محەمەد حەمەساڵح
لەم سەردەمەدا کەشوهەوای تەواوی جیهان گۆڕاوە و پلەی گەرمیی گۆی زەوی بەرزبووەتەوە، لە هەندێک شوێنی سەر زەوی رێژەی بارانبارین زیادی کردووە تا ئاستی زریان و لافاوی کارەستبار، لە زۆربەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش وشکەساڵی و بەبیابانبوون مەترسییەکی سامناکی دروستکردووە، لەنێویاندا ئێران و عێراق و بەتایبەتییش هەرێمی کوردستان زۆر بە سەختی بەرکەوتوون.
دۆخەکە هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەم وڵاتانە دروستکردووە و بە بەرچاوەوە ئاوی رووبار و کانیاوەکان تەواو کەم بوون و ئاستی ئاوی ژێر زەویش بە هەمانشێوە دابەزیوە، هەروەها رێژەی بارینیش کە (بەفر، باران و تەرزە) دەگرێتەوە گەلێک ساڵ بۆ نیوە دادەبەزێت، ئەمساڵی 2025یش بووە بە کەمتر لە نیوە، ئەگەر ساڵانی داهاتوو بەم شێوەیە بێت رەنگە ژیان لەم وڵاتانەدا نەمێنێت یان گەلێک کارەساتی چاوەڕوان نەکراو لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. بەهەرحاڵ با بڵێین عێراق، ئێران و تورکیا دەوڵەتن و خاوەنی دەزگا و دامەزراوەن و رەنگە بتوانن مەترسی و کاریگەریی کەم بارانی و کەم ئاویی تاڕادەیەک کەم بکەنەوە لەسەر خەڵکەکەیان، بەڵام لەم دۆخی ئیدارەدانی هەرێمی کوردستانەدا مەسەلەکە زۆر سەختتر دەکەوێتەوە و مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، کە نەخشە و پلانەکان چۆن دەگوزەرێن بۆ چارەسەر و وەک کایەکانی دیکەی ژیانمان لۆجیکی (خوا چاکی بکات) بەڕێوەی دەبات.
بۆ ئاگاداری، ئێستا تورکیا پرۆژەی بەنداوەکانی گاپی تەواو کردووە و بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان %80ـی ئاوی فورات و %47ـی ئاوی دیجلە دەگرێتەوە، لەم بوارەدا پابەند نییە بە رێککەوتنی نێودەوڵەتییەوە، ئێرانیش دەیان بەنداوی دروستکردووە و رێڕەوی زێ و رووبارەکانی خۆی گۆڕیوە و تەنها لە ئاوڕێژی حەوزی دەربەندیخان %70 و حەوزی دوکان %40ـی ئاوی گرتووەتەوە لێمان.
لە زۆربەی شار و گوندەکانماندا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بیر و ئاوی ژێرزەوین و زۆرێک لەوانەش کەمیان کردووە یان بە تەواوەتی وشک بوون. هەر بەم هۆکارە کەمبوون و وشککردنی ئاوی بیرە قووڵەکان و چەم و کانیاوەکانیش گرفتی گەورەی بۆ کشتوکاڵی بەراو دروستکردووە و ئاژەڵدارییش لە وڵاتدا تووشی تەنگژەیەکی گەورە بووە، وابڕوات کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نامێنێت، کە رێکوڕەوان ئاسایشیی خۆراک دەگەیەنێت و ئەودەمە هاوردەش وەک ئێستا نامێنێت، ئەنجامی ئەمەش گرانیی و برسێتی دەبێت، کە ئیدارەی ئەم هەرێمە کەمترین بیری لێ نەکردووەتەوە.
شار و شارەدێکانمان تا دێت بەرفراوان دەبن و لە شارە گەورە و نیمچە گەورەکانیشماندا خانووبەرە بە هەردوو شێوەی ستوونیی و ئاسۆیی زیاد دەکەن، چینی وەبەرهێن و شەریکەکانیان لە حوکم و دەسەڵاتدا ئامانجیان قازانجە و وەک پێویست باکیان بە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی حەشاماتی خەڵک نییە کە بە گۆترەکاری و بێ سەروبەر بۆ نیشتەجێبوون دەڕژێنە شارەکانەوە. لەمەودوا پەندە کوردییەکەی کە دەڵێت: «خۆ بنی لە ئاو نییە» چیتر دادمان نادات و دەرکەوت، ئاویش بنی هەیە و ئەوەتا گەلێک شارمان تینوون و وا خەریکە بەشێک لە خەڵکی هەولێر، سلێمانی، چەمچەماڵ و چەندین شاری دیکە لەبەر تینوێتی دەخنکێن. تەنانەت خاوەن تانکەرە ئاوی (بەناو خواردنەوەش) فریای هاووڵاتییانی شارەکان ناکەون و بازاڕێکی گرانفرۆشیی چاکیان بۆ ئاو دروستکردووە و نرخ و مەرجی خۆیان دەسەپێنن.
ئیدارەدانی ئاو لە شارێکی وەک سلێمانیدا (کە منی لێ دەژیم و بە چاوی خۆم دەیبینم) خراپە و تەنانەت نەتوانراوە دابەشکردنیشی رێک بخرێت، هەندێک گەڕەک ئۆتۆمبێلی لەبەر دەرگا پێ دەشۆن و هەندێکیش لە بێ ئاویدا نزیکی خنکان بوونەتەوە. ئەم مەترسییە دوور مەودایە و پلانی ژیرانەی دەوێ، هاوڵاتی هەست ناکات حکومەتەکەی لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت و هەقیشیەتی. تۆ بڵێی عەقڵی وردی بازرگانیی حکومەتەکەمان بیری لەوە نەکردبێتەوە ئەم سێکتەرەش وەک کارەبا، نەخۆشخانەی ئەهلی، پەروەردەی تایبەت و هەموو شتەکانی دیکە بداتە کەرتی تایبەت؟!.