کاروان ئەنوەر
لە یەكەم سەفەرمدا بۆ پاریس ساڵی 2007 كەسێكم نەدەبینی، كتێبێك، گۆڤارێك، رۆژنامەیەكی بەدەستەوە نەبێت. لە میترۆكاندا هەموو سەرقاڵی خوێندنەوە بوون، هاوڕێیەكی سەفەرم دەیوت ئەم میللەتە لەم هەموو سەعیكردنە بێزار نابن!؟، دەڵێی هەموویان تاقیكردنەوەی بەكالۆریایان هەیە!!
مێژووی ئێمەی مرۆڤ و كاغەز، وەك دوانەیەكی یەكانگیر، قەرزارباری یەكترین، بیرو هۆش و شۆڕش و پێشكەوتن و ژیریمان بە كاغەز بوو، كاغەز لە قۆناغی كۆمۆنەی سەرەتاییەوە كردینی بە مرۆڤ، كردینی بە ژیرترین بونەوەرەكانی سەرزەوی و ئێمەش بەهۆی كاغەزەوە زەویمان بۆ خۆمانی مرۆڤ قۆرغ كرد، ئێستاش خەریكین دەیشێوێنین.
سەفەری دووەمم بۆ پاریس ساڵی 2011 بوو، جیاواز لە سەفەری پێشووم، تاك و تەرا خەڵكم دەبینی، كتێب، گۆڤار، رۆژنامەی كاغەز بخوێننەوە!! ئەمجارەیان هەر مرۆڤێك (گوێگرە- هێتفۆن)ێكی لە گوێدا بوو خۆی سەرقاڵ كردبوو، یان سەری بەسەر مۆبایلەكەیدا شۆڕكردبوەوە و ئاگای لە دەوروبەر نەمابوو!!
چوار ساڵ هێندەی چوارسەد ساڵ گۆڕانكاریی خوڵقاند!!
هەر لەو سەفەرەی دووەممدا، یەك زنجیرەی ریزكراوی زۆر دوورودرێژی گەنجانی كوڕو كچم بینی بێ نۆرەبڕی بە ئاقڵانە یەك لەدوای یەكتر، درێژییان چەند سەد مەترێك دەبوو، بەهێمنی راوەستابوون، لەو ساتەدا د.لوئەی جافم لەگەڵ بوو، من حەپەسابووم لەو حەشاماتە و لێیان ئەبڵەق بووبووم، لوئەی وتی: ئەمڕۆ یەكەم رۆژە مۆدێلێكی تازەی مۆبایلی ئایفۆن دەخەنە بازاڕەوە و خەڵكەكە هەڵپە دەكەن دەیانەوێت بیكڕن. ئەوسا زانیم ئەمە خولیای تەكنۆلۆجیا و مۆبایلە مێشكی خەڵكی سەرزەمینی تەنیوە، خەڵكی لە خوێندنەوەی كاغەز تۆراندووە.
لەبەرامبەر ئەو بازاڕەی ئایفۆنەكەی تێدا دەفرۆشرا و جەنجاڵییەكەی دروستكردبوو، كۆشكێكی بچوكی گۆڤار و رۆژنامە و كتێب هەبوو، یەك خوێنەری لا نەوەستابوو، ئێمە دووربەدوور سەیری گۆڤار و رۆژنامەكانمان دەكرد، شتێك زۆر سەرنجی راكێشام: لەناو زەرفێكی نایلۆنی ئاویدا بەشێوەیەكی جوان گۆڤارێكی فەرەنسی و جووتێك پاپوچ (نەعل)ی ژنانەی سەر فەرشم بینی، بە هاوڕێكەم وت:
سەرم لەمە دەرناچێت، نەعل و گۆڤار!؟
وتی: لە سەفەری پێشووی تۆ لەساڵی 2007 دا، ئەم گۆڤارە نزیكەی 100 هەزار دانەی چاپدەكرد و هەمووی دەفرۆشرا، ئێستا خەریكی مایەپوچ بوونە و ئەم پاپوچانەی خراونەتە ناو كیسەكەوە تەنها بۆ ئەوەیە لەبەر خاتری پاپوچەكە گۆڤارێك بكڕیت و بیخوێنیتەوە!
وێنایەكی سەیرە، عەرشی كاغەز لە ماوەی چوار ساڵدا چۆن شێوا؟!
منیش بەبێ ئەوەی فەرەنسی بزانم، بە بەهای (1) ئیۆرۆ گۆڤارێك و جووتێ نەعلی ژنانەم كڕی و بە د.لوئەی-م وت:
ئەمە وەك دوو سەدەی جیاواز، یان دوو چینی ئاسمانی جیاواز وایە، عەرشی كتێب و كاغەز شێواو تێكچوو، شوێنگرەوە زۆر بوو، بۆیە لۆجیك وەك ئەم زەرفەی دەستی منی لێهات.
هەر لە ئۆتێلەكە گۆڤارەكەم بەجێهێشت و جووتە پاپوچەكەم هێنایەوە بۆ كوردستان، بە دیاری پێشكەشی ژنەكەمم كرد.
وتی: ئەمە چیە؟ وتم ئەمە روخانی شارستانیەتە.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.