وتار

گەلێکی خەتابار

هونەر تۆفیق

خەتابارکردنی گەل، لە گێڕانەوە ئایینیەکاندا چەندین جار ڕوویداوە . گەلی نوح بەخەتاباری لە تۆفاندا غەرق دەکرێن . قەومی لوت خەتاباربوون بۆیە بەر غەزەبی خواوەند دەکەون . بەنوئیسرائیل بەخەتاباری نەفرەتیان لێدەکرێت ... هتد .

بەجیا لەئایین، لە مێژووی سیاسی دوور و نزیکدا هیچ سەرکردە و دەستەڵاتێک نەیتوانیووە گەل خەتاباربکات ، تەنیا ئادڵۆف هیتلەرنەبێت ئەویش لەدوا ساتەکانی شکست و ژیانیدابوو دەڵێت : لەبەر ئەوەی گەلی ئەڵمانی نەیتوانی بەباشی بەرگری لەخۆی بکات ، ئاساییە هەموویان لەشەڕدا بکوژرێن ..

بەڵام مەدرەسەی کوردایەتی لەدەرەوەی هەردوو ڕێسا ئایینی و سیاسیەکەوە چەندین جار گەل خەتاباردەکات ، هەمیشە بەهۆکاری شکستەکانی خۆی زانیووە.
لە کۆتایی شەڕی ناوخۆدا گوتیان ئێمە بێگوناهترین کەس بووین لەم شەڕەدا ، بەو مانایەی کە خەڵک خەتابارە .

لە شکستی ڕیفراندۆمدا ، گوتیان خەڵک خەتابارە چونکە شەڕی بەرگریان نەکرد .
لە قەیرانی داراییدا دەڵێن خەڵک خەتابارە چونکە شەش ساڵ بەس نیە بۆ نەبوونی و بێ موچەیی .

لە شکستی پرۆژەکانی چاکسازیدا خەڵک تاوانبار دەکرێت ، چونکە لەهەڵبژاردندا دەنگی زۆرینەیان بەو حیزبە نەداوە تا ببێتە فەرمانڕەوا و چاکسازی بکات ..
ئێستاش لە خەتەری کورۆنادا خەڵک تاوانبار دەکرێت چونکە ناتوانێت خۆی کەرەنتینە بکات و دەچێتە دەرەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ئیدارەدانی پەتای کورۆنا هێندەی ڕووە تەندروستیەکەی پێویستی بە ئیدارەی دارایی هەیە .

لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم توانای ئیدارەدانی دارایی کۆمەڵگەی نیە ، دەرگای کەرەنتینەی کردەوە و ئیعلانی سەرکەوتنی بەسەر ڤایرۆسەکەدا کرد . پیرۆزبایی لەخۆی کرد و وەک دەستکەوت و سەرکەوتنەکەی ڕاگەیاند.

بەڵام لەدووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا خەڵک خەتابار دەکات چونکە بەناچاری لەبازاڕێکی خراپ و وێرانەدا هەوڵی پەیداکردنی بژێوی دەدات . خوانەکردە لە ئەگەری پەرەسەندنی دووبارە بڵاوبوونەوەکەدا بگاتە قۆناغێکی مەترسیدار ، ئەوکاتە وەک رووە داراییەکەی ، کەرتی تەندروستیش هەرس دێنێت ، دڵنیا حکومەتیش دەڵێت خۆتان خەتابارن چونکە من پێم گوتن پەیوەست بن بە خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە ! بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانەوە پشتیوانی دارایی حکومەتی دەوێت .بەبێ پشتیوانی دارایی خۆپارێزی سەرکەوتوو نابێت .
ژمارەی خوێنەر   ‌ 97‌
5/30/2020 2:32:34 PM
زیاتر...