سەعدی ئەحمەد پیرە
مێژووی درێژی خەباتی نەتەوایەتی کورد لە وێستگە و قۆناغە جیاوازەکانیدا تژین لە ئەزموون و رووادوگەلێک کە دەکرێ لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا پەند و عیبرەتی زۆری لێوەربگرین . بە تایبەتیش لەو قۆناغەی ئێستادا کە سەرکردایەتی کورد ناچار بووە لەگەڵ مەرکەز بکەوێتە گفتوگۆو دانوستانەوە بۆ دەستبەرکردنی مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان .
بەدرێژایی ساڵانی خەباتی رزگاریخوازی کورد هەمیشە لە وێستگە جیاکانی خەباتی شاخدا سەرکردایەتی کورد لەتەک خەباتی ڕەوای چەکداریدا ، هەوڵی دیبلۆماسی و سیاسانەی خۆیداوە لەرێگەی گفتوگۆ دانوستانەوە مافەکانی میللەتەکەی بەدەستبهێنێ ، بەڵام زورجاریش ئاستەنگی گەورەی شکستهێنانی هەوڵەکانی ، نەبوونی تەبایی و یەکهەڵویستی کورد بووەو لەمەحسەڵەدا هەمیشە لایەنی کوردی زەرەمەند بووە لە دانوستانەکانداو هێزی بەرامبەر سوودی لەم دۆخەی کورد وەرگرتووە .
چەند نموونەیەکمان هەیە لەمبارەیەوە لەسەردەمی خەباتی شاخدا . بە درێژایی ساڵانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان چەندینجار هەلی دانوستان لەگەڵ بەغدا هاتۆتە پێشەوە ، هەر لەگفتوگۆو دانوستانی لێژنەی تەحزیری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لەساڵی ١٩٧٩ ، دواتریش دانوستانەکانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣ ، کە ئەمە دوو نموونەی دیارو بەرچاوی شکستی دانوستانەکانی کورد بوون ، چونکە لەهەلومەرجێکدا کورد چۆتە ناو دانوستانەوە کە سەرکردایەتی کورد وهێزە سیاسەکانی سەر گۆڕەپانی خەباتی رزگاریخوازی کورد ناتەباو لەملمڵانێکی نالەباردا بوون ، تەنانەت تارمایی شەڕی براکوژیش هێشتا بە تەواوی لەسەر ئاسمانی کوردستان نەڕەویبووەوە .
لە بەرامبەردا نموونەیەکی گەشاوەی سەرکەوتنی کورد لە دانوستاندا ئەو کاتە بوو کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس بۆ یەکەمجار سەرکردایەتی کورد بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی چوونە بەغداو لەوێ گەورەترین دەسکەوتیان بۆ میللەتەکەیان دەستەبەرکرد ئەویش بەشداریکردنیان بوو لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ عیراقی تازە ، کە ئەمەیان یەکێکە لە دەسکەوتە مێژووییە هەرە گەورەکانی سەرکردایەتی کورد . بوونی ڕەوانشاد مام جەلالیش لەبەغدا وەک سەرۆک کۆماری عیراق فاکتەرێکی تر بوو بۆ بەهێزبوونی رۆڵی کورد لە پرۆسەی سیاسی عیراق و ، ئەو ببووە چەتڕیک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکانی نەک تەنها کورد ، بەڵکو لەسەر ئاستی گشتی عیراقیشدا ، بۆیە مەرجەعی باڵای شیعەی جیهان سەماحەتی سەید عەلی سیستانی وەکو ( صمام أمان العراق ) ناوی بردبوو ئەمەش لەواقیعیدا زۆر راستبوو چونکە سەردەمی ئێستای عیراق زۆر جیاوازترە لەو سەردەمەی عیراق کە ( صمام أمان) ێکی هەبوو لەسەر خوانی ئەودا کێشە هەرە گەورەکانی عیراق چارەسەر دەکران .
ئەمڕۆش یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی هەمان رۆڵی مام جەلال دەبینی لە پرۆسەکەدا و ئەو هەوڵە سەرکەوتووانەی بۆ دابینکردنی نانو قووتو مووچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی کوردستان پابەندبوونیەتی بەو پرەنسیپانەی مام جەلال بۆ یەکێتی داینابوو ، سیاسەتی ئێستای کاک بافڵ و پەرۆشی ئەو بۆ یەکڕییزی لەسەر ئاستی ناوخۆ و یەک وتارو یەکهەڵوێستی لەسەر ئاستی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا تەواوکاری رۆڵە مەزنەکەی ڕەوانشاد مام جەلالە .
ئیدی لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە یەکڕییزی سەرکردایەتی کورد زامنی سەرکەوتنە لەبەغداو لەهەموو پەیوەندییەکانیدا لە ناوخۆ و جیهانی دەرەوەدا و، کورد چەندی یەکڕیزو تەباو رەبا و یەکهەڵوێست بێت ئەوەندە دەتوانێ دەسکەوتی زیاتر بۆ میللەت ونەتەوەکەی بەدەستبێنێ .
هەر بۆ بەبیرهێنانەوە ، ئەو دەستوورەی کە ئێمەی کورد بەشێکی سەرەکی بووین لەنووسینەوەیدا ، ماددەی ١٤٠ تێدایە کە تایبەتە بە گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنڕاوەکانی کوردستان وسڕینەوەی ئاسەواری سیاسەتە شۆفێنییەکانی بەعس لە تەهجیر و تەعریبی کورد لەسەر خاکی مێژوویینەکەی خۆیدا . بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی کورد نەیتوانی بە یەکهەڵوێستی و یەکڕییزیەوە مکور بێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەو فشار لەسەر بەغد بکات بۆ پابەندبوون بە دەستوورە ، دەبینین سەرەڕای تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر دەرچوونی دەستوور تا ئەمڕۆش نەتوانراوە ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێ . بەڵکو لەمەش خراپتر ئێستا هێزە شۆفینیەکان کار لەسەر هەمان سیاسەتی تەعریب و تەهجیر دەکەن و خەڵکی کوردیش لەزێدی بابوباپیرانیان وەدەردەنرێن وزەوی جووتیارانی کوردیش دەستی بەسەردا دەگییرێ .
ئەم فشارە زۆرانەی ئێستای حکومەتی فیدراڵیش بەرامبەر بە قەوارەی هەرێم دەیکات ، هەر لە بڕینی بودجەو راگرتنی هەناردەی نەوت تا دەگاتە دوایین چەکی کاریگەریان کە بڕینی نان و قووتی مووچەخۆرانی کوردستانە ، ئەم فشارانە بەگشتی هەمووی بەندە بە پەرتەوازەەیی و ناتەبایی رێزەکانی کوردەوە . کاتێک کورد ژماەیەکی گەورەو کاریگەری ناو هاوکێشە سیاسییەکەی عیراق بوو لە پرۆسەی سیاسیدا رۆڵی گەورەی هەبوو ، هێزەکانی بەرامبەری زاتی ئەوەیان نەدەکرد تخوونی نانو قووتی خەڵک بن ، بەڵام ئێستا کە بەغدا هەناسەی هاتۆتەبەر و بەهێز بووە ، دەبینین چۆن وتا چ ڕادەیەک فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان و کار بۆ لاوازکردنی قەوارە دەستووریەکەی دەکەن .
هەر ئەمەش تەنها کێشە نیە کە هەڕەشە بێت بەسەر قەوارەی هەرێمدا ، بەڵکو کێشەی لەو گەورەتر بە ڕای من دواکەوتنی پرۆسەی حوکمڕانی نێوخۆمانە . ئێمە لەهەرێمدا نزیکەی نۆ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانمان ئەنجامداوە ، تاکو ئەمڕۆش نەمانتوانیوە حکومەتێکی نوێی شەرعی وکاریگەرو تۆکمە و هاوبەش و هاوسەنگ دروست بکەین . ئەمەش خۆی لەخۆیدا خاڵێکی لاوازی ئێمەیە کە دوژمنانی هەرێم وهێزە نەیارەکانمان دەیقۆزنەوە بۆ زیاتر لاوازکردنی قەوارەی هەرێم .
تا ئێستا چەندین گەڕی گفتۆگوو دانوستانمان ئەنجامداوە ، چەندین لێژنەمان دروستکردووە ، چەندین وەرقەمان ئاڵوگۆڕ کردووە ، بەڵام تاکو ئەمڕۆش نەمانتوانیوە بگەین بە رێکەوتنێکی رێکوپێک هاوبەشی وهاوسەنگی راستەقیینە بێنێتە کایەوە . دانوستان لە فەلسەفەکەی خۆیدا واتای ( دان و ستانە) کەواتە تۆ کە دەچیتە ناو گفتوگۆوە دەبێ شتێک بدەی تاکو شتێک بستێنێ ، بە داخەوە ئەم چەمکە ھێشتا لە لای هەندێ لایەنی سیاسیدا بە ئەنقەست فەرامۆشکراوەو گوێی پێنادرێ .
ئێمە پێویستمان بە پەرلەمانێکی کاراو حکومەتێکی تۆکمەو یەکگرتوو و هەماهەنگ و هاوسەنگ هەیە ، تا بتوانین بە یەکڕییزییەوە لەگەڵ بەغدا بکەوێنە دانوستان بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە دەستووریەکانمان .. وەکو شەوقی دەفەرموێ ( وما نیل المگالب بالتمنی ولكن تۆخژ الدنیا غلابا ) ..