سهوسهن قادر
لە دوو رۆژی رابردوو جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وێنەیەكی خۆی بڵاوكردەوە و تیایدا نووسی پیاوبە توندو تیژی بەرامبەر ژنان رابگرە، ئیدی خەڵك وەك هەنگی لەداردا دۆزیبێتەوە، كەوتنە تانەو تەشەری بێمانا و دیسانەوە شكاندنی كەسایەتی بە قسەی نابەجێ.
كورد میللەتێكی نەگبەتە، ئەگەر نەگبەت نەبێت دەیان رەخنە هەیە لە خودی قوباد و حكومەتەكەی بگیرێت دەربارەی بارودۆخی ژن ە کوردستان. بە هەمان شێوە دەیان رەخنە هەیە ئاڕاستەی سلێمانی و هەولێر بكرێت، لەبری ئەوەی بێن دەست بخەنە سەر برینەكان و ساڕێژ بكرێت، داوای دامەزراندن لەرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دەكرێت، رەنگە ئێمە بەوە رانەهاتبین كوڕی كاریزمایەكی سیاسیی گەورە وا وابەستەی خەڵك بێت و پۆستی لەو شێوەیە بكات، یا بەو شێوازە رانەهاتووین جێگری سەرۆكی حكومەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەڵامی هاوڵاتیان بداتەوە و قسەیان لەگەڵ بكات، نا ئێمە بەوە راهاتووین تەنها لەشاشەی تیڤی و ئۆتۆمبێلی جام رەشەوە ئەمانە ببینین.
پۆستەكەی قوباد دەرخەری ئەو راستییەیە كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی پڕاو پڕ و لێوان لێوە لەپیاو سالاری، پڕە لەتوند و تیژی، ئەوەی خۆی بەدور بگرێت، ئەوەی دەمی پیس بێت خۆشەویستە، ئەگەر نا بۆ دەبێت ئێمە لەم سۆنگەیەوە بڕوانینە ئەو پۆستەی كوڕی گچكەی تاڵەبانی.
لە کوردستان ژن دەكوژرێن، ئەتك و دەستدرێژی سێكسی بەزۆر دەكرێتە سەریان، لەبری ئەوە بێین قسە لەسەر ئەوە بكەین و رەخنە لە سەرۆك و جێگری حكوومەت بگرین کە دەزگای ئەمنییەکانیان وەک پێویست نەهاتوونەتە سەر خەت، وەهایان لێبكەین ئەم كێشانە بنەبڕ بكرێت، لەهەموو پۆستێكدا داوای دامەزراندن و ئاو و كارەبا و رێگەوبان دەكەین، ئەی بۆ لەو هەموو قسەیەی لەسەر پۆستەكەی قوباد تاڵەبانی كرا، یەكێك نەهات بڵێت ئەی بۆ حكومەت نایەت توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان رابگرێت، یا ئێمە لە ئەزەلەوە راهاتووین پیاو سالاری بەرامبەر بەژن بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە و سەر و بنی قسەی زمانمان جنێو بێت و دەستدرێژی كردنە سەر ژنان بە شتێكی زۆر ئاسایی وەربگرین.
لەكۆتاییدا پۆستەكەی قوباد تاڵەبانی ئەو راستییەی ئاشكرا كرد، میللەتی كورد ئەوەندەی خەمی خۆیەتی و كار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەكات، بیر لە رەخنەی بەجێ و بنیادكەر ناكاتەوە... ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو كۆمەڵگایەكی پیاوسالاری..