وتار

گۆچانەكەی مام دەكەوێتە دەست بافڵ تاڵەبانی

بنار هیدایەت

لە رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی تر، زۆر كەم كوڕی سەركردە سیاسییەكان دەچنەوە سەر هەمان ڕێبازی باوكیان، بەجۆرێك دەوترێت لەسایەی باوكیاندا خەریكی بەرژەوەندی و بەڕێكردنی شەوانی سوور و پێكی شەرابی فەڕەنسین، بەڵام لەكوردستان، ئێستا كاراكتەرێكی سەر شانۆی سیاسیی لە گۆڕەپانەكە پڕكێشمە كێشمەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، ئەویش هەڵگری ئەو گۆچانەیە كە جەلال حسامەدین تاڵەبانی باڵانسی یەكێتی پێ راگرتبوو، ئەوێك توانی ناوەندێك بەناوی بڕیار لەناو یەكێتی و سەركردە زویرەكانی حزبەكەی باوكی هەموویان لەسەر یەكێك مێز كۆبكاتەوە، تەنها بە بافڵەكەی تاڵەبانی گەورە كرا.

دەركەوتنی بافڵ و كارە سیاسییەكانی بووە جێی گومانی تەواوی شەقامی كوردی و راگەیاندنەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، بەتایبەت جەختكردنەوە لەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارهەمی یەكێتی و كۆبوونەوەكانی لەدەباشان، دەرخەری ئەو راستییەن كە لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی بەگەورە و بچوكیانەوە تەنها بافڵ هەڵگری ئەو گۆچانەیە كە هێز و باڵانس و تەواجودی یەكێتی دەهێنێتەوە سەر ساحە سیاسییەكە. ئاخر ناكرێت تۆ بچیتە ناو گۆمێكی قوڵەوە و هیچ مەلە نەزانیت، ئەو جەختەی بافڵ لەسەر كۆنگرە، ئەو راستییە ئاشكرا دەكات غەواسێكە نەك لەناو گۆم، بەڵكو لەناو دەریایەكی ڵێڵ مەلەوانێكی لێزانە.

هەموومان ئەوەمان لەبیرە ئەو كاكانەی ناو یەكێتی لەبەر بێ بڕیارییەك لەناو یەكێتی ناوەندێكیان دروستكرد و ناویان نا ناوەندی بڕیار، ناوەندی بڕیار خاوەنی زۆرینەی رەها و باڵانس و سەركردایەتیی یەكێتی بوون، بەجۆرێك لە راگەیاندنەكان ئەوە بڵاوكرایەوە كۆتایی بەدەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی هێنرا، تەنها لەمانگێك كەمتر بافڵ ناوەندەكەی هەڵوەشاندەوە و سەركردەكانی لە ماڵە گەورەكە كۆكردەوە و وتی "یەكێتی كەسی لێ زیاد نیە، یەكێتی یەكێتی هەموومانە و بەیەكەوە چەپكە گوڵەكەی مام دەپارێزین"، ئەم مەسجەی بافڵ بۆ سەركردەكانی یەكێتی ئەوە بوو، یەكێتی هەموومان خاوەنین، راستە مام لە ژیاندا نەماوە، بەڵام نەوەیەكی دوای خۆی بەجێهێشتووە كە نەك ناكرێت ئێمە یەكێتی نەبین، بەڵكوو یەكێتی ئێمەین و ئێمە پارێزەری یەكێتییەكەی مام جەلالین".

ئەم كاراكتەرە سیاسییە كارەكانی لە تەوەقوعاتی هزر چوونەتە دەرەوە، ئاخر بافڵێك تەنها ئەندامێكی سادەی یەكێتی بێت، رۆڵی بەرچاوی هەبێت لە هێنانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح، ئاخر بافڵ تەنها كوڕە گەورەی مام جەلالە، چۆن دەكرێت پشكی سەرەكی هەبێت لە دانانی سەرۆك كۆماری عێراق و تاكە بەرپرسی زویربووی باڵای حزبەكەی لەسەر كورسییەكەی باوكی دابنێت، دەكرێت بڵێین بافڵ ئێستا بۆتە "هۆپ" و رۆبن هودەكەی یەكێتی. یەقینم وایە ئەم مرۆ بێدەنگە ئەو كەشتییەی یەكێتی كە زۆر شەڕ لەسەر كاپتنەكەی دەكرێت، كڵاوی كاپتن لەسەر دەكات و دەیگەیەنێتە كەنارێك كە ئیتر یەكێتییەكان شانازی بەوەوە بكەن یەكێتین.

لەدانانی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق، مەلا بەختیار رۆیشتەوە ماڵەوە، بەشداری هیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیەك و شاندێكی یەكێتی نەكرد، ساڵێك دەبێت لێدوانەكانی تەنها دژ بەو سەرۆك كۆمارەیە كە لەیەكێتی چووە دەرەوە و حزبێكی دروستكرد، بافڵ بەتیرێك دوو نیشانی شكاند، هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی و گەڕانەوەی یەكێتییەكانی ناو هاوپەیمانی، ئاشتكردنەوەی بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار، كە بەڕای زۆرینەی چاودێران گەورەترین هەوڵ بووە لەلایەن بافڵەوە، چونكە ئەو دوو سیاسییە بەرەیەكی دووژمنانەیان بەرامبەر بەیەك كردەوە و تاكە زیانیش بەریەكێتی دەكەوت، چونكە یەكێتی راستە ئێستا حزبێكە خەریكە دەبێتەوە بەخاوەن بڕیاری خۆی، بەڵام دواجار راگەیاندنەكان شەڕەكەیان گەرمكرد، هەوڵەكەی بافڵ هەم نەیارەكانی ناوخۆی یەكێتی بێدەنگ كرد، هەم توانی بەرە دژ بەیەكەكە بكاتەوە بەدۆستەكەی جاران.

لەلایەکی ترەوە کردنەوەی دەرگای ژوورەکەی مام جەلالی ڕەحمەتی لەلایەن کوڕە گەورەکەی تاڵەبانی لە مەکتەب سیاسیی یەکێتی، دەرخەری ئەو ڕاستیە و مەسجە شاراوەکەیە کە نەسلی شێر هەر شێرە و منم جێگرەوەی ئەو سیاسییەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی دامەزراند، ژمارە قورسەکەی یەکێتی ئێستا بافڵە بە جۆرێک ناوی ئەندازیاری بەستنی کۆنگرەی چوارهەمی یەکێتی لێنراوە بەمەش زۆنی سەوز و کادیرانی یەکێتی چاوی هیوایان کەوتۆتە سەر.

بەشداریكردنی بافڵ لەسەرجەم كۆبوونەوە فەرمییەكانی مەكتەبی سیاسیی، ئەندامی شاندی باڵای یەكێتی دەرخەری ئەو راستییەن، بافڵ ئێستا لەكەسی یەكەم و دووهەمی یەكێتیدایە، چونكە ئەندامێكی سادەی یەكێتی بتوانێت بڕیاری حەسم بدات، هەڵگری ئەو گۆچانەیە كە تاڵەبانی گەورە هەموو چەنەبازەكانی ناو یەكێتی پێ بێدەنگ دەكرد. كەواتە كۆنگرەی چوارهەمی یەكێتی، جگە لەوەی جەنابی مام جەلال وەك سكرتێری فەخری یەكێتی دەمێنێتەوە، ئەو شەڕەی ناوكۆنگرە لە بەرژوەندی بافڵ كۆتایی دێت، چونكە ئێستا چاوی یەكێتییەكان تەنیا لەسەر ئەم كەسە بێدەنگەیە كە لەدەباشانەوە تەواوی هێز و پارە و دەسەڵاتی یەكێتی بەدەستەوەیە، دواجاریش دەبێت بافڵ تاڵەبانی، مام ئاسا بیر بكاتەوە، بەژەهر دوژمنەكانی بخنكێنێت، بێدەنگییەكەی بافڵ ئەو راستییە دەردەخات، كە" گۆچانە بەهێزەكەی مام دەكەوێتەوە دەست بافڵ جەلال حسامەدین تاڵەبانی".
ژمارەی خوێنەر   ‌ 1455‌
9/12/2019 2:34:49 PM
زیاتر...