وتار

چەن فاکتێکی نەوتراو لەسەر ئاشبەتاڵەکەی بارزانی!

کاروان عەلی شامار
سەرجەم شۆرش و جوڵانەوەکانی گەلی کورد گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان ھەبوەو لێ ھیچ کام لەوانە بارتەقای شۆرشی ئەیلول گەورەو گران نەبوونە، ئەمیش بەھۆی ئەوەی شۆرشەکە گشتگیربوەو خەڵک لە ھەر چوارپارچەی کوردستانەوە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداریان تیا کردوە، وە ئومێدێکی گەورەشیان لەسەر ھەڵچنیبوو لەوەی کەبتوانێ ببێ بە جێگرەوەو تەواوکەری شۆرشەکانی ترو ھەروەھا لەبۆ گەشتن بە داواو مافە رەواکانی گەلەکەمان کە خۆی دەبینیەوە لە دروست بوونی کیانێکی سەربەخۆدا! لێ سەرباری ئەوانە بە بەراورد بە شۆرشەکانی تر ئاسانتر و بێھیچ بەرگری و پەرچەکردارێک کۆتای پێھنرا! گەر خوێندنەوەیەکی مێژوی بۆ شۆرشە یەک بەدوا یەکەکانی کورد بکرێ لێ ھیچیان وەک شۆرشەکەی بارزانی جێی نەنگی و پرسیار نین!
لەم کورتە نوسینەدا ھەوڵدەدەین بە پشت بەستن بە چەن دۆکۆمێنت و کتێبێکی مێژووی بابەتیانە دیوە شاراوەو نەوتراوەکانی شکستی جوڵانەوەکە بۆ خوێنەر ئاشکرابکەین!

(١)
ئاشبەتاڵ چۆن رویدا؟
ئەگەر بە ئیدیومێکی سادە باس لە ئاشبەتاڵ بکەین، پوختەی روداوەکە بەمجۆرەیە، لەرێکەوتی ٦-٣-١٩٧٥، حکومەتی (ئێراق) و (ئێران) لە جەزائیر رێکەوتنێک بە ناوبژیوانی ئەمریکا دەکەن و ئەو رێکەوتنەش بە (رێکەوتنی جەزائیر) دەناسرێ، دوای ئەمەش (محمد رەزا شا) لە رێکەوتی ١١-٣-١٩٧٥، بانگھێشتی مستەفا بارزانی دەکاو رێکەوتنەکەیانی پێرادەگەیەنێت، شای ئێران بارزانی ئاگاداردەکاتەوەو پێی دەڵێ کە لەمەودوا ناتوانن ھاوکاری بارزانی و جوڵانەوەکەی بکەن و ھەربۆیە چەن بژاردەیەک دەخەنە بەردەمی لەوانە:
یەکەم: ئەگەر بەردەوامبن لە شۆرش ئەوا دەبێت سنوری ئێران بەکارنەھێنن و پشت بەخۆیان ببەستن.
دووەم: ئەگەر کۆتای بەجولانەوەکە دێنن ئەوا ئێران مافی نیشتەجێبون دەداتە بارزانی و ئەوانەی لەگەڵی دێن بۆ ئێران.
سێیەم: ئەگەر بخوازن بچن بۆ ولاتی جیھانی سێیەم ئەوا ھاوکاریتان دەکەین.
چوارەم: ئەوانەشی بخوازن لە عیراق بمێننەوە ئەوا حکومەتی عیراق سەلامەتی ژیانیان مسۆگەر دەکات.
دوای ئەوەی بارزانی ئەو ھەواڵەی بیست و ھەڵوێستی ئێرانیشی زانی دەگەرێتەوە کوردستان و دوای راوێژ لەگەڵ بەرپرسانی پارتی زۆرینە لەگەڵ ئەوەدا دەبن کە بەردەوامی بە شۆرش بدرێ و گرنگی نەدرێ بەداواکەی ئێران وەلێ دواجار بارزانی قسەی خۆی بردە سەرو زۆر بەسانای کۆتای بە شۆرشەکە ھێنا!

(٢)
ئیمکانیەتەکانی شۆرش لەو سەردەمەدا بەپێی بەڵگەنامە مێژوییەکان بریتی بوون لە:
ا. لەرووی داراییەوە سندوقی شۆرش (٢٤)ملوێن دیناری ئێراقی تیابوە ئەو کاتیش ھەر دینارێک لە سێ دۆلار زیاتر بوە واتە کۆی پارەکە نزیکەی (٧٥)ملوێن دۆلاری ئەو کاتە بوە.
ب. لەرووی لۆجستی و چەک و تەقەمەنیەوە شۆرش خاوەن ھەمو جۆرە چەک و پێداویستیەک بوە تەنھا فرۆکەی نەبوەو ژمارەی پێشمەرگەی فەرمی نزیک (١٢٠) ھەزار بوە بارتەقای ئەوەش خۆبەخش ھەبوە، کە دەیکردە دوو ھێندەی سوپای ئەو کاتی عیراق.

(٣)
ھاوکارییەکانی وڵاتانی ھاوپەیمان بۆ جوڵانەوەکە
بەپێی گێرانەوەکانی مەسعود بارزانی لە کتێبەکەیدا بەناونیشانی (بارزانی و جوڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان)دا، ئاماژەی بە ھاوکارییەکان کردوە بەمجۆرە:
١. ئێران ھەر لەسەرەتای جولانەوەکەوە لەبواری دارایی و لۆجستیکەوە ھاوکاری جوڵانەوەکەی کردوەو لە ١-١-١٩٧٤ەوە مانگانە (٢٠)ملوێن تومان کە ئەوکات دەیکردە (٦)ملوێن دۆلار، ھاوکاریەکەی لە رێکەوتی ١-٧-١٩٧٤ کردووە بە دوو ھێندە!
٢. روسیا لە کۆتای ساڵی ١٩٦١ەوە ھەتاکو ساڵی ١٩٦٨ ساڵانە بری( ٣٦٠,٠٠٠) سێسەدو شەست ھەزار دۆلار ھاوکاری داوەتە جولانەوەکە، ساڵی ١٩٦٩ ھەتاکو ١٩٧٢ ھاوکارییەکەی کردووە بە(١,٥٠٠,٠٠٠) یەک ملوێن و پێنج سەد ھەزار دۆلار!
٣. ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٦٩ (١)ملوێن مارکی ئەڵمانی ھاوکاری بەشۆرش داوە.
٤. ئەمریکا لەنێوان ١-٣-١٩٧٣ ھەتاکو ١-٥-١٩٧٥ (٦)ملوێن دۆلار پارەی پێشکەش بەشۆرش کردوەو بەبەھای (١٠)ملوێن دۆلار چەک و پێداویستی لۆجستی بۆ دابینکردون.
٥. بەریتانیا بەبری (٢٥٠)ھەزار پاوەنی ئەستەرلین ھاوکاری شۆرشی کردوە.
٦. شای سعودیە لە ساڵی ١٩٧٤ (١)ملوێن دۆلار ھاوکاری شۆرشەکەی کردوە.

(٤)
ملکەچبوونی بارزانی بۆ شای ئێران
شۆرشێک ھیواو ئومێدی ھەزاران ھاولاتی لەسەر شان ھەڵگرتبوو لە ترۆپکی گەشتن بوو بە خەون و ئاواتەکانی چەن ساڵەی گەلەکەماندا، بەداخەوە بە کونفەیەکونێکی بارزانی کۆتایی پێھێنراو تەواوی خوێنی شەھیدان و سەرجەم موقەدارات و سەروەریەکانی رابردوو رادەست بە نەیارانی گەلی کورد کرا، دوابەدوای ئەو روداوەش دۆخێکی ناھەمواری سایکۆلۆجی رووبەرووی ھاولاتیان بویەوە، بەجۆرێک کە متمانەیان بە شۆرشەکان نەماو ھیچ ئومێدێکیش نەما بۆ دروستبونەوەی جوڵانەوەیەکی تری ھاوشێوە کەبەو حەجمە گەورەو پر ئیمکانیەت بێ! ئەو نسکۆیە لێکەوتەکانی ھێندە زۆربوون کە تا ھەنوکە گەلی کورد باجی ھەڵەو کەموکوڕیەکانی دەدا!

(٥)
ئەرگومێنتی بارزانی بۆ شکستی شۆڕشەکە
ئەوەی جێی دەلاقەو تێرامانە سەرباری ھەموو ئەو ئیمکانیەتە مادی و لۆجستیانە مستەفا بارزانی بەبێ ھیچ پرس و گەرانەوە بۆ رای بەرپرسانی حزبەکەی تاک لایەنە بریار دەدات بە کۆتایی ھاتنی شۆرش و جێبەجێکردنی راسپاردەکانی شای ئێران و خۆشی دەرواتە ئێران و لەوێ نیشتەجێ دەبێ و تەنھا ئەرگومێنتی ئەو کاتی بارزانی ئەوە بوە کە شۆرشێکی وەھا گەورە بەبێ پشتیوانی دەرەکی مەحالە لەسەر پێ بوەستێت!

(٦)
خولاصە
پارتی و نەوەکانی بارزانی دەبوو دوای نسکۆی شۆرش عیبرەتی لێوەرگرن و ببێ بەدەرسێک بۆیان لێ بەپێچەوانەوە بووە بە کلتورو بەشێک لە ئەجنداکانیان، گەر بە کورتی تەیەک بە مێژوی لە پێنج دەیەی رابردووی پارتیدا بکەین ھەر لە دروستکردنی قیادە مۆقەتەو ئەنجامدانی کارەساتی ھەکاری و خیانەتی ٣١ی ئاب و ریفراندۆم و پلانگێری دژ بە ناوچە دابرێنراوەکان و نوکەش دانەنانی پارێزگایەکی کورد بۆ شاری کەرکوک ھەموو ئەمانە گەواھی ئەوەن کە مێژوو دەیانجاری تر لەسەر دەستی بارزانی و نەوەکانی دوبارە دەبێتەوەو کوردستانیش بەھۆی پلانگێری و دەست تێکەڵکردنی بارزانی لەگەڵ ولاتانی نەیارو دراوسێدا ھەرگیز ناگا بەسەربەخۆیی و کەناری ئارامی!
ژمارەی خوێنەر   ‌ 427‌
9/17/2019 5:28:43 PM
زیاتر...