وتار

گۆڕان و قەیرانى بەڕێوەبردن

سەردار قادر

پاش دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان و كەم كردنى كورسیەكانى گۆڕان، زۆر بابەت ووترا لەسەر هۆكارەكان بەداخەوە كەم جار باس لەوە كرا كە یەكێك لە هۆكارەكان بوونى قەیرانى بەڕێوەبردنە ؟؟

خانەمان هەیە بەڵام كەمترین بڕیارئەدرێت لە خانەدا یان كەمترین كۆبوونەوە، جڤاتى نیشتیمانى كە باڵاترین ئۆرگانى بڕیاردەرى ناو گۆڕانە لە دوا بڕیاریدا كۆى دەسەڵاتى بەشدارى و ناوى كاندیدەكانى دایەوەدەست رێكخەرى گشتى ؟؟ كە ئەمە خۆى لە خۆیدا قەیرانى بەڕێوەبردنە ؟؟

جڤاتى نیشتیمانى هاتووى بازنەو رایەڵەكانە لەوێشەوە پرۆسەى بڕیار لە خوارەوە بۆ سەرەوە ئەدرێت بەس پێدانى دەسەڵات بە كەسێتى بە رێكخەرى گشتى ئەمە پرۆسەى بڕیار لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئەبێت و ئەو پرانسیپەى گۆڕان پێچەوانە ئەكاتەوە كە ئەمەش ئەبێتە جێى پرسیار ؟؟

جا لە خانە چ باسە ؟؟
رێكخەرى گشتى رێكخەرى هەموانە یان زیاتر كار بۆ تەكەتول ئەكات ؟؟
گرفتى گەورە لە گۆڕاندا كە ئێستا ئەبینرێت، رێكخەرى گشتى ناتوانێت لە كێشەى تەكەتول دووركەوێتەوە، رێكخەرى گشتى لەگەڵ رێكخەرى كۆچكردوو سیفەتى هاورێى كۆمەڵە كە بریتى بوو لە دەست و دەم و داوێن پاكى، كۆیانئەكاتەوە.

لە هەرێمى كوردستاندا كەسێك نیە شایەتى پاكێتى بۆ كاك عومەر نەدات، لەهەمان كاتدا كەسێك نیە كە لە كارى سیاسیدا نزیك بوو بێت، شایەتى ئەوە نەدات كە كاك عومەر ئەندیازیارى تەكەتوولە چ لە زەمەنى باڵى مەكتەبى سیاسى و چ لە سەردەمى كۆمەڵە هەموان تەكەتولى سجنمان بیستووە، دواتریش لە ناو یەكێتى نیشتیمانى دا بەرێزیان هەمیشە سەنتەرى تەكەتول بووە، لەئێستاشدا لە ناو گۆڕاندا هەمان تەكەتول دیارە.

بەڕێزیان ئەوەندەى دونیاى سیاسەت لە گۆشەنیگاى تەكەتوولەوە ئەبینێت ئەوەندە سیاسەتكردنى بە گشتگیر نیە، بەڕێزیان ناتوانێت بە هەنگاوى چوون یەك لە هەموانەوە نزیك بێت هەمیشە خودى خۆى سەنتەرى تەكەتول بووە و ئەمێنێت.

گەر خەمخۆرى گۆڕانین پێویستە كە رێكخەرى گشتى رێكخەرى هەموان بێت نەك تەنیا گۆڕان لە تەكەتولى خۆیەوە ببینێت، گەر خەمخۆرى گۆڕانین بە رازى و ناڕازیەوە بە گۆڕانى گردەكەو گۆڕانى خوار گردەكە، هەوڵ بدین گۆڕان لە پرانسیپە گشتیەكانى لا نەدات، هەموان كار بۆ بەها گشتیەكانى گۆڕان بكەین كە بریتیە لە ئازادى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى.

ناكرێت داواى دیموكراسى بۆ ووڵات بكەین و لە ناو خۆماندا دیموكراسى نەبین.
ناكرێت داواى سیستەمبوونى ووڵات بكەین و لە ناو خۆماندا بە هەژموونى ناسیستەم كار بكەین.

ناكرێت رەخنە لە حیزبە كوردیەكان بگرین كە كۆنگرە لە كاتى خۆیدا ناگرن و دەم و چاوەكان ناگۆڕێن لە ناو خۆماندا كۆنفرانسى نیشتیمانى نەگرین و هەمان دەموچاوەكانى پێشوو بۆ هەمیشە بمێنن و گەنج و ژنان لە خانەدا نەبینرێت.

ناكرێت كار بۆ خەمى گشتى بكەین بەڵام لە ناو خۆماندا خەمى دەسەڵات و تاكە كەسى و تەكەتول ببێتە سەنتەرى خەمەكانمان.

ناكرێت زۆرینەى لێژنەى دانوسان و خانەى راپەراندن لە لیستى پۆستەكاندا بن و كارى حیزبى بزووتنەوەكە واز لێ بێنن.

ناكرێت زۆرینەى ژوورەكان بەرپرسیان نەبێت لەبەر كێشەى تەكەتول و باڵەكان.
ئەوەى ئەكرێت كە خانەو رێكخەرى گشتى بە گیانى هاوڕیانە ئەم راو بۆچونانەمان لێ وەرگرن.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 109‌
8/19/2019 3:31:53 PM
زیاتر...