وتار

"سوپاس" بۆ ترەمپ

کاکەلاو عەبدوڵا

جیهان "سوپاس"ـێکی ترەمپ قەرزارە. دەبێت هەموومان دەستخۆشی لێبکەین کە دوای کوژرانی 67 هەزار کەس، لەنێویاندا 20 هەزار منداڵ، "ئاشتی" بەرقەرار کرد و "کۆتایی" بە جەنگ هێنا. "سوپاسی بکەین" کە بە ملیارەها دۆلار چەکی پێشکەش بە نەتانیاهۆ کرد بۆ قەتڵوعامکردنی کەسانی بێتاوان و دواتریش وەک پاڵەوان "بیناسێنین."

ئیتر ئاوایە، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، رۆژئاواییەکان چی و چەند بتوانن بەسەر رۆژهەڵاتییەکان دەهێنن و دواتر هەر خۆیان دێن و دەڵێن: ئێستا کاتی ئاشتییە.

درێژترین، خوێناویترین و وێرانکەرترین جەنگی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان بە نمایشێکی قێزەون کۆتایی هات، نمایشێک وا دەریدەخات رۆژئاواییەکان (ئەمریکا و ئەوروپا) غەزەیان رزگارکرد، بەڵام هەرگیز غەزە پێویستی بە رزگارکردن نەبووە. غەزە پێویستی بەوە بوو مرۆڤایەتی لەپشتی بێت، پێویستی بەوە بوو واز لە خەڵکەکەی بهێنن لە خاکی خۆیان بژین، دوور لە داگیرکاری و جینۆسایدکردن.

جینۆسایدی غەزە جیهانێکی پیشانداین بانگەوازی دادپەروەری دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا بودجە بۆ سەرکەوتکردن و جینۆساید دابین دەکات. ئەو سەرکردانەی ئەمڕۆ هەڵوەدایان بوو لە وێنەکەی "لوتکەی ئاشتی" لە میسر دەرکەون، هەر ئەوانە بوون هێشتیان ئەم جینۆسایدە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە رووبدا، هەر ئەوان بوون بە لێشاو پارە و چەکیان بۆ ئیسرائیل دابین کرد تا منداڵی بێتاوانی پێبکوژرێت، هەو ئەوانیش بوون بە بێدەنگیان نەتانیاهۆیان سوورتر کرد لەسەر خوێنڕێژی و وێرانکاری تا بتوانێت درێژەی زیاتر بە جەنگ بدات، جەنگێک دەکرا ساڵی رابردووش رابگیرێت.

من هەموو جارێک بە چاوقایمیی سەرۆکەکانی ئەمریکا سەرسامم، چونکە هەرجارێک شەڕێک هەڵدەگیرسێت یان رێگە بە جەنگێک دەدەن، دواتر دێن و خۆیان بە پاڵەوان ئەناسێنن. ترەمپ ئەمڕۆ خۆی لە پەرلەمانی ئیسرائیل وتی: ئێمە چەکی بەهێزمان هەیە و زۆریشمان داوە بە ئیسرائیل، نەتانیاهۆ داوای چەکی وایدەکرد من هەر ناویم نەدەزانی، بەڵام پێمان دان و ئێوەش چاک بەکارتان هێنا.

ئەم قسەیە دانپێدانان نەبێت لە هاوکاریکردنی جینۆساید ئەی چی دانپێدانانە؟ ئەگەر ئەم قسەیە سەرکردەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیکردایە و بیوتایە، "چەکی زۆرمان بە حەماسدا و چاکیان بەکارهێنا"، ئەو سەرکردەیە بەربژێردەکرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی؟ یان با بڵێین شی جین پینگ و پوتین ئەمەیان بگوتبا، چی دەبوو؟

ئەم ئایەتەی قورئان رێک بۆ ترەمپ و هاوشێوەکانییەتی کاتێک دەڵێت: ۆإِژَا قِیڵ ڵهُمْ ڵا تُفْسِدُوا۟ فِی ٱلْأَرْچِ قَالُوٓا۟ إِنَّمَا نَحْنُ مُصْلِحُونَ
(کاتێک پێیان دەگوترێ گەندەڵی و خراپەکاری لەسەر زەوی بڵاومەکەنەوە، ئەوان وەڵامدەدەنەوە و دەڵێن: ئێمە چاکەخواز و ئاشتیخوازین)

غەزە شکستی نەهێنا، ئەوە تەواوی جیهانە شکستخواردوو بوو لەوەی وێرانکاری لەکاتی خۆیدا رابگرێت، غەزە بەرەنگاری کرد لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی کەوتن و خۆبەدەستەوەدانی دەکرد. غەزە بەتەنها وەستا کە نەدەبوو بەتەنها بێت، غەزە خۆراگر بوو سەرەڕای فەرامۆشکردنی تەواوی جیهان و ئەو وڵاتانەی پارەیان بۆ وێرانکارییەکەی خەرجکرد و ئێستاش وەک ئاشتیخواز ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن.

دەوترێت لەم جەنگەدا فەڵەستینییەکان شکستیان هێنا، بەڵام شکست روانگەیەکی فراوانی هەیە و دەبێت لە چەند روویەکەوە سەیر بکرێت، بەڵام تاکە فشار کە گرنگ بوو و ئیسرائیل نەیتوانی سەرکوتی بکات، پرسەکەیانە بۆسەربەخۆییبوون، چونکە بیرۆکە نامرێت و گولـلەنەبڕە. 

ئەم جەنگە بیرۆکەکەی فراوانترکردن. ئێستا ئیتر گەنجێکی ئەمریکی، هۆڵەندی، ئیسپانی و ئیتاڵی چیتر بە پڕوپاگەندەکانی ئیسرائیل هەڵناخەڵەتێن، ئەو پڕوپاگەندەیەی چەندین ساڵە ئیسرائیل پارەی زەبەلاحی بۆ خەرج دەکات تا پاساو بۆ کوشتنی منداڵی بێتاوان بهێنێتەوە و گوێی رۆژئاواییەکانی بە زانیاریی ناراست و چەواشەکاری ئاخنییووە.

فەڵەستینییەکان بە راستەوخۆ مردنی خۆیانیان بۆ گواستینەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی جیهان نەڵێن ئاگادار نەبووین و هەواڵە ناراستەکانی ئیسرائیل وەک راستی قبوڵ بکەن. غەزە بەهۆی بەرەنگاری خۆیەوە رزگاری بوو، ئاگربەست کرا چونکە خۆراگری غەزە عەرشی "بیرۆکەی قوربانیبوون"ـی ئیسرائیلی هەژاند، ئەو بیرۆکەیەی چەندین ساڵە خەڵکی پێدەگەوجێنن.

نەتانیاهۆ غەزەی خاپورکرد، بەڵام لە هەمان پرۆسەدا ئەو گەوهەرە بەنرخەی ئیسرائیلیشی تێکشکاند کە چەندین ساڵە وەک پاساو بۆ سەرکوتکردنی فەڵەستینییەکان بەکاریدەهێنن، ئەویش: پاڵپشتی بێچەندوچوونی ئەوروپا و ئەمریکایە.

پێش حەوتی ئۆکتۆبەر، لەم 25 ساڵەی کۆتایی و بەشێکی زۆری سەدەی 20، گوتار (خیتاب)ـی ئیسرائیل ئەوەبوو کە "دەوڵەتیکی جوو" پڕۆژەیەکی پێویستیی ئەخلاقییە و ناوچەیەکی پارێزراوە بۆ دوورخستنەوەی جووەکان لە کوشتن و بڕین لە جیهاندا. 

ئەم گوتارە وەک کۆدێکی ئەخلاقی لە تەواوی وڵاتانی رۆژئاوا چەسپی، ئەو وڵاتانەی مێژوویەکی درێژیان هەیە لەپیادەکردنی  دژە-سامی (رق لێبوونەوە لە جوو) [هەر ئەمانیش سەردەستەی کوشتوبڕی جووەکانن]. 

خۆناساندن وەک "دۆستی ئیسرائیل" لەو وڵاتانە بووە نەریت، بەتایبەت بۆ سیاسەتمەدارە دەرکەوتوو و هەڵتۆقیوەکان. هەر کاتێک ئیسرائیل دژی فەڵەستینییەکان بوەستایەتەوە، وەڵامی وڵاتانی رۆژئاوا بە کۆمەڵ پاڵپشتییەکی تەواو بوو لە "مافی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی."

بەڵام جیهانی تۆڕە کۆمەڵایتییەکان هاوکێشەکەی بەتەواوی گۆڕی، ئەوەی ئیسرائیل لێی دەترسا روویدا. گواستنەوەی دیمەنی کوشتوبڕی فەڵەستینییەکان و وێرانکردنی غەزە بۆ تەواوی جیهان وایکرد، هاووڵاتییەکی ئەمریکی و ئەوروپی لەو جیهانە داتاشراوە بێنە دەرەوە و بەخەبەر بێن تا وای لێهات بە هەزارەها کەس لە ئەوروپا و ئەمریکا بێنە سەر شەقامەکان بۆ بەرگریکردن لە دۆزی فەڵەستین و راگرتنی جینۆسایدی غەزەییەکان.

ئەمە تەنها قسە نییە، هەمووتان بینیتان ئێستا چ بەرگرییەک لە فەڵەستین دەکرێت لەنێو خەڵکی ئاسایی رۆژئاوا. تەنانەت چەندین راپرسی رۆژنامە گەورەکان ئەوە دەردەخەن ئێستا ئەمریکییەکان زیاتر لەگەڵ دۆزی فەڵەستینن وەک لە ئیسرائیل. 

هەر راستەوخۆ دوای 7ی ئۆکتۆبەر، لە راپرسییەکی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دەرکەوت 47%ـی ئەمریکییەکان پشتگیری ئیسرائیل دەکەن لەبەرامبەر 20% کە پاڵپشتی لە فەڵەستینن. بەڵام دوای دوو ساڵ لە جەنگ، هەمان رۆژنامە مانگی رابردوو راپرسییەکی کرد و ئەمجارە، 35%ـی خەڵکی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ فەڵەستین دەربڕیووە بەراورد بە 34% بۆ ئیسرائیل. 

هەر ئەمەش نا، گەورە کۆمپانیای گالوپ کە لە ئەمریکا ناسراوە بۆ راپرسی بێلایەن و ورد، ئەمساڵ راپرسییەکی لەسەر هەمان بابەت کرد و دەرکەوت، 60%ـی ئەمریکییەکان ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دژی غەزە رەتدەکەنەوە و پەسەندی ناکەن، لەکاتێکدا تەنها 32%ـی خەڵکی وڵاتەکە بەلایانەوە پەسەندە. (هەردوو راپرسییەکە لە کۆمێنت دادەنێم.)

ئەگەر حەوتی ئۆکتۆبەر هیچ سەرکەوتنێکی تێدا نەبێت بۆ فەڵەستینییەکان، ئەوە بەسە تەواوی جیهانی بەخەبەرهێنا و ئێستا گەنجێکی ناو تیکتۆک راستییەکان وەک خۆی دەزانێت و بەرگریشی لێدەکات. لە جەنگێکی ئاوا نابەرامبەردا ئەوە بەسە بتوانیت پرسی نیشتمانیت بهێنیتەوە بەرباس، ئەوە سەرکەوتنە چونکە بیرۆکە گولـلەنەبڕە و هەڵگرانی مەشخەڵی بەرەنگاری و دژە ستەم و داگیرکاری زۆرن. ئەم جیلە نەتوانێت، جیلی داهاتوو یان داهاتووتر دەتوانێت خاکی دزراوی فەڵەستین بگەڕێنێتەوە

 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 482‌
10/15/2025 3:30:14 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.