عەلی عومەر
نیوەڕۆیەکی گەرمی بەغدا بوو، لە نووسینگەکەم دانیشتبووم. وەک پیشەی زۆر جار، دکتۆر بڕیار پەیوەندی پێوە کردم و پێی گوتم سەردانی کۆشکی زەقورە دەکات و ئەگەر کاتم هەبێت، پێکەوە بچین و دواتر پێکەوە نانێک بخۆین. منیش بێ دوودڵی پێم گوت پێکەوە دەچین.
مەبەستی سەردانەکەی لە ئۆتۆمبێلەکەیدا پێ گوتم، کە مۆڵەتی لەگەڵ فەریق سامی سودانی، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیران، هەیە. سەردانەکە لەسەر داواکاریی کۆمەڵێک خاوەن کارگەی سنووری گەرمیان بوو، کە پەنایان بۆ دکتۆر بردبوو. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە بڕێکی زۆر کاشی و مەڕمەڕیان بەرهەم هێنابوو، بەڵام بەهۆی ڕێگرییەکانی بەردەم گواستنەوەیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق تووشی زیانێکی زۆر ببوون و ڕۆژانە زیانەکانیان لەگەڵ تێکچوون و خراپبوونی بەرهەمەکانیان زیاتر دەبوو. ئەم خەمە پێشتر دکتۆر لێی تێگەیشتبوو کە بەهۆی ئەو زیانانەوە چەندین کارگە وەستاون و چەندین گەنجیش بێکار بوون.
بۆیە، لەگەڵ چوونەژوورەوەمان بۆ نووسینگەکەی فەریق سامی، دوای سڵاو و بەخێرهاتن، دکتۆر بڕیار ڕاستەوخۆ بابەتەکەی باس کرد و داواکاریی ئەو خاوەن کارگانەی گەیاند. فەریق سامی ڕوونکردنەوەی زۆری دا و بیانووی جیاجیای دەهێنایەوە کە کارەکە ناکرێت، بەڵام دکتۆر هەر زیاتر سوور دەبوو لەسەر ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. ئەمە بۆ من زۆر تازە بوو؛ تووشی مهوەفقی وانەبووبووم دەگمەن پەرلەمانتار هەیە ئەوەندە سوور بێت لەسەر داواکارییەک و ڕازی نەبێت بە هیچ شتێک تاوەکو کێشەکە چارەسەر نەکرێت، هەر دوای ئەو دانیشتنە داوام لێکردن وێنەیەکیان بگرم و بە دکتۆرم وت ڕۆژێک ئەم چیرۆکە باس دەکەم .
کۆتا بیانووی فەریق سامی ئەوە بوو کە ئەو بەرهەمانە لە سلێمانی دروست نەکراون، بەڵکو هاوردەن. لێرەدا دکتۆر ڕاستەوخۆ مۆبایلەکەی دەرهێنا و پەیوەندی بە خاوەن کارگەکانەوە کرد. دوای ئەوەی دڵنیا بوون لە کارگەکەن، ڤیدیۆی پێ کردنەوە. (لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دکتۆر چۆن شتێکی لەو جۆرە دەکات؟ من لاي خۆمەوە زؤر ئيحراج بووم بەو هەوڵدانە!) پاشان پێی گوتن: "پیشانمان بەن چۆن لێرە دروستی دەکەن؟ کوان ماددە خاوەکان؟ کوان کارگەکان؟ کوان هێڵی بەرهەمهێنان؟" وەڵامی هەموو ئەمانە وەرگیرا، و خاوەن کارگەکە بە عەرەبییەکی ڕوون هەموو شتێکی لە فەریق سامی تێگەیاند.
نازانم کێشەکەیان گەشت بە کوێ چۆن چارەسەرکرا، بەڵام دڵنیام هەر کەسێک گرفتی هەبێت بزانێت بەم جۆرە هەوڵی بۆ ئەدرێت پێش چارەسەرکردن بە هەوڵەکە دڵخۆش دەبێت، بە هۆی ئەم هەڵوێستە و سووربوونی لەسەر داواکاری خەڵک، دوای ئەم دیدارە بوو بە یەکێک لە دۆستەکانی ئەو ڕاوێژکارە باڵایە. ئاگادارم چەندین جار، پەیتا پەیتا، نوێنەری چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان کە گرفتیان هەبووە، بردووەتە لای و کێشەکانیانی بۆ چارەسەر کردوون.
هەر ئەم هەڵوێستە نەبوو، بە دەیان جاری تر بینیمەوە ئەمەی دەکرد. یان ئەگەر کارێکت پێ بسپاردایە، لە جێی خۆی مۆبایلەکەی دەگرت بە گوێوە و کارەکەی چارەسەر دەکرد.
دواتر بەهۆی یەکێک لە سیمینارەکانی لەسەر "خووە وردەکان" بۆم دەرکەوت کە لە کتێبەکەوە فێربووە: "هەر کارێک کەمتر لە ٢ خولەکی پێ دەچێت، ڕاستەوخۆ بیکە و دوای مەخە ".
ئەمەی باسم کرد، چیرۆکی ڕاستەقینەی من بوو لەگەڵ دکتۆر بڕیار. من دەزانم چۆن کار بۆ خەڵک دەکات و چەندە بە دەم خەڵکەوەیە. بۆیە دڵنیام ڕوو زەردی بەردەم ئێوە نابم کاتێک دەڵێم: ئەگەر بۆتان کرا، متمانەتان بەم گەنجە بسپێرن، چونکە بڕیار هەڵبژاردەی گونجاوە بۆ خزمەتکردنێکی بێوچان.