دانا حامید
ئەمە سەدەیەکی پڕ ململانێیە، بەڵام ململانێی نێوان زلهێزەکان چیتر لەسەر شێوازی رابردوو نابێت، هاوکێشەی هێزی گەورە چیتر بە ژمارەی تانک یان مەودای مووشەکەکانی نێوان کیشوەرەکان ناپێورێت، ئەوەی ئەمڕۆ هاوسەنگی هێز دیاری دەکات، بواری دیجیتاڵی پێشکەوتنەکانە لە بواری زیرەکیی دەستکرد و رۆبۆت.
لە جیهانێکدا کە نەخشەکانی باڵادەستی لە جوگرافیاوە بۆ داتا گۆڕاون، یەکێک لە مەترسیدارترین و قووڵترین رووبەڕووبوونەوەکان لە مێژووی هاوچەرخدا پەرەی سەندووە، ئەویش پێشبڕکێی نێوان ئەمریکا و چینە بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهان لە زیرەکیی دەستکرددا.
ئەمە کێبڕکێی نێوان دوو کۆمپانیا یان تاقیگە نییە، بەڵکو رکابەرییەکی شارستانییە کە لەژێر زەمینی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی نهێنییەوە تا قاتەکانی پێنتاگۆن، لە تاوەرەکانی پەکینەوە تا زانکۆکانی دەگرێتەوە، زیرەکی دەستکرد بە مۆدێلی زمان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕ و سیستمی ئاڵۆز، بووەتە ئەو چاویلکەیەی کە لە رێگەیەوە مەودای کەلتوری نێوان دوو دەوڵەت دەپێورێت.
ئەم بابەتە چیرۆکی ئەم ململانێ ئاڵۆزە دەگێڕێتەوە، لە بەرەی ئەلیکترۆنییەوە تا سەنگەر، لەژێر زەمینی تاقیگە زانستییەکانەوە تا ئەو رێگایانەی کە رای گشتی لە قاڵب دەدەن، ئێمە لە قووڵایی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانەوە شۆڕدەبینەوە و لە بەرەکانی شەڕی نوێ دەکۆڵینەوە.
گۆڕەپانی یەکەم: نەرمەکاڵا و زانیاری
لە پێشبڕکێی چەکی تەکنەلۆژیای ئێستادا، هەردوو وڵاتی چین و ئەمریکا بەرەو یەکخستنی زیرەکی دەستکرد (AI) لە ناوەڕۆکی تەلارسازیی سەربازیی خۆیاندا دەڕۆن، بەتایبەتی لە سیستمی فەرماندەیی، کۆنترۆڵ، پەیوەندیی، کۆمپیوتەر، هەواڵگری، چاودێری و سیخوڕی.
دیدگای چین لە مۆدێرنەکردنی سیستمەکانی ئێستا تێدەپەڕێت،AI و داتا گەورەکان بەردی بناغەی پشتگیریکردنن لە بڕیاردان و دیاریکردنی ئامانجەکان و تەنانەت ئەنجامدانی ئەوەی کە بە «جەنگی هۆشیاری» ناسراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سوپای چین قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بە «جەنگی زیرەک» ناودەبات، پرۆسێسکردنی زانیارییەکانی مەیدانی شەڕ بە ئۆتۆماتیکی دەکات و تەنانەت پرۆسەی بڕیاردانی نەیارەکەی خۆی دەکاتە ئامانج.
بە کورتی، بەدواداچوونی چین بۆ AI تەنها ئامانجی خێراکردنی ئەرکە رۆتینییەکان نییە، بەڵکو ئامانجی خوێندنەوەی مێشکی نەیارەکانیشە!
شرۆڤەکارانی ستراتیژی ئاماژە بەوە دەکەن، چین لە «جەنگی زیرەک»دا تیشک دەخاتە سەر «جەنگی هۆشیاری»، واتە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد «راستەوخۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیرادەی دوژمن»، لە سەرکردە باڵاکانەوە تا دانیشتوانی مەدەنی.
لەبەرامبەردا سوپای ئەمریکا، وەبەرهێنانێکی زۆر لە ئامرازەکانی AI بۆ شەڕی سەردەمی زانیاری دەکات، بەڵام بە پاڵنەرە ستراتیژییە جیاوازەکان، ئێستا پێنتاگۆن باس لە بەدەستهێنانی ئەو شتە دەکات کە پێی دەڵێت «باڵاتربوونی بڕیار»، بۆ فەرماندە مەیدانییەکان بە فراوانکردنی بەکارهێنانی AI و شیکاری داتا لە سەرجەم لقەکانی هێزە چەکدارەکاندا.
سەرەڕای ئەم کێبڕکێ هێمنانەیە، هەردوولا ئاگاداری مەترسییە ئەگەرییەکانن، لە کاتێکدا پلاندانەرانی ئەمریکا ترسیان لە پشتبەستنی تەواو بەم تەکنەلۆژیایانە هەیە، شیکاران لە سوپای ئازادی گەل (PLA) هۆشداری دەدەن لەوەی متمانەی زۆر بە بەدەستهێنانی «باڵادەستی مەعریفی» دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیاری هەڵە کە سەرکردایەتی بەلاڕێدا دەبات.
راپۆرتێکی ئەم دواییەی مایکرۆسۆفت، هۆشداری داوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی چین، کە پشت بە دروستکراوی AI دەبەستن، بۆ کاریگەریی دروستکردن لەسەر رای گشتی لە ئەمریکا و وڵاتانی تری جیهان.
گۆڕەپانی دووەم: چەک و ئامێر
هەردوو زلهێز (ئەمریکا و چین) هەوڵدەدەن زیرەکی دەستکرد، لە ئامێر و کاڵای سەربازییدا جێگیر بکەن و بە کاربهێنن، لە ئاسمانەوە تا زەوی، لە سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسمانییەوە تا «سەگی رۆبۆتی» و ئۆتۆمبێلی رێنمایی لەسەر زەوی، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر سەربازەکان و زیادکردنی ژمارەی هێزەکان.
پێشبڕکێکەش بەتایبەتی لە بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەكاندا چڕبۆتەوە، سوپای ئەمریکا و چین خاوەنی چەندین جۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن کە بۆ ئەرکەکانی چاودێری و هێرش و خۆدزینەوە دروستکراون.
لەسەر زەوی کۆمپانیاکانی رۆبۆتیک، لە هەردوو وڵات پەردەیان لەسەر ئۆتۆمبێلی رێنمایی کراو بە شێوەی جۆراوجۆر لاداوە، کە هەندێکیان لە ئاژەڵ دەچن، وەک سەگی رۆبۆتی و هەندێکی تریان شێوەی سندوقیان هەیە.
پێشبڕکێکە تەنیا لە سەگی رۆبۆتیدا سنووردار نییە؛ بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بواری فراوانتری ئۆتۆمبێلە زەمینییە بێ سەرنشینەکانیش.
بە کورتی جیاوازی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیی نێوان هەردوولا بەرتەسک بووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا هێشتا پلاتفۆرمی ناوازە پەرەپێدەدات، (وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە جەنگاوەرەکانی بۆینگ یان رۆبۆتە قورسەکانی بۆستن داینامیکس)، رۆبۆتیکەکانی چینیش کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرهەم دەهێنرێن و تێچووی کەمیان هەیە، (هەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەم ئۆتۆمبێلی زەمینی) و بازاڕە ناوخۆییە گەورەکەی بە خێرایی فراوان دەکات.
گۆڕەپانی سێیەم: بەکارهێنان لە بواری مەدەنیدا
لە گۆڕەپانێکی تر کە دوورە لە تانک و فڕۆکە جەنگییەکان، پێشبڕکێی پێشکەوتنی زانستی لە جیهانی زیرەکی دەستکرددا بە روونی دیارە، بەتایبەتی لە بواری AIی چات بۆت و خزمەتگوزارییە زیرەکەکان بوونەتە ئایکۆنی سەرکردایەتی تەکنۆلۆژیا و باڵادەستیی گەلان.
پەرەسەندنی پێشبڕکێی AI لە نێوان ئەمریکا و چیندا لە یەک کەرت زیاترە و چەندین لایەنی تر لەخۆدەگرێت، لە بەرەی سەربازیدا، ئەم رەگەزە دەست دەکات بە کاڵکردنەوەی جیاوازییە تەقلیدییەکانی نێوان چەمکەکانی «هێرش» و «بەرگری»، ئامرازەکانی AI دەبنە بزوێنەری سەرەکی چاودێری و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و تەنانەت ئاراستەکردن و کاریگەریی دروستکردن لەسەر مێشکی دوژمن و وەکو تۆپ و مووشەک گرنگن.
لە بواری رەقەکاڵادا، ئێمە بەرەو بەرەکانی شەڕی داهاتوو هەنگاو دەنێین کە پڕن لە هێزی رۆبۆتی سەربەخۆ و رەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەستەوەری زیرەک، ئەمەش پرسیاری قووڵی ئەخلاقی دەوروژێنێت و تەحەدای نوێ بۆ سەقامگیری جیهانی دروست دەکات.
لە بواری تەکنۆلۆژیادا، ئەم پێشبڕکێیە بەو مانایەیە کە نەوەی داهاتووی کۆمپیوتەر- مۆدێلی زمانی گەورە و پلاتفۆرمی زیرەکی دەستکرد- لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکی و چینییەکانەوە زاڵ دەبن، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەیان پێدەبەخشێت، کە ملیارەها کەس لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەیبینن و هاوبەشیان دەکەن.
لە رووی زانستییەوە ئەم پێشبڕکێیە بەڵێنی پێشکەوتنی خێرا دەدات لە بوارە گرنگەکانی وەک پزیشکی، وزە و توێژینەوەی بنەڕەتیدا، ئەم کێبڕکێیە رەنگە داهێنانەکان خێراتر بکات، بەڵام مەترسیش هەیە کە رۆڵی هەبێت لە تێکدانی سیستمی جیهانی.
دەرئەنجامی پێشبڕکێ بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهان
تەکنۆلۆژیا لە جیهاندا زۆر دوورە لە یەکلاکردنەوە، ئەمریکا هێشتا دەستی باڵای هەیە لە دیزاینی پێشکەوتووی رەقەکاڵای AI و توێژینەوەی کراوە و کارگێڕی تەکنۆلۆژیا، لەبەرامبەردا چین لە رووی قەبارەی داتا بەردەستەکان و هەماهەنگی حکومەت و قەبارەی بازاڕی ناوخۆیی خۆیەوە سوودی گەورەی بەدەستهێناوە.
لە میانی دیبەیتێکدا لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی 2024، لەکاتی پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاسای ساڵانەی رێگەپێدانی بەرگری، یاسادانەران باسیان لە هەڕەشەیەکی نوێ کرد، کە هەندێک دەڵێن نوێنەرایەتی ئاستێکی جیاوازی شەڕ دەکات کە ئەویش: سەگی رۆبۆتییە کە دۆشکە هەڵدەگرێت، کە چین لە ئێستادا لە مەشقەکانیدا بە کاری دەهێنێ و ئەگەری هەیە لە ململانێکانی داهاتوودا سوودی لێ ببینێت، ئەو سەگە رۆبۆتییە چینییانە سەرنجی وڵاتانی جیهانی راكێشاوە.
لە راستیدا ئەمریکاش لەم بوارەدا تاقیکردنەوە دەکات، لە ساڵی 2023دا پێنتاگۆن رۆبۆتی زەمینی چوار پێی تاقیکردەوە، لەم چوارچێوەیەدا، شین جین پینگ، سەرۆکی چین داوای کردووە، تا ساڵی 2030 وڵاتەکەی ببێتە پێشەنگی جیهان لە بواری زیرەکی دەستکرددا، کە لایەنێکی تەواوکەری پیشەسازی رۆبۆتیکە، هەروەها داهێنانی سەربازیی خستۆتە دڵی بەرنامەکە و هانی بواری سەربازیی وڵاتەکەی داوە، کە لەگەڵ کۆمپانیا دەستپێشخەرەکانی کەرتی تایبەت و زانکۆکان کار بکەن.
چین لە ئێستادا وەک رکابەرێکی بەهێزی ئەمریکا دەبینرێت لە دروستکردنی رۆبۆت بۆ مەبەستی سەربازی و پەرەپێدانی باشترین تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، لە راستیشدا توانای چین بۆ رکابەریکردن یان تێپەڕاندنی ئەمریکا لە بواری AI، وایکردووە سوپای ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی بە خۆیدا بچێتەوە.