وتار

باسی كۆنگرە یا نمەك سوێری تاڵەبانی باوك

بنار هیدایەت

بە درێژایی مێژووی كورد و شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی بزاڤی رزگاریخواز لە سەردەمی شێخ سەعیدی پیران تا قازی و بارزانی و تا دواتر، هیچ كام لەم سەركردانە هاوشێوەی تاڵەبانی نمەكیان سوێر و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان بێ سیفەت و بێ ئەمەك و بێ وەفا دەرنەچوون، بە شێوەیەك چەتاڵی تەماعیان لەدوای نەخۆشكەوتنییەوە لە دارایی یەكێتی و هەوڵدان پۆست و هاوسۆزییان بۆ لایەنە سیاسییەكان تر بەتایبەتی تر "پارتی دیموكراتی كوردستان" دەرنەبڕیوە.

ئەگەر ئاوڕ لە چەند دەیەیەكی ڕابردوو بدەینەوە، تاوەكوو مام جەلال لە گۆڕەپانە سیاسییەكە گۆچانەكەی ئەكتیڤەیەتی تەواوی هەبوو و خۆشی "هۆپ"ی یەكێتی و عێراق بوو، كەسێك نەبوو یا ڕوونتر بڵێم فرە كوێخایی نەبوو لەناو پارتە سیاسییەكەیدا، بەڵام لەدوای نەخۆش كەوتنی و زیاتر دووركەوتنەوەی هێرۆخان لەكایە سیاسییەكەی بەهۆی باری تەندروستییەوە، ئەوەندەی تر گۆمی فرە كوێخایی و فرە ئاغایی و تەماعەكان زیاتر و زیاتر هەڵكشان، هۆكاری سەرەكی ئەمەش بۆ هەڵگرانی پاشگری تاڵەبانی دەگەڕێتەوە كە نەیانتوانی وەكو مام جەلالی ڕەحمەتی سیاسەت بگرەنە بەر و پەیڕەوی سەرسەختی رێبازەكە و چەپكە گوڵەكە بن.

ئەوەی جێی سەرەنجە لە ئێستادا، بەشێكی زۆر لە كاریزما سیاسییەكانی نزیك لەمام،هەڵگری پاشناوێكن كە زۆر گەورەیە، ئەویش "تاڵەبانییە"، بەڵام لەناوەڕۆكدا ئەو پاشناوە تەنها ڕووكەشە و هیچی تر،ئەگەر نا ئەگەر بچنە سەر بابەتی سیاسەتی جەلال تاڵەبانی هیچیان نەك پەیڕەوی سیاسەتەكەی ناكەن، بەڵكو سەدو هەشتا پلە لەدووری ئەجێندا و كارنامەی سیاسەتی مام جەلال دەسوڕێنەوە. ئەگەریش بێینە سەر نمونەیەكی بچووك، مام جەلال ئەگەر كەسێكی زویر بكردایە و خەتا باریش بوایە، دواجار لێی خۆش دەبوو و بەنوكتەیەك و دیارییەك ئاشتی دەكردەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی هەڵگری پاشناوی تاڵەبانین و دەستڕۆیشتووی ئەم حزبەن لەئێستادا، نەك خەڵكە زویرەكە ئاشت ناكەنەوە، بەڵكو دۆست و یار و یاوەرانیان دەتۆرێنن،نەك هاوڕێ زویربووەكانیان ناهێننەوە بن دەستی خۆیان بەڵكو وەها تەرەیان دەكەن پەنا ببەنە بەر لایەنێكی دیكەی " لەسەرەوە دۆست و لەژێرەوە دوژمن"ی حزبەكەیان.

ئەگەر ئێستاش باس لەپرسی هەنوكەیی گەرمی ناو یەكێتی بكەین، هەر دەستە و تاقمێك لەهەوڵی كڕینی كادر و بەرزكردنەوەی پۆست و بەخشینی سەرمایەدایە، ئەمەش ترس و فۆبیای دەرنەچووە لەو كۆنگرەیەی باڵا دەستانی یەكێتی لەم هەفتە دەیدەنە دەست ئەو مانگ و لەو مانگ دەیبەخشن بەساڵێكی نادیار.

ئەوەندەی من زانیارییم هەبێت، ئێستا دوو گروپ لەناو یەكێتی و گروپێكی دیكە بەرامبەر بەیەك كار لەسەر بێهێزكردنی یەكتر دەكەن لەكۆنگرەدا، ئەوانیش ماڵی تاڵەبانی لەدەباشان و گروپەكەی كاك كۆسرەتە، رەنگە ئەوە شتێكی ئاسایی بێت كە بتوانیت ركابەرەكەت بشكێنی،بەڵام شكاندنێك نەبێتە هۆی ئینشیقاقێك یەكێتی لەمە زیاتر لاوازتر بكەیت، ئەو گروپەی سەر بەهیچ لایەنێك نین، پێكهاتوون لە ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی ئەوانیش" سامان گەرمیانی و فەرید ئەسەسەرد، رابەری سەید برایم و هەرێمی كەمال ئاغا، هەروەها وەستا رەسوڵ  و ئاسۆس عەلی و  شێركۆ میروەیس و جوان ئیحسان نەسروڵا سورچی و سیروانی كوێخا نەجم  و ئارێز عەبدوڵا، و چەند سەركردایەتییەكی تر، ئەم گروپە وەك دەڵێن سامان گەرمیانی سەركردایەتیان دەكات دەیانەوێت نەهجی مام جەلال و سیاسەتەكەی بخەنەوە سەرسكە و ئەو چەپكە گوڵەی مام جەلال باسی لێوەكردووە،، بەڵام تا ئەم كاتە تاڵەبانییەكان هیچ ئاوڕێكیان لێ نەداونەتەوە، بەتایبەتی بافڵ تاڵەبانی كە لەزۆرینەی كۆڕ و كۆبوونەوە و لێدوانە فەرمییەكانی باس لەپاراستنی چەپكە گوڵە و یەكێتییەكی راستەقینە دەكاتەوە، هەرچەندە زۆرینەی ئەم هەڤاڵانە لەسەر ماڵی مام جەلال ئەژماركراون،بەڵام نە گوێ لەخۆیان و نە لەو پرۆژەیە گیراوە كە باس لەیەكڕیزی ناو یەكێتی دەكات.

ئەوەی لەسەرەوە باسمكردووە،جیاوازییەكی كەمی نێوان ئەو سیاسەتی جەنابی مام جەلال و هەڵگرانی پاشناوی تاڵەبانییەكانە. بە بۆچوونی من ئەمانەی دەیانەوێت پاراستنی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال تا چەندین ساڵی تر بڕوات،لەلایەن یەكێتییەوە نەبنە جێی باوەڕیان، رەنگە باڵانسی كۆنگرەی یەكێتی بە ئاڕاستەیەك بڕوات هیچ كەس لەچاوەڕوانی ئەوەدا نەبێت...ئاییندە و كۆنگرەی چوارهەمی یەكێتی وەڵامی زۆر پرسیاری نەدراوە دەداتەوە.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 6050‌
10/9/2019 8:18:41 PM
زیاتر...