاتێک یەک دەنگی لە نێویاندا دروست نەبووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەر وەک بڵێی هێزێکی نادیار هەبێت و ڕێگر بێت لە ئەنجامدانی چاکسازی، و ڕێگر بێت لە لابردنی ئەو هەموو بن دیوار و سەر دیوارانە.

٤- هەر جارەو یەکێکیان دێن و بازاڕی خۆیان گەرم دەکەین بە ووتنەوەی '' بەڵێ بۆ چاکسازی'' و ماندووش نەبوون لە موزایەدەکردن بە سەر یەکتر، کتومت وەکو یاریزانانی یاری شەبەکە (تایرە) وان، یەکێکیان بەرز دەکاتەوە و یەکێکی تریش کەبسەی لێدەدات، هەر لایەنێک چاکسازی بە دەمی دابێت، ئەوا لایەنێکی تر گەرمتر دەکەوێتە باسی٠

۵- پێویستە دەستخۆشی لە هەر کەسێک بکەین کە چاکسازی ئەنجامدەدات و ئەو کەسانە خەڵات بکەین کە هۆگری چاکسازین و ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە دڵخۆشی خۆمان دەرببڕین و خەون بە ئایندەیەکی گەش ببینین. بەڵام وەک ئادەمیزاد پێویستە ئەم پرسیارەش لە خۆمان بکەین، سەرچاوەی ئەم گەندەڵی و قەیرانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ کێ بوون بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو نەهامەتییانە؟ ئەوەندەی سەر دەربکەم لە مێژووی مرۆڤایەتی، تاوەکو ئێستا چاکسازی بە کەسانی گەندەڵ ئەنجام نەدراوە و تەنانەت هەوڵیشیان بۆی نەداوە کە بێتە ئەرزی واقع. ئەوانەی کە دەڵێن چاکسازی دەکەین و گەندەڵی لە ناو دەبەین، ئایا ئەوان خۆیان تامی قەیرانی دارایی و بێ ئاوی و کارەبا و ...هتدیان چەشتووە؟ ئەو کەسانەی کە باسی چاکسازی ئیداری دەکەن، خۆیان توشی هەڵوێستێکی ئیداری بونەتەوە و بە ڕۆژ و بە مانگ و هەندێک جار بە ساڵیش بە دوای کارێکی ئیداری هاتوچۆی ئەم فەرمانگە و ئەم فەرمانگەیان کردبێت؟ ئەوانەی باسی ناخۆشی ژیانی هاوڵاتیان دەکەن، خۆیان ناخۆشی ژیانیان بینیوە؟ منداڵانەکانیان بەبێ شیر، خواردن، جلوبەرگ، پێڵاو و کەلوپەلی قوتابخانە ماونەتەوە؟ ئەرێ هەر بە جدی دەبێت منداڵەکانیان بزانن کە جۆزەی کارەبا و ماسیحە پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیان بەیەکەوە هەیە؟ ئەرێ تۆ نەخۆش بیت و من لەش ساغبم، دەتوانم هەست بە ئازارت بکەم؟ وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوە پێموانییە زۆر قورس بن و پێویستییان بە ئەندێشە بێت! ئەگەر چاکسازی لە کوردستان ئەنجامبدرێت، گومانی تێدا نییە ناوی کوردستان لە کتێبی گینس تۆمار دەکرێت و لە ڕیفراندۆمەکە زیاتر ناوی دەڕوات بە تەواوی جیهاندا!

٦- یەکێک دەڵێت ئەمە کەرەوزە و ئەوەی تر دەڵێت نا مەعدەنوسە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حکومەتەکان وەک خەڵکی وڵاتی (چین) وان! لە شکڵ و شێوە، نەک شێوازی ژیان و پێشکەوتنیان، حکومداری لەم مەملەکەتەدا یەک مۆدێلە و هەموویان بە یەک دەچن! دەگوترێت کە حکومەتی ئەبەدی لەسەر قەیران و گەندەڵی و گەندەڵکاری ئاوەدان دەکرێتەوە و کورسی دەسەڵاتیان بەخۆیان بزمار لە خۆیان قەیم دەکەن و ئەم کورسییە بەس بۆ خۆیانە، لەو باوەڕەدان کە ئەوان دەستنیشانکراون و هەڵبژێردراون، هیچ کەسی تر نازانێت و ناتوانێت وەک ئەوان حکومداری بکات و وڵات ئاوەدان بکاتەوە.  نابێت هەڵبخەڵەتێنرێین لە مەڕ ئەم پرسەدا و خۆش باوەڕ بین کە هەمیشە دەوترێتە و  موزایەدەی پێدەکرێت و خەڵکی پێ چەواشە دەکرێت، با هەر بڵێن ئەمە تەنها شانۆیەکی کۆمیدییە و پێویست بەوە ناکات چیتر خۆیان ماندووبکەن و بەدوای ئەوە بگەڕێن ناوێکیتری بۆ بدۆزنەوە.

۷- پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین و بابەتەکە بە هەند وەرنەگرین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە کوردستانی خۆمانیشەوە، چاکسازی و ڕیفۆڕم و گۆڕین و گۆڕان بە دەرکردنی بەیاننامە و داخوازینامە و قسەی باقوبریق ئەنجامنادرێت. هەر لەبەر ئەمەیە کە کۆمەڵە کەسانێک نا ئومێدبوون و دروشمی ڕووخاندنی دەوڵەتیان بەرزکردۆتەوە و تەڕ و ووشک پێکەوە بسوتێنن و ڕەش و سپی لە یەک جیا نەکەنەوە.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 332‌
6/5/2020 12:37:34 PM
زیاتر...