وتار

سەبری گەنجی بێکار؟!

رێبوار کەریم

چەندین ساڵە بە بیانوی جۆراوجۆر، نەتوانراوە چانسی هەلی کار، بە حکومی و ناحکومیەوە، بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاو ئامادەیی و بێ بڕوانامەکانی هەرێم بڕەخسێنرێت.

لەم رۆژانەدا کۆمەڵێک دەرچوی دانەمەزراوی زانکۆ گروپێکیان لە فەیسبوک دروست کرد بەناوی (دەرچوانی دانەمەزراو). پڕپڕە لەچیرۆکی تراژیدی بێکاری، لە چەند رۆژێکی کەمدا ژمارەی ئەندامانی ئەم گروپە گەیشتە (۲۷٠٠٠) بیست و حەوت هەزار کەس. بەدڵنیایی ئەو ژمارەیە زۆر زۆرە، زۆر لەوە زیاتریش خەڵکی بڕوانامەدارو بێبڕوانامەی بێکار هەیە. ساڵانەش ئەم ژمارەیە لە زیادبوندایە.

پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە: ئایا کەس لەئێوە هیچ پرۆگرامێکی کرداری هەرێمی کوردستانی بینیوە بۆ دابینکردنی هەلی کار؟
تکایە مەڵێن لەبەرنامەی حکومەتدا هەیە، بەرنامە دەبێ جێبەجێ بکرێت، نەوەک تەنها وەک ساڵانی رابردوو بە تیۆری بنوسرێت و قسەی سەر میدیاو وتاری کۆبونەوەکان بێت.
ئەوەش بزانین گرنگە کە یەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی خۆپیشاندانەکانی عیراق بریتیەلە نەبونی هەلی کار بۆ ئەو لەشکرە گەنجەی ساڵانە لە زانکۆو پەیمانگەکانەوە دەردەچن و بەبێکاری و بێ دەستکەوتنی هیچ سەرچاوەیەکی ژیان کات بەڕێ دەکەن.

هیچ مانای نیە حکومەتی هەرێم، پەرلەمانی هەرێم، هیچ دامەزراوەیەکی هەرێم، پلانێکی رونیان بۆ دابینکردنی هەلی کار نیە. ئایا تاکەی پێیان وایە دەتوانن سەبرو ئارامی گەنجانی بێکار تاقیبکەنەوە؟!

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
ژمارەی خوێنەر   ‌ 105‌
11/28/2019 3:38:30 PM
زیاتر...