وتار

نامەیەکی کراوە بۆ قوباد تاڵەبانی

بنار هیدایەت

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەگەر و نەگەردایە تا کۆنگرەى خۆی ببەستێت، هۆکارەکەشی روون و ئاشکرایە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشە ناوخۆییانەى ناو حزبەکە، رەنگە ئەمە بەشی سەرەکی بێت، بەڵام هۆکار گەلێکی تر زۆرن بۆ ئەوەى کۆنگرە لەم ساڵ بخرێتە ئەو ساڵ و لەم کۆبوونەوە بدرێتە دەست ئەو کۆبوونەوە و لەم قەیران رادەستی ئەو قەیرانەى دیکە بکرێت، هۆکارێکی دیکەی پەکخستنی کۆنگرەی چوارهەمی یەکێتی، نیگەرانی ئەو بەرپرسانەیە لەئەگەری دەرنەچوونیان بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ جارێکی دیکە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى ئەو چەترەى مام جەلال دروستیکردووە کاڵبوونەوەیەکی نەوعی بەخۆیەوە بینووە،. ئەمانە کێشە هەنووکەییەکانی نەبەستنی کۆنگرەى چوارهەمی ئەو حزبەیە ئاشبەتاڵی بە ئاش بەتاڵ کردووە و چەند دەیەیەک لەمەوبەر شەڕی سێ بەرەى جیاواز و بەهێزی لەشاخ کردووە.

بەرێز قوباد تاڵەبانی:
ئەو چەترەى مام جەلالی رەحمەتی دروستیکردبوو، چەترێک بوو کۆکەرەوەى هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاواز و باڵەکانی ناو یەکێتی بوو، لێ بەداخەوە ئەو چەترە ئێستا تەنها پایەکەى ماوە. ئەوەى لەسەر تۆ و هەڤاڵەکانت واجبێکی حەتمییە ببنبە دروستکەری چەترە کۆکەرەوەکە، تا ئاماژەت پێبدەن کە کۆکەرەوەى دەنگ و رەنگی جیاوازی. کە لەئێستادا ئەو ناوەت پێ بڕاوە لەشەقامدا. یەقینم وایە ئەگەر هەنگاوەکانت چڕتر بکەیتەوە چەترەکەت پێ دروستدەکرێتەوە. ئەگەریش نا ئەوە ئەنجامەکەى دەزانرێت.

جەنابی تاڵەبانی:
زۆر گوێمان لە وتارەکانت بوو لەبانگەشەى هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردستان. باسی روئیایەکی جیاوازت دەکرد، باسی شەپۆلی سەوز و ئاشتکردنەوەى ئەو هەڤاڵانەت دەکرد کە نیگەران بوون. بەڵام ئەوەى ئێستا پێویستە قۆڵی تاڵەبانی و مام ئاسای لێ هەڵماڵیت و هیچ بۆڵەیەک و قسەیەکی پاشملە لەدوای خۆت بەجێ نەهێڵی. دڵینام ئەم کارە پشوو درێژیی دەوێت. سەبری ئەیوب و تەحەموولی یوسفی دەوێت. هەنگاوێک بنێن و خەتاکە لەسەر خۆتان و یەکێتییە دڵسۆزەکان مەهێڵن. چونکە مێژوو دەنوسرێتەوە، دڵنیاشم لەپەرۆشیت بۆ یەکێتی و هەڤاڵە نیگەرانەکانت هەنگاوی پێویست دەنێیت.

بەڕێز جێگری سەرکی حکومەت: 
ئێستا دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى کوردستان چی دیکە بیانوویەک لەبەردەم یەکێتی نیشتیمانی نەماوە بۆ نەبەستنی کۆنگرە، رەنگیشە جەنابتان زۆرترین رەخنەتان لێ بگیرێت لەسەر ئەوەى هەوڵەکانتان بۆ ئەو پرسە وەک پێویست نەخستۆتە گەڕ و ئەوەش هۆکاری ئەو دڵسۆزییەتە بۆ جەماوەری یەکێتی وەک لەبانگەشەکەدا بینیمان کە رەخنەت ئاڕاستە دەکەم.
کاتێک پەنجەو قەڵەمی رەخنەم ئاڕاستەى قوباد دەکەم، دەکرێت زۆرێک لەپێش من و دوای منیش ئەو رەخنەیە بگرن لەبەر ئەوەى ئەم هەڤاڵە جگە لەوەى کوڕی مام جەلالە تاڕادەیەک کۆکەرەوەى دەنگە ناکۆکەکانی ناو یەکێتییە و بە ئەکتیڤەتی ئەم حزبە ناوی دەرکردووە. بەشێک لەوانەى سەری خۆیان لەناو یەکێتی سپی کردووە ئیعتیبارێکی باشیان بۆ قوبادی مام جەلال هەیە. بۆیە چالاککەری کۆنگرەى یەکێتی ئێستا لەدەست قوباد تاڵەبانی و بەشێکی دیکەى کەسایەتی ناو یەکێتییە.

دەبێت ئەو برادەرەى لەسەرەوە باسمان لێوەکردووە، چیدیکە کورسی جێگری سەرۆکی حکوومەت نەکاتە ئەو بیانوویەی کاتی کەمی لەبەردەستە و کێشە و ئاریشەکانی حکوومەت هێندە زۆرن سەرقاڵی ناو پارتەکەى نەبێت. بەپێچەوانەوە کورسی حکوومەت و حوکمڕانی لەناو کابینەى نوێی هەرێم ئاستەنگێکی بۆ دروستناکات تا بیر لەئاییندە و قەیرانی حزبەکەى باوکی رەحمەتی نەکاتەوە. لەبەر ئەوانە دەبێت کوڕی گچکەى مام جەلال بیر لەداهاتووی خۆی و حزبەکەى بکاتەوە.

کە باس دێتە سەر کۆنگرەى چوارهەمی یەکێتی. سەرجەم کەسایەتییە دیارەکانی یەکێتی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن، بەڵام داخی داخانم لەسەر ئەرزی واقیع یەکەمین خۆ دزیرەوەى ئەو پرسە هەنوکەیی و نەمانی قەیرانەکانی ناو یەکێتین.
من رەخنەکانم لەسەر قوباد ناوەستێنم چونکە پەنجە و ئاماژەکان بۆ ئەو دەڕۆن تا بتوانێت باوک سالاری خۆی لەم پرسە دەربخات. چونکە بانگەشە و سوپا سالاری هەڵبژاردنەکان تەنها بەس نیە کە جەماوەری حزبەکەى بەمامی بچووک ناو زەندی دەکەن. دەبێت ئەویش لەئاست ئەو ناونیشانە قورسە بێت کە پێی دەڵێن پیاوی یارییە گەورەکان و (کۆنگرەش یارییەکی گەورەیە). چونکە توانای ئیدارەدانی قەیرانی هەبووە. بەرگەی لەسەر کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی گرتووە و لەسەرجەم باڵ و دەنگە جیاوازەکانی ناو حزبەکەى و لایەنە سیاسییەکانی دیکەوە نزیکە و رێز لەقسەکانی دەگیرێت. 

ئیتر کاتی ئەوەش هاتووە ئەو هەڤاڵە قوڵی هەنگاو نان بەرەو نەمانی کێشەکانی یەکێتی لێ هەڵماڵێت و لەگەڵ بیرمەندان و ئاقڵمەندانی ناو حزبەکەى بگاتە ئەو بڕوایەی "کۆنگرەى چوارهەمی یەکێتی کۆنگرەیەک بێت بۆ نوێ بوونەوە و هەستانەوە و تەقلە لێدانی فیل بێت لەلایەن یەکێتییەکەى مام جەلالەوە، چونکە دواجار سەفین لە بن دێت و ئێوەش قۆڵی دڵسۆزی لێ هەڵنەماڵن یەکێتیش لەبن دێت".
ژمارەی خوێنەر   ‌ 302‌
9/30/2019 10:17:59 PM
زیاتر...