وتار

دیسانەوە دەوڵەت... دیسانەوە ڕۆڵی دەوڵەت

مەریوان وریا قانع

ئەم دۆخە ترسناکەی ئەمڕۆ کە ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤی لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا گرتۆتەوە و بوونیانی خستۆتە ژێر ھەڕەشەی مردنەوە، دۆخێکی جیھانی سەرتاسەریی تایبەتی دروستکردوە.لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا شێوازی بەرەنگاربوونەوە ڤایرۆسەکە لێکدەچن، ھەندێک جیاوازیی لەم یان لەو وڵاتەدا دەبینرێت، بەڵام ھێڵە گشتییەکانی بەگژاچوونەوەکە ھەمان ھێڵن. ئەوەی شوێنی لەسەروەستانە سەرلەنوێ ئامادەگیی دەوڵەتە لەناو سێنتەری دۆخەکەدا و بوونی دەوڵەتە بە بکەری ژمارە یەک و زۆرجاریش تاکە بکەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە. لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەوە زیاد لە تێزێک لەناو فیکری سیاسیی وکۆمەڵایەتیدا پەیدابوون کە باسیان لە کۆتاییھاتنی ڕۆڵی دەوڵەت و لاوازبوون و جێگرتنەوەی بە فۆرمی تری حوکمڕانیی و شێوازت تری ئۆرگان و ڕێکخستن دەکرد، بەڵام ھیچ ساتێک بەقەد ئەم ساتەی ئێستامان لاوازیی ئەو تێز و بۆچوونانە نیشاننادات.

ئەوەی دەبینین ئەوەیە کە دەوڵەت بکەری ژمارە یەکە نەک تاکەکەس، نەک ئەم یان ئەو گروپی کۆمەڵایەتیی، نەک ئەم یان ئەو بەشی کۆمەڵگای مەدەنیی، نەک ئەم یان ئەو ئۆرگانی نادەوڵەتی ناوەکیی و دەرەکیی. بەشی زۆری کۆمەڵگاکان تەواوی بەرپرسیارێتی، یان بەشی ھەرەزۆری ئەو بەرپرسیارێتییەیان، خستۆتە دەستی دەوڵەتەوە. زۆرینەی کۆمەڵایەتیی پێی ئاساییە دەوڵەت لەڕێگای ھێزەوە ڕێنماییەکان بسەپێنێت و بەرپرسیاریەتیی لای تاکەکەس جێنەھێڵدرێت، پەنا بۆ فشار و یاساغکردن ببات، تەنانەت خەڵک بترسێنێت و سزاش بدات. ئەو کۆمەڵگایانەش کە بە کۆمەڵگای ماف و ئازادییەکان ناسراون، بە کۆمەڵگای ڕێز و پاراستنی کەرامەتی ئینسان، بۆ نموونە بەشێک لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان، سڵیان لەوە نەکردۆتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو ماف و ئازادییانە بدەنەوە دەستی دەوڵەت و لێگەڕێن دەوڵەت پێیانبڵێت تا چەند و تا کوێ ئازادبن. لە نێوان دەوڵەت و مافدا دەوڵەتیان ھەڵبژاردوە. لەمەش بترازێت، ڕێک بە پێچەوانەی لۆژیکی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداریی نیولیبرالەوە، دەوڵەت لەم دۆخەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستدەخاتە ناو کایەی ئابورییەوە، پارە و سەرمایەی گەورە دەردەھێنێت و بەلۆژیکی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە خەرجیدەکات، مەسەلەی تەندروستی گشتیی، ئاسایش، جوڵەی دانیشتوان، ئیش و کاری دەزگاکان و ئۆرگانەکان، سیستمی خوێندن، ھاتوچۆ و زۆرشتی تریش، دەستنیشاندەکات. دۆخەکە وادەردەکەوێت کەمجار دەوڵەتی مۆدێرن لە مێژووی خۆیدا بە ڕادەی ئەمڕۆ ئەو ڕۆڵە سێنتراڵیی و سەرەکییەی بینیبێت و کەمجاریش لە مێژوودا ئەو زۆرینە کۆمەڵایەتییەی لەپشت بوووبێت بۆ بینینی ئەو ڕۆڵە. پێناچێت دوای کۆتاییھاتنی قەیرانەکە و ئاساییبوونەوەی ژیانی کۆمەڵگاکان، ئەم ڕۆڵە گەورەیە لە دەوڵەت بسێندرێتەوە. بۆ بەرەنگاربوونی دەرەنجامی قەیرانەکان دیسانەوە دەوڵەت وەک بکەری ژمارە یەک پێویستە.

ئەم لێکدانەوەیە بەسەر حکومەتی ھەرێم و ھاوشێوەکانیدا پیادەنابێت، ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە دەوڵەت و حوکمڕانیی نییە بەو مانایەی من لێرەدا باسیدەکەم، ئەوەی ھەیە تێکەڵێکی ناتەندروستیی دەسەڵاتێکی خێزانیی و حیزبیی و سوڵتانییە، کە نە دەتوانێت لۆژیکی ئیشکردنی دەوڵەتی وەک دەوڵەت ھەبێت و نە دەشتوانێت ئەو بەرپرسیارێتی و ھەڵسوکەوتانەی ھەبێت کە دەوڵەت ھەیەتی.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 236‌
4/5/2020 3:19:26 PM
زیاتر...