کاردۆ عوسمان هەورامی
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کەمترین گرفت و رەخنەی لێگیرا، حزبەکەی خۆشمان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کورسییەکانی لە 17وە کرد بە 18 و لە چەند پارێزگایەک یەکەمی بێڕکابەر بوو، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانی دڵسۆزانیدا نەبوو، بۆیە وەک کادرێکی ئەو حزبە بە باش و پێویستم زانی چەند سەرنجێک بخەمەڕوو، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت.
سیستمێکی ئاڵۆز
ئەوەی من مەبەستمە ئەوەیە، لە خاڵی یەکەمەوە دەستپێبکەم، کە سیستمی سانتلیگۆیە، کە سیستمێکی ئاڵۆز و پڕ لە ژمارە و لێکدانەوەیە بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی کورسییەکان، ئەم سیستمە بەڕێژەی 1.7، وایکردووە لە خزمەتی لیستە گەورەکاندا بێت و زۆرجاریش بەهۆی کۆتا یان بەهۆی کاندیدی بەرامبەر، زۆرجار کاندیدی خۆشت کورسیت کەمدەکاتەوە، لەمجارەدا یەکێتی بەهۆی سیستمی سانتلیگۆ و کۆتاوە، دوو کورسی لەدەستدا، بۆیە گرنگە جارێکی دیکە حسابی تەواو بۆ ئەم لایەنە هونەرییە بکرێت، کە هۆکارێکە بۆ سەرکەوتن، هەر لە دیاریکردنی کاندید و پشتگیری کۆتا و هاوسەنگی لەنێوان دەنگی کاندیدەکان، کە ئەمەش پێویستی بە کەسانی زۆر لێهاتوو هەیە.
دەبێت راشکاو و بەجورئەت بین، دەست بخەینە سەر کەموکورتییەکان، ئەمجارە دەنگی پووچەڵ واتە سوتاو نزیکەی 700 هەزار دەنگ بوو، کە رێژەیەکی پێوانەییە، ئەم دەنگە سوتاوانە گەر بڵێن هەڵە روویداوە بەدڵنیاییەوە بەهەڵەدا چووین، زۆرینەی دەنگە پووچەڵەکانیش لە دەنگدانی تایبەت بوو، بۆیە گرنگە بەدواداچوونی جددی بکرێت و لە نیگەرانی هێزە ئەمنییەکان تێبگەین، بۆچی دەنگەکانیان دەسوتێنن؟ نیگەرانی مووچە و خراپی دۆخی ژیانیانن، یان بەجددی لە حزبەکەی خۆیان نیگەرانن؟ هەرچییەک بێت ناکرێت بەدواداچوونی بۆنەکرێت.
لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتدا نایەکسانی زۆر هەیە، پارتی لە کۆی پێنج دەسەڵات چواری لایە، سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجومەنی ئاسایش و دادوەری، یەکێتی تەنها سەرۆکی پەرلەمانی لادەبێت!
پرۆژەکانی حکومەتی بە حزبی کرد
ئەوەی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەی لە بانگەشەکانی دیکە جیاکردەوە، بانگەشەی پارتی بوو، کە پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی بە حزبی کرد و کردیە دەستکەوت بۆخۆی، ئەمەش نیگەرانی زۆری هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی لێکەوتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی کارگێڕی یەکێتین و حکومەت خزمەتگوزاریی کەمی پێشکەش دەکات، ئەگەر ئەم نایەکسانییە بەردەوام بێت لە خولی داهاتوو، دەبێت چاوەڕوانی دابەزینی دەنگەکان بین و گرنگە حکومەتی داهاتوو بەیەکچاو سەیری هەموو کوردستان بکات نەک تەنها بۆ ناوچەکانی پارتی بکات، هەروەک ئەوەی سەرۆک بافڵ لە بانگەشەدا چەندین جار ئاماژەی پێکرد، بەڵام ئەگەر وانەبوو، ئەلتەرناتیڤی یەکێتی چیدەبێت؟ سێ ساڵی داهاتوو ساڵی یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسەیە و لە ئێستاوە کارکردنی پێویستە.
نایەکسانی زۆر هەیە
لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت نایەکسانی زۆر هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی پێنج دەسەڵات چواری لایە، سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجومەنی ئاسایش و دادوەری، یەکێتی تەنها سەرۆکی پەرلەمانی لادەبێت، ئەمە جگە لەوەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و هەواڵگری و فەرمانگەی دەرەوە و ئابووری کە سامانە سروشتییەکان و شارەوانی و تەندروستی دەکات، هەر لای پارتییە، واتە کۆی گشتی دەسەڵاتە گرنگەکان لای پارتی دەبێت، لانیکەم بۆ ئەم خولە پێویستە یەکێتی وەزارەتی شارەوانی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت کەمێک هاوسەنگی لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بگێرێتەوە و بە روون و ئاشکراش بە پارتی بڵێت: «رێگە نادەین سەرۆکی حکومەت پرۆژەکانی زۆنی سەوز رەتبکاتەوە».
دەنگەکانمان چەند هێندە سەوز بکەین
ئەمەی لەم وتارەدا باسم کرد، چەند رێگەیەکی خێرا و بەپەلەیە بۆ ئەوەی لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا، کە تەنها سێ ساڵی ماوە بتوانین دەنگەکانمان چەند هێندە سەوز بکەین و بۆ هەمووانی بسەلمێنین یەکێتی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئیداری و دیپلۆماسی و کارگێڕی و حوکمڕانیدا پێشەنگە و بە پێشەنگی دەمێنێتەوە.