وتار

کوردو هەنگاوە مێژووییەکەی عیراق

رێبوار کەریم
بڕیاروایە کۆتایی ساڵی (۲٠۲٠) لەعیراقدا سەرژمێرییەکی گشتی لەژێر ناوونیشانی (ئامار بۆ گەشەپێدان) بەڕێوەبچێت. ئێستاش لیژنەیەکی سەرانسەری لەسەر ئاستی عیراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ دروستکراوە..
پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە:
کورد چۆن خۆی بۆ ئەم سەرژمێرییە ئامادە کردوە؟!

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە کۆمەڵێک بەرچاوڕوونی بخەینەڕوو:

یەکەم: لەماوەی (۸٥) ساڵی رابردودا، ژمارەی دانیشتوانی عیراق لە (٤ ملیۆن)ەوە بوە بە (۳۸ ملیۆن). واتە نزیکەی (۹) ئەوەندە. زۆرترین ئەم زیادبونەش لە ناوچەکانی خوارووی عیراقە.
دووەم: زیادبونەکە بێ سنورە، فەوزەوی و نارێکخراوە، نە خەڵك رێکیخستوە. نەدەوڵەت رێوشوێنی بۆ داناوە. بەپێی هەندێ پێشبینی تا ساڵی (۲٠۳٠) ئەو زیادبونە دەگاتە نزیکەی (٥۱) ملیۆن. 
سێیەم: گرفتەکانی بەردەم کورد ئەمانەن:

1. کورد بەشێکی ناوچەکانی لەدەستداوە، خەڵكێکی زۆری ئاوارە بوە. لەجیاتی کارکردن بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکەی لەچوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسیدا، لەبری ئەوە سەرقاڵی هەوڵدانە بۆ ئەوەی لە هەندێ ناوچەی کێشەلەسەر ئەو راپرسیە ئەنجام نەدرێت. بەڵام زۆرینەی داواکارییەکان بەو ئاراستەیەن کە لەوێش ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ئەنجامدرا کورد چی ئەکات؟
2. یەکێک لەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بریتی بوە لەدیاریکردنی رێژەی ئیستحقاقاتی هەرێم کە سەرەتا (۱۷٪) بو بە بەردەوام کەمبوەوەو دواتر بڕدرا. ئێستا لە بودجەی (۲٠۱۹)دا بە (۱۲.٦۷) جێگیرکرا.
ئەوەی گرفتە ئەوەیە لەسەرژمێری گشتیدا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم ناگاتە رێژەی (۱۷٪). ئەمەش واتە کەمبونەوەی ئیستحقاقاتی هەرێم.

3. ترس هەیە لەوەی ئامادەیی تاکی کورد لەئێستادا بۆ بەشداری لەپرۆسەی سەرژمێری گشتیدا لاواز بێت و دەرگاکانیان بەرووی تیمەکانی ئەنجامدەری سەرژمێریدا نەکەنەوە. بەوپێیەی لە پرۆسە مەدەنیەکانی ئەم چەندساڵە کەمەی رابردوو بەشدارییان کەمبۆتەوە، بۆ نمونە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (۲٠۱۸).

بەکورتی و بە کوردی، تا ئێستا کورد وەک بابەتێکی تەکنیکی تەماشای سەرژمێری گشتی دەکات نەوەک پرسێکی سیاسی، لەکاتێکدا ئەو بابەتە تەواو سیاسییە. راستە هەرێمی کوردستان ئەندامی هەیە لە لیژنەی ئامادەکاری سەرژمێری گشتی عیراق. بەڵام ئەم بابەتە سیاسییەو پێویستە بە زووترین کات لە ئەجێندای رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بێت. 

گرنگە هەرێمی کوردستان لەوە تێبگات هەمو ئیستحقاقێکی داهاتو بەندە بە رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەچواچێوەی عیراقدا. چارەنوسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش تاڕاددەیەکی بەرچاو پەیوەستە بەو سەرژمێرییەوە.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 38‌
9/1/2019 6:07:52 PM
زیاتر...