د. ئیسماعیل نه‌جمه‌دین
له‌كۆبوونه‌وه‌کەدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى فیدراڵى بڕیاریدا فایلى كێشه‌ى داهاته نانه‌وتییه‌كان له‌نێوان حكومه‌تى فیدراڵى و هه‌رێم، ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت بكات. ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كى ده‌ستووریى و یاساییه له عێراقدا كه كارى بنچینه‌یى دادوه‌ریى كارگێڕییه، له‌ته‌نیشت ئه‌وه‌شه‌وه دوو وه‌زیفه‌ى گرنگى دیكه‌ى هه‌یه: داڕشتنى پرۆژه یاساكان، له‌گه‌ڵ پێدانى ڕا‌وبۆچوونى یاسایى به لایه‌نه باڵاكانى عێراق له وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ته‌وه، له‌مه‌ڕ ڕاڤه‌ى ده‌قه یاساییه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌بابه‌تى ناردنى ئه‌و پرسه جێناكۆكه بۆ ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت و نه‌ناردنى بۆ دادگاى باڵاى فیدراڵى، بۆ خۆى جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه!
به‌ڕاوبۆچونێكى بێلایه‌نانه حكومه‌تى فیدراڵى پێىوایه له‌چوارچێوه‌ى ده‌قه ده‌ستورییه‌كان بابه‌تى داهاته نانه‌وتییه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ى داهاته‌كانى نه‌وت و گاز (م111، م112 به‌بڕگه‌كانییه‌وه) چاره‌سه‌ر و دیارینه‌كراوه به‌ڕوونیى تاوه‌كو دادگاى باڵاى فیدراڵى ڕاڤه‌ى ده‌ستوریى گونجاوى بۆ بكات. ئه‌مه له لایه‌ك، له‌لایه‌كى دیكه‌وه ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران لەڕێگه‌ى ده‌ركردنى یاساى به‌ڕێوه‌بردنى دارایى ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌و پرسه‌ى ڕێكخستوه (به‌ڕه‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى نوێنه‌رانى كورد له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه ئاگادارى ده‌ركردنى ئه‌و یاسا گرنگه‌ن)، بۆیه ئه‌گه‌ر ناڕوونییه‌كیش هه‌بێت له ده‌قه یاساییه‌كانى هاتوو له‌و یاسایه‌دا، ئه‌وا لایه‌نى تایبه‌تمه‌ند به ڕاڤه‌كردنى ده‌قى یاساكان، دادگاى باڵاى فیدراڵى نییه؛ به‌ڵكو ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ته، ئه‌وه‌ش به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕێكخستنى تایبه‌تكارییه‌كانى هه‌ردوو دامه‌زراوه له ده‌ستوور و یاسا به‌ركاره‌كانیشدا.
پاڵپشت بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ش دادگاى باڵاى فیدراڵى له‌چه‌ندین بڕیاریدا ئه‌وه‌ى خستۆته‌ڕوو، كه ئه‌و لایه‌نى تایبه‌تمه‌ند نییه به ڕاڤه‌كردنى ده‌قى یاسا ئاساییه‌كان (واته ئه‌وانه‌ى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانه‌وه ده‌رده‌كرێن)، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئه‌و داوانه‌ى ڕه‌تكردووه‌ته‌وه.
له ڕووى یاسا و لۆژیكه‌وه نابێت ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت ڕاڤه‌ى ئه‌و بابه‌ته بكات
به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كه له‌چوارچێوه‌ى پێكهاته‌ى فیدراڵى له‌عێراقدا، له‌به‌رانبه‌ریشیدا له‌هه‌رێم هه‌مان ده‌زگا و به‌هه‌مان تایبه‌تمه‌ندى بوونى هه‌یه، ئه‌ویش (ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێم)ـه، كه به یاساى ژماره (14)ـى ساڵى 2008 كاره‌كانى ڕاییده‌كات و یه‌كێك له تایبه‌تكاره‌ییه‌كانى بریتییه له پێدانى ڕاوبۆچوون و ڕاڤه‌ى یاسایى به‌و لایه‌نه فه‌رمییه باڵایانه‌ى داواى ده‌ربڕینى ڕاى لێده‌كه‌ن.
كه‌وابێت له‌ڕووى یاسا و لۆژیكه‌وه نابێت ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت ڕاڤه‌ى ئه‌و بابه‌ته بكات، چونكه دوو لایه‌نى پرسه‌كه دوو لایه‌نى كارگێڕیى سه‌ر به حكومه‌تى فیدراڵى نین تاوه‌كو ئیحتكام له نێوانیاندا بكات، به‌ڵكوو دوو لایه‌نى سیاسى و ده‌ستوریین و هه‌ر‌یه‌كه‌یان به‌پێى ده‌ستوور پێگه‌یان ڕه‌نگڕێژكراوه.
له‌ئه‌گه‌رى ده‌ربڕینى ڕاى ڕاڤه‌كاریش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ته‌وه، ئه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى فیدراڵى بێت، ئه‌و كات له ڕووى یاساییه‌وه بۆ حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند نابێت، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ڕا ده‌ربڕینه‌كه پابه‌ندكارانه نییه، به‌ڵكو ڕاوێژكارییه. له دیوێكى دیكه‌شدا ئه‌نجومه‌ن له ڕاڤه‌كردنه‌كه‌یدا پشت ده‌به‌ستێت به یاسای به‌ڕێوه‌بردنى دارایى ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ش هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى ناوه‌ند شكاوه‌ته‌وه.
بۆیه چاره‌سه‌رى گونجاوتر و كاریگه‌رتر ئه‌وه ده‌بوو، ئه‌و پرسه بخرێته به‌رده‌م دادگاى باڵاى فیدراڵى له سه‌ر بنه‌ماى مادده‌ى (93/ چواره‌م) له ده‌ستور و مادده‌ى (4/چواره‌م) له یاساى ژماره (25)ـى ساڵى 2021 یاساى هه‌موارى یه‌كه‌مى فه‌رمانى ژماره 30 ساڵى 2005 یاساى دادگاى باڵاى فیدراڵى و له‌به‌ر ڕۆشنایى و ڕێكاره‌كانیى مادده‌ى (9/یه‌كه‌م) له په‌یڕه‌وى ناوخۆى دادگاى باڵاى فیدراڵى ژماره 1ـى ساڵى 2025، به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌یه‌كى نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فیدراڵى، چونكه ئه‌وه تایبه‌تكارییه‌كى ڕاست و ڕاشكاوى دادگاكه‌یه و بڕیاره‌كانى دادگاش وه‌ك زانراوه پابه‌ندكاره بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه.