وتار

”ڕەخنە لە کورد“ یان ”نەفرەت لە کورد“

مەریوان وریا قانع

مێژووی سەدەی بیستەم لە ھێڵە سەرەکییەکانیدا بۆ کورد، ھێڵی گۆڕانی کوردە بۆ ”کەمینەیەکی ئەتنی“ لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دەوڵەتی دەسەڵاتگەردا،authoritarian states . لە سەدەکانی بەر لە سەدەی بیستەمدا کورد ”کەمینە“ نەبووە، چونکە کەمینەبوون لەو قۆناغەدا لەسەر بنەمای ئاین دەستنشانکراوە. بە حوکمی ئەوەی کورد موسڵمانبووە و ھەڵگری ھەمان شوناسی دینیی بووە کە ئیمپراتۆریەتە دینییەکان ھەڵگیربوون، بۆیە سەر بەو زۆرینە دینییە بووە کە لە ڕووی سیاسییشەوە باڵادەست بووە. لە سەدەی بیستەمدا و لەگەڵ ھاتنی سیستمی ”دەوڵەتی نەتەوەدا“ شوناسی ئەتنیی و نەتەوەیی دەبێت شوناسی باڵادەست، لە ناو ئەم سیستمە تازەیەدا پێگەی کورد دەگۆڕێت بۆ ”کەمینەیەکی ئەتنی“ لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کە دروستدەکرێن.

لەم چوارچێوە سیاسییە تازەیەدا کوردبوون لە فۆرمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییە سەرەکییەکانیدا، دەبێتە بابەتی ھێرشکردنە سەر و سنوور بۆ دانان و پەراوێزخستن، تا بە ھەوڵی تواندنەوە و سڕینەوە و لەناوبردن دەگات. ئەم دۆخە بە پلە و ڕێژە و فۆرمی جیاواز لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا لەئارادابووە. مێژووی ئەم بە کەمینەبوونە لەناو ئەو دەوڵەتانەدا مێژووی بێمافکردن و چەوساندنەوەیەکی ئاڵۆز و فرەجۆرە. لە زۆرکاتدا کوردبوون وەک چۆن شوێنی گاڵتەپێکردن و بەکەمزانین و بێنرخکردن و بێمافکردن بووە. ھاوکات وەک ”ھەڕەشەیەکی ئەمنی“ی گەورە سەیری کراوە و داواکاریی و خواست و پەیوەندییەکانی لە سێبەری ئەو ھەڕەشەیەدا مامەڵەکراوە. ئەمەش ئەو پرۆسەیەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناوی ”بە ئەمنیکردن“، Securitization، لێنراوە.

بەرامبەر بەم دۆخە فۆرمی جیاوازیی بەرگریکردنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و شێوازی جیاوازیی قبووڵنەکردنی ئەو دۆخی ” بە کەمینەبوون“ە لە ئارادابووە. ئەنجامی ھەرە سەرەکیی ئەم بەرگریکردن و تەسلیمنەبوونە، سەرەڕای ئەو مێژووە توندوتیژ و پڕ خوێن و کوشتنە، مانەوەی ئەو شوناسە ”ئەتنیی“یە تا ئەمڕۆ و نەتوانەوە و لەناونەچوون و زیندووبوونیەتی. بەڵام ئەزموونی سیاسیی ئەم بەرگریکردنە ئەزموونێکی تایبەتە، دۆخێکە پڕبووە لە کێشەی ناوەکیی و لە فۆرمی ناشیرینی پەیوەندیی سیاسیی و لە کەسایەتی خراپ و لە سیاسەتمەداری بێدەربەست و لە خێزان و بنەماڵەی تایبەت کە سیاسەتکردن بۆ ئەوان ئامرازی مانەوەی خۆیان و نەوەکانیان بووە وەک خێزان و بنەماڵەی دەسەاتدار. لە قۆناغێکیشدا ئەم خێزانانە گۆڕاون بۆ کارخانەیەکی گەورەی بەرھەمھێانی تاوان و گەندەڵیی و بازرگانیکردن. لەسەرێکی دیکەوە ئەم پرۆسەی بەرگریکردنە پرۆسەیەکی تەواو خوێناویی بووە و بەناو مەرگی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستاندا تێپەڕیوە، کە زۆربەیان بە ئیمان و باوڕی بەرگریکردن لە خود و لەو شوناسەوە کوژراون کە بە شوناسی سەرەکیی خۆیانیان زانیوە.

ئەزموونی کورد لەناو ئەم چوارچێوە مێژووییەدا ئەزموونی تراوما و شڵەژانێکی دەرونیی و ڕۆحیی دەستەجەمعیی بووە. ھێرشکردنە سەر بنەما مادیی و فەرھەنگیی و نەفسییەکانی کوردبوون بەشێکە لە مێژووی پەیوەندیی کورد وەک کەمینەیەک بەو دەوڵەتانەوە کە تیایاندا ژیاوە. کوشتن و بڕین، ڕاگواستن و ڕوخاندن، گرتن و دەربەرکردن، ھەژارخستن و سنووردارکردن، تا بە تواندنەوە و پلانی لەناوبردن دەگات، بەشێکی دانەبڕاوی ئەو مێژوەیە.
بێگومان ئەم مێژوە شوخت و درزی سایکۆلۆژیی گەورەی لە بونیادی سایکۆلۆژیی بەشێکی گەورەی کەسانی سەر بەم میلەتەدا بەجێھێشتوە. بەدرێژایی ئەو مێژووە و بۆبەرەنگاربوونەوە و خوگونجان لەگەڵ ئەم دۆخەدا، زیاد لە میکانیزمێک بۆ بەرگریکردن لە خود ئامادەبووە. یەکێکیان یاخیبوون بووە بە ڕووی ئەو دۆخەدا و قبووڵنەکردنی فشار و ھێرش و تاوان و سوکایەتییەکانی بووە، ئیتر لە خەباتی سیاسیی چەکدار و مەدەنییەوە بیگرە، بۆ نووسین و مۆسیقا و داھێنان، بە تێپەڕین بەناو بە پاراستنی کەلەپور و زمان و شێوەژیان و نەبوون بە بەعسیی و ساڤاک و میت و، ھتد...

بەڵام ئەمە ھەموو کاردانەوەکانی خوگونجاندن نییە لەگەڵ ئەو دۆخی ”بە کەمینەبوون“ەدا، کاردانەوەیەکی دیکە و ھەبووە و ھەیە، کە بەناو نکوڵیکردن لە کوردبوون و خۆدزینەوە لەو ئەرکە مێژووییانەدا تێدەپەڕێت کە کوردبوون لە فۆرمی کەمینەبووندا دەیخاتە سەر شانی کەسەکان. ئەم نکۆڵیکردنەش فۆرمی جیاوازیی گرتۆتەخۆی کە دەشێت لێرەدا باس لە دوو فۆرمیان بکەین.

یەکەمیان ”تەماھیکردنە لەگەڵ دوژمنەکانی کوردا“دا، واتە وەرگرتن و بەناوکیرکردنی ئەو زمان و گوتار و پراکتیکانەیە کە دەوڵەتە دەسەڵاتگەرەکان لەسەر کورد بەرھەمیان ھێناوە. دووھەمیان، دیسانەوە لە پەیوەندییدا بە خاڵی یەکەمەوە، دروستبوونی ”خودنەفرەت“یە، واتە دروستبوونی دۆخی”ڕقبوونەوەیە لە خود“ خۆی کە ئەمیش دیسانەوە چەندان فۆرمی جیاواز دەگرێتەخۆی. بۆ نموونە شەرمکردن لە خود، ئیدانەکردن و مەحکومکردنی خود، بە ھیچنەزانینی خود، بە کەم تەماشاکردنی خود، ھتد.

خودنەفرەتی“ دیاردەیەکی ناسراوی ناو مێژووی ئەو کەمینانەیە کە ڕووبەڕووی ناحەز و دوژمنی گەورە بوونەتەوە و لە کەوتنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو کەوتی تر ڕۆیشتوون و لەوەدا سەرنەکەوتون بتوانن خۆیان، لانیکە، لە ھەڕەشە بنەڕەتیی و داروینییەکانی لەناوبردن و سڕینەوە، بپارێزن. ئانا فرۆید لە کتێبێکی زۆر بەناوبانگدا بەناوی ”خود و میکانیزمەکانی بەرگریی لەخۆکردن“، کە لە ساڵی ١٩٣٦دا دەینوسێت، باس لە دیاردەی ”تەماھیکردن لەگەڵ ستەمگەر“دا دەکات وەک میکانیزمێک بۆ خۆپاراستن. ئەم خانمە دەرونناسە ئەم تەماھیکردنە وەک میکانیزمی بەرگریکردن لە خود دەبینێت و وەک ھەوڵی خود بۆ مانەوە سەیریدەکات. لە دیدی ئەودا مرۆڤ کاتێک ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسیی دەرەکیی گەورە دەبێتەوە، یەکێک لە میکانیزمەکانی بەرگریکردن لە خود، بریتییە لەوەی تەماھیکردن لەگەڵ ئەو کەس و لایەندا کە سەرچاوەی ھەڕەشە و مەترسییەکەن و ھەوڵدانە لەو کەسە ھێرشبەر و ھەڕەشەکەرە بچیت تا ئاستی ئەوەی تەواو وەک ئەوت لێبێت، یاخود لە ڕووی فیزییایی و جەستەییەوە، یان لە ڕووی ئەخلاقیی و مەعنەوییەوە، لاسایی ئەو بکەیتەوە و ھەوڵبدەیت لەو بچیت. بۆ نموونە، لاسایی زمان و بیرکردنەوەکانی ئەو بکەیتەوە و ئەو ڕوانینەت بۆخۆت دروستبکەیت کە ئەو بۆ تۆی ھەیە و دروستیکردوە. نەفرەتکردن لە خود، خۆتاوانبارکردن و لۆمەکردن لە خود، دەبنە ئەو بنە سایکۆلۆژیی و ڕەمزییەی ئەم پرۆسەی تەماھیکردنە ئارستە دەکەن. خۆ بە ناپاک و خائین و گەمژە، یان خۆ بێنرخ و بەھیچکردن، دەبنە دەرکەوتی ئەم پرۆسە مێژوویی و سیاسیی و دەرەونییە.

لە ھەموو ئەم دۆخانەدا ”ڕەخنەکردنی خود“، کە کردەیەکی مێژووی ھێجگار گرنگە، دەگۆڕێت بۆ ”نەفرەتکردن لە خود“. ئەمەش ڕەخنەگرتن لە ڕەخنەکردن دەخات و دەیگۆڕێت بۆ تۆڕێکی گەورە لە ڕق و نەفرەتکردن لە خود.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 120‌
7/11/2020 9:48:32 AM
زیاتر...