وتار

لۆ بزرم؟

ستران عەبدوڵڵا

بە هەولێرییەکی خۆش و شیرین دەڵێ (عەزیزی من لۆ بزرم.. کورە رەشکەوە)

بەڵام عەزیزم بە خودای رەشی ناکاتەوە، چونکە نانی چەواشەکارییەکەی لەوەدایە.

وەڵلا دەنا رەشکاتەوە هیچی نامێنێت پەخشی بکاتەوە، ئەدی رەشکاتەوە چۆن درۆی پارەدارکراو سپی بکاتەوە؟

ئیشەکەی ئەوەیە شمەکی درۆ لە بازاڕی هەڵمەتی پیلانگێڕی و رووماڵی دەلەسە، ساغبکاتەوە.

نەکراوە و نەبووە کە جەماعەتێک بەیانییان باسی ئاڤاکردنەوەی وڵات و ئارامی و ئاسایش بکەن و ئێوارەکەی کەناڵی ئەحبابیان هەموو شتێک بڕووخێنێت بەسەر یەکدا.

بەیانییان بە قات و ریباتەوە باسی نیشتمان و حکومەت و یەکڕیزیی کورد دەکەن و، ئێوارەکەی بە بیجامەوە لە پەیجی سێبەر  و شەوەکەی بە پۆشاکی ریلاکسەوە لە کەناڵی پارەدارکراو، هیچی تیاناهێڵن.
بزمارە و بزمارە و نەخێر... بزمار نییە، مێخە.

چاویان نابینایە لە ئاستی بەسەرهاتەکانی هەولێر و سلێمانییان پێ فوستاتی شەڕە، هەرچی ئاوەڕۆی رق و کینەی هەیانە، رووی لە کانیاوی پاکی سلێمانی دەکەن.

ئەوان پێیان خۆشە سلێمانی بۆ ئارامی و یاساپەروەری یەکلانەبێتەوە. لای ئەوان بۆچی باشە ئەم دەڤەرە؟ با خەڵکەکەی قەت نەحەسێنەوە و هەمیشە بە پلان و ئەزێتدان، دەورەدرابن. شاری (هەڵمەت و قوربانی)ـیە و بۆ ئەوەی بۆ هەڵمەت و بووژانەوە راستنەبێتەوە، پێویستە هەمیشە (قوربانی) بێت.

نەکراوە و نەبیستراوە.. رووداوی پایتەخت و شەڕی عەشرەت قەت نابێتە هەواڵ، بەڵام گێڕانەوەی پلانگێڕی و کودەتایان  لە نیوەی رێ، پێ حەیف و مەخابنە.

ئاخری عەزیزم کوی رەشکاتەوە؟ ئەو هەموو ئیشەکەی بڵاوکردنەوە و پەخشی دڵەڕاوکێیە و بۆ ئەمە ژووری ئۆپراسیۆنی دەمەزەردکردنەوەی نیگەرانی و بێئومێدکردن و لەبیربردنەوەی مووچە و گوزەرانیان داناوە.

ئیشی ئەوان ئاواکردنەوەی ئارامی و دڵنیایی نییە، ئەوان بە سروشت و بە تۆمار و بە بەسەرهات، ماڵی شێواویان دەوێ و شڵەژان و پەتی باریکی نێوان ئارامی و یەکلاکردنەوەیان پێ خۆشە.حەزیان لە ئارەقی شەرم و  پەرۆشی نییە، کەیفیان بە فرمێسکی تیمساحییە.

 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 439‌
8/24/2025 11:00:51 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.