وتار

كابینەی نۆ و ئەركی نوێ

قوباد تاڵه‌بانی

جارێكی تر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرفەت و شەرەفی ئەوەیان پێدام وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەستبەكاربم و لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی تر نوێنەرایەتی یەكێتی بكەین لە حكومەتدا، لەپێناو ئەوەی لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا پڕۆگرام و دیدی یەكێتی لە كاری حكومەت و خزمەتگوزاری و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان شان بەشانی لایەنە بەشدارەكانی دیكە بەرجەستە بكەین.

بەردەوامبوونم وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە لە بەرامبەر خواو خەڵك و حزبەكەشمدا، پێشتریش چوار ساڵی زۆر قورس و پڕ لە قەیرانی سەختمان تێپەڕاند، بە باش و خراپییەوە لەو ماوەیەدا شانم دایە بەر ئەركێكی یەكجار گران، بەڵام من وەكو قوباد تیایدا بووم بە قوربانی و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی رەوا و ناڕەواش بوومەوە، ئاساییە ڕەنگە منیش هەندێك هەڵەم كردبێت (ئەوەی كار نەكات، هەڵە ناكات).

دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم ئەركی داهاتووم بە هاوكاری تەواوی كابینەی وەزاری ئەوە دەبێت كۆتایی ئەو قۆناغە پڕ لە قەیرانە كە لەكابینەی رابردوو بەشێكیمان چارەسەركرد، بەسەرەتای قۆناغێكی تازەتر ببەستینەوە كە قۆناغی دەستپێكردنی بووژانەوە و خزمەتگوزاری بێت، قۆناغێك بێت لەبری گلەیی و تلانەوە بەدەست گرفتەكانەوە، سەرگەرمی چارەسەركردنی گرفتەكان و دەستپێشخەری و دروستكردنی هەلی كار و گەشەپێدان بین.

بۆ ئەم ئەركە داوا لە دڵسۆزانی یەكێتی دەكەم پشتی كادرەكانی خۆیان بگرن. بە متمانەوە تەماشای راسپێردراوەكانیان بكەن. هێشتا دەستبەكارنەبووین، هێشتا نەیارەكانمان دەستیان نەكردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، بەڵام هەندێك لە هەڤاڵانی خۆمان، هەندێك راستەوخۆ، هەندێك لە پشت پەیج و ئەكاونتی سێبەرەوە، قەڵەمەكانیان خستووەتە گەڕ، بۆ مەرامێك كە نەك هەر ناكۆكە بە پرەنسیپی چەپكەگوڵەكەی مام، بەڵكو سنووری ڕە‌خنە ‌و رەچاوكردنی گیانی هەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت.

ئەم دۆخە كاتی دەستبەكاربوونمان لە كابینەی هەشتم بیر دێنێتەوە كە بەشێكی ناڕازی لە ناو حیزبی خۆمان تووندتر لە ئەوانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوون، رەخنەیان لێ دەگرتین و هەموو هەوڵێكی باشیان بێ بەها دەكرد. هەر ئەوەش بوو كە چەكی دایە دەستی نەیارەكانمان لە دژمان بەكاری بهێننەوە.

تكا لە هەڤاڵانی یەكێتی دەكەم، سەبرتان هەبێت لەبڕیاردان، ئەم تەشكیلەیە نموونەیەكە لە كۆكەرەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی یەكێتی، كە ئەگەر هان بدرێت، نەك لێی بدرێت، پشتیوانی لێ بكرێت، نەك هەڕەشەی لێ بكرێت، وا دەكات كابینەی نۆ، لە ژینگەیەكی تەندروست دەستبەكار بێت. ئەمەش زیاتر هانمان دەدات بەرەو یەك ئاڕاستە كار بكەین. ئەویش ئاڕاستەی خزمەتی خەڵك و جێبەجێكردنی بەرپرسیاریە نیشتمانی و ئەخلاقیەكانە.

با لاپەڕە كۆنەكان هەڵنەدەینەوە، هەموومان ئەمڕۆ لە ژێر سێبەرەكەی مامین. دەستمان خستۆتە ناو دەست بۆ بەهێزكردنەوەی یەكێتی و باشتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئەمڕۆ ڕۆژی ئیش و خەباتە، نەك خۆپەرستی و شكاندنی ئەوانەی كەیفمان پێیان نایە. ئەمڕۆ رۆژی یەكخستنەوەی كوردستانە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیمانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، نەك كەرتكردنی كوردستان و ئاڵۆزتركردنی دۆخی ناو سلێمانی بەتایبەتی و كوردستان بەگشتی. ئەمڕۆ رۆژی ناساندنەوەی یەكێتییە بە خەڵكی خۆمان، ئاشتكردنەوە و قوڵكردنەوەی پەیوەندیی یەكێتییە بە خەڵكەوە. سەردەمی بەهێزكردن و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدایە، بە لایەنە سیاسییەكانی عیراق، بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەمڕۆ رۆژێكی نوێیە لەو مێژووە دوورو درێژە پڕ لە سەروەرییەی یەكێتی. با هەوڵ بدەین لە ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتیان بین، كارێك بكەین كە ڕەوتی شەپۆل و ئاوەكە بەرەو ئاشی خەڵك و خزمەتی هەمووان ئاراستە بكەین، دوور لە توڕەیی و هەڵچوونی میزاجی كەسیی. چونكە من هەمیشە بڕوام وابووە سیاسەت بە لێبوردەیی و میهرەبانی دەكرێت، ئەوەش وانەیەكە لە مامەوە فێری بووم. بۆیە وەرن قەڵەمە ژەهراوییەكانمان فڕێ بدەین. بۆ یەكێتی و بۆ سەركەوتن، با هەموومان پشتیوان و هاوكاری پرۆژەی چاكسازی حكومی و خەمی خاك و خەڵك بین.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 122‌
7/11/2019 7:02:14 PM
زیاتر...