وتار

دووا بزمار

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

لە کاتێکدا کە تەنیا شەش ڕۆژ ماوە بۆ بەستنی کۆنگرە دەبیستین و دەبینین کە تازە بە تازە لیژان دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی ھەندێک کێشە..!! دەوترێت کێشەکان پەیوەندیان بە کەمی ژمارەی بەشدار بووانی رێکخستنەکانەوە ھەیە بەڵام ئەوەی من لێی دەترسم ئەوەیە کە مەسەلەکە ژمارە نەبێت بەڵکو ھەر ھەمان ئەو کێشەیە بێت کە شەش ساڵە رێگرە لە بەستنی کۆنگرە..!!

دەزانم کە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا نادادپەروەریەکی زۆر کراوە بەرامبەر بە حزبی شەھیدانمان و ھەر ئەوەش لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانەوەی تا ئەندامێکی ئاسایی لە یەکێتی نیگەران و بێ ئومێد کرد و بڕیارە لە مێژ چاوەڕوان کراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە دەستنیشان کردنی رۆژی کۆنگرە بوو کە ھەمدیس ھیوایەکی گەڕاندەوە بۆ ھەمووان بۆیە دواخستن و نەبەستنی کۆنگرە ئەمجارە بە نادادپەروەری لەقەڵەم نادرێت بە ڵکو لە مێژودا بە خیانەت و تاوان دەناسێنرێت..!!

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئومێدێکی زۆرم بەو لیژنەیە ھەیە کە ئاستەنگەکانی بەردەم بەستنی کۆنگرە لابدات بەڵام لەھەمان کاتیشدا خەم دایگرتووم ..

خەم لە دووبارە دواخستنی کۆنگرە و لە نائومیدکردن و سارد کردنەوەی جۆش و خڕۆشی یەکێتیەکان، خەم لە بێ وەفایی بەرامبەر بە خوێنی شەھیدان و جەستەی برینداری شەھیدانی زیندوو و زیندانیانی سیاسی و ئاواتی پێشمەرگە سەرەتاییەکان و دڵی پڕ لە ئازاری کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و خەونی گەنجان و دڵی پر ئومێدی ژنان و بەڵێنیەکانی سەرمەزاری مام و چاوە چاوەڕوانەکانی دادەی گەورەمان و خەم لە دووبارە یاری کردن بە ھەست و سۆزی جەماوەری یەکێتی ..!!

بۆیە ھیوادارم ھیچ لایەنێک بە ڕێگریکردن لە بەستنی کۆنگرە خۆی تووشی ڕق و غەزەبی جەماوەری یەکێتی نەکات و بەدەستی خۆی دووا بزمار لە تابووتی خۆی نەدات ..

ژمارەی خوێنەر   ‌ 271‌
12/1/2019 9:24:17 AM
زیاتر...