وتار

بۆچی ڕیفۆرم لە عێراقدا نەکرا ؟

هونەر تۆفیق

لە کۆبوونەوەیەکی په‌رلەمانی عێراقی سەردەمی پادشایەتیدا کە نوری سەعیدی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەیان بانگهێشتی پارلەمان کردبوو، یەکێک لەپارلەمانتارەکان هێرشی توند دەکاتە سەر حکومەت و دەڵێت، ببینن عێراق بەدەستی ئەم حکومەتە خراپەی بەغداوە چەن دواکەتووە.

لەسەردەمی عەباسیەکاندا بەغدا سەنتەری جیهان بوو حوکمی نیوەی جیهانی دەکرد کەچی ئێستا ئەوەندە لاواز و داواکەتووە ئینگلیزەکان تەراتێنی تیادا دەکەن ... لەوێدا نوری سەعید قسەکەی پێ دەبرێت و دەڵێت : ڕاوەستە برادەر ، تۆ وادەزانیت من کلیلی بەغدام لە هارونە رەشید وەرگرتووە و مەئمون منی کردووە بە سەرۆک وەزیران . برادەر من هاتوومە سەر پاشماوەی عوسمانیەکان کە کەلاوەیەکە لە بەگ و ئاغا نەک میراتی عەباسیەکان.

لە دروست بوونی عێراقەوە ١٩٢٠ چەندجارێک هەوڵی ریفۆرمی سیاسی لە عێراقدا دراوە ، هەمووی فەشەلی هێناوە . ڕیفۆرمکردن پەیوەندی ڕیشەیی بە زەوی کشتوکاڵیەوە هەیە . چونکە سیستەمە سیاسیەکە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیەوە دروست بووە . گۆڕینی هەر سیستەمێکی سیاسی ، پێویستی بە گۆڕینی سیستەمی ئابووری کۆمەڵگەوە هەیە . یەکێک لەو فەشەلانەی هۆکاری فەشەلی ڕیفۆرمن ، فەشەلی ریفۆرمی کشتوکاڵن لە عێراقدا .زۆربەی هۆکاری شۆرش و کودەتاکانی عێراقیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یاسایانەی حکومەتەکان بۆ ڕیفۆرمی کشتوکاڵی دەریان کردووە .

لە ١٩١٤ بەدواوە بەریتانیەکان ویستیان ڕیفۆرمی سیاسی لە حوکمداری عێراقدا بکەن لە لەسەر سیستەمی سیاسی عوسمانی بنیادنرابوو . لە ئەنجامدا شۆرشی بیست (١٩١٢٠) ی لێکەوتەوە کە لەلایەن شێخی عەشیرەت و بەگەکانەوە سەرکردەکانی شۆڕشەکە بەرپاکرا . فەشەلیان بە پرۆژە بەریتانیەکە هێنا ، شەراکەتی خۆیان بەسەر بەریتانیەکاندا سەپاند کە لە حوکمداریەکە شەریک بن، بەهەمان زەوی زارە زۆرەکەیانەوە لە دەستەڵاتدا مانەوە لەگەڵ سیستەمی پادشایەتی عێراقدا . لەوکاتەدا نەوت سەرچاوەی داهات نەبوو ، زەوی و زار تەنیا موڵکێک بوو کە دەوڵەت بتوانێت وەک پاداشت و ڕازیکردنی بەگ و شێخەکان بیبەخشێتەوە تا پشتیوانی لە دەستەڵاتەکەی بکەن . بۆیە هەمان چینی شێخ و بەگەکان لە دەستەڵاتدا مانەوە بە ئیمتیازاتی زیاترەوە . توێژێکی نوێ دروست بوو کە خاوەن موڵکی عەقارات بوو .

لە ١٩٥٨ دا کۆمەڵێک ئەفەسەر لەدژی ئەو سیستەمە سیاسیە کودەتایان بەسەر پادشاکرد . یاسای ژمارەی ٣٠ ی ١٩٥٨ ی ریفۆرمی زراعیان دەکرد . زۆری نەبرد فیوداڵەکانی عێراق ( بەکورد و عەرەبەوە ) دژی یاساکە وەستانەوە . هەرچەندە بەپێ ی یاساکە ڕێژەیەکی باش لەزەویەکان ١٠٠٠ دۆنم بەراو و ٢٠٠٠ دۆنم دێم ، زەوی بۆ فیوداڵەکان دەهێشتەوە ، بەڵام هەر ناڕازی بوون . عەبدولکەریم قاسمیان ناچارکرد لە ١٩٥٩ دا سەندیکای جوتیاران دابخات کە چاودێری ریفۆرمەکەی دەکرد . شێخی گەورەترین هۆزی عەرەب شەمەر کە عەجیل یاوەر بوو وەک نوێنەری عارەبەکان و شۆڕشی ئەیلولیش لە کورددا بە سەرکردایەتی مەلامستەفای بارزانی و پشتیوانی فیوداڵە کوردەکان لە ١٩٦١ دا دژی قاسم وەستانەوە . لەوکاتەدا گەورەترین خاوەن موڵکی زەوی کشتوکاڵی لەعێراقدا جافەکان بوون کە ٤٤٧٩١٠ دۆنم زەویان هەبوو ، کە دەیکردە ٪٢٠ ی کۆی ڕووبەری لیوای سلێمانی ، بەپلەی دووەم ماڵی شێخ مەحمودی حەفید بوون کە ٢١٨٣٨ دۆنم زەویان هەبوو کە دەیکردە لە ٪١ ی کۆی ڕووبەری لیوای سلێمانی ، بەدوایاندا لەعێراقدا ماڵی عەجیل یاوەر و چەلەبی و ئال یاسر و ئال سوهەیل .... هتد بوون .

جگە لە هەوڵی کودەتاکەی شەواف لە موسڵ ١٩٥٩ بە پشتیوانی شەمەرەکان ، لە ١٩٦٣ دا قاسمیان لە دەستەڵات خست و کوشتیان . مەرجەعە ئایینەکانی شیعە و سونە ، شێخی عەشیرەتەکان و فیوداڵەکان پیرۆزباییان لە کودەتاچیەکان و سەرکردەکەیان عەبدولسەلام عارف کرد . بەڵام پاش ١٨ مانگ حکومەتەکەی عارف بەدەستکاریە و یاسای ڕیفۆرمەکەی قاسمی هەڵنەوەشاندەوە ، بەڵام لەخێزانە فیوداڵەکان بۆ ڕازیکردنیان لە شارەوانی و قایمقامیەتەکاندا دایمەزراندن . ئەوەش بۆ فیوداڵەکان بەس نەبوو ، عەبدولسەلام لە گەشتێکیدا بە هەلیکۆپتەرەکەیەوە خرایە خوارەوە و سوتا لە ١٩٦٦ دا . 
١٩٦٨ دا بەعسیەکان ، براکەی عەبدولسەلام ، عەبدولڕەحمان عارفیان لە دەستەڵات خست . ڕیفۆرمێکی توندتریان ڕاگەیاند . لە ١٩٧٠ یاسای ژمارە ١١٧ ی ریفۆرمی کشتوکاڵیان دەرکرد . تەنگیان بە فیوداڵەکان هەڵچنی . بە یاسایەک نازناوی عەشایەری و فیوداڵیشان قەدەغەکرد . لە سەردەمی بەعسیەکاندا لە ١٩٧٠ بۆ ٢٠٠٠ ١٧ جار یاسا و مەرسوم و بڕیار دەچوێنراوە بۆ ریفۆرمی کشتوکاڵی . یاسای ژمارە ٩٠ ی ساڵی ١٩٧٥ یان تایبەت بە ریفۆرمی زەویە کشتوکاڵیەکانی کوردستان دەرکرد . دروشمی زەوی بۆ ئەو کەسەیە کە دەیکێڵێت یان بەرزکردەوە. کۆمەڵەی هەرەوەزی کشتوکاڵیان دامەزراند . بەڵام ئەمەش درێژەی نەکێشا. چینێکی تر لە فیوداڵەکانی نزیک لە بەعسیەکان و بنەماڵەی سەدام حسێن دروست بوو کە بە پێ ی مەرسومەکانی بەعس سودمەنددەبوون لە وەرگرتنی باشترین زەویە کشتوکاڵیەکانی بەراوەکانی عێراق .

 یاساکانی بەکرێدان و مساتەحە و تەملیک کردن بەژمارەکانی ٣٩٥ و ٤٥٥ی ساڵی ١٩٨٣ ، ١٧٥ ی ساڵی ١٩٨٤ ، ٩٩٥ ی ١٩٨٥ ،٤٢ ی ١٩٨٧ ، ١٠٦ ی ساڵی ٢٠٠٠ بەقازانجی ئەو تازەفیوداڵانەبوون کە لەپاش کەوتنی بەعسیشەوە هەر لەسەر زەویەکان ماونەتەوە . 

لەهەرێمی کوردستاندا لە ٢٧ ساڵ حوکمداری کوردی ، هێشتاکە ریفۆرمی کشتوکاڵی نەکراوە . بگرە یاساکانی ریفۆرمی کشتوکاڵیش پێشێل کراوە ، ئەو فیوداڵانەی لە ریفۆرمی ١٩٧٠ و ١٩٧٥ دا زەویان لێ وەرگیرابوویەوە جارێکی دەستیان سەردا گرتەوە و بە دۆنم فرۆشتیانەوە بە خەڵکی تر و هیچ بنەمایەکی یاساییشی نیە . لەهەمان کاتدا حکومەتەکانی هەرێم بە موساتەحە بەشێکی زۆریانی دابەشکردەوە بەسەر کەسە نزیکەکانی خۆیدا و پرۆژەی وەبەرهێنانیان لەسەر دروستکردووە . بەیەکجاری ڕیفۆری کشتوکاڵی پشتگوێ خرا و کەرتی کشتوکاڵیشی پێوە پەکخرا .
ژمارەی خوێنەر   ‌ 146‌
8/18/2019 6:05:19 PM
زیاتر...