وتار

سێگۆشەی خڕ؛ ماتۆڕە سەوزەكەی ئەلەند

کاروان ئەنوەر

لە خۆپیشاندانە رێگەپێنەدراوەكەی ئەمدواییەی سلێمانی، لەگەڵ كەلوپەلی ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان وەك كامێرا و ستاند و میمۆری و كۆڵەپشت و شمەكەكانیان، ماتۆڕێكی سەوزیش لەو شوێنەدا دەستی بەسەرداگیرابوو.

لەم كەینوبەینەدا مەسەلەی (ماتۆڕە سەوزەكە) یان (ماتۆڕەكەی ئەلەند) سەری هەڵدا، چونكە یەكەمجار بوو ماتۆڕ لە خۆپیشانداندا دەستی بەسەردابگیرێت، چارەسەركردنی كێشەی ماتۆڕەكەی ئەلەند هەروا ئاسان نەبوو!

هەرچی پرسیاری ماتۆڕە سەوزەكەم دەكرد، یەكێك دەیوت بۆ لە كەیەوە پەیامنێر بە ماتۆڕ دێت بۆ روماڵ!؟ یەكێكی تر دەیوت بۆ خۆ ئێرە هیندستان نییە؟ منیش هەردەم دەموت: ئەرێ ئەلەند تۆ دیلیڤەریی دەكەیت یان پەیامنێریت!؟ خۆ بەنگەلادیش نییە پەیامنێر بە ماتۆڕەوە بەدوای بەرپرسدا راكات تا لێدوانی لێوەرگرێت!

بەزمی ئەم ماتۆڕە، بوو بە سەرباس و سەرزاری رۆژنامەنووسان و پەیامنێران و ئێمە و پۆلیس، ئێمە و ئاسایش، دەیان راسپاردە و تەلەفۆنم بۆ كرا، چەندینجار ئەلەند و بەرپرسی كەناڵەكەی سەردانیان كردم بۆ ئەم كێشەیە، نەمدەزانی ماتۆڕ چۆن وەردەگیرێتەوە!؟ تا چارەسەری كێشەكەی ئەلەند بكەم بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دووچەرخە سەوزە! گرنگ ئەوەبوو لە سۆراغی ماتۆڕەكەی ئەلەنددا سەركەوتوو بووین و شوێن و شێوازی وەرگرتنەوەی ماتۆڕەكەم بۆ ئاسان كردن، ماتۆڕ وەرگیرایەوە!

ئەم ماتۆرە بۆ من و بۆ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بابەتێكی سەیر بوو، من نەمدەزانی كە ئەلەند بەم ماتۆڕە ژیان و هاتوچۆی ئاسان دەبێت، بە گێڕانەوەی بۆ خاوەنەكەی ژیانی رۆژانەی خۆی و خێزانەكەی ئاسایی دەبنەوە، چونكە ئەلەند نە پارەی تەكسی پێبوو نە ئۆتۆمبیلیشی هەبوو، ئەم ئامێرە لای ئێمە تەنها ماتۆڕێك بوو، بەڵام بۆ ئەلەند هۆكاری گەیاندن و هەردوو قاچەكانی و بەشێك بوو لە بژێویی ژیان و بەردەوامیدان بە پیشە پەیامنێرییەكەی. لەم بابەتەی ماتۆڕەكەی ئەلەنددا شتێكم بیرهاتەوە كە نازانم قسەی كێیە دەڵێت:

«منداڵەكان بە گاڵتەوە بەرد دەگرنە بۆقەكان، كەچی بۆقەكان بەڕاستی دەمرن!»
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

زۆۆۆۆۆۆۆۆر بابەت هەن لەلایەن زۆربەمانەوە گرنگییان پێنادرێت، بەڵام بۆ هەندێك كەس دەبێتە رەوتی ژیان و بەردەوامی و خۆشی رۆژگاریان، زۆر خەونی جوانی هاووڵاتیان هەن، زۆر سادە و ساكارن، زۆر ئاسانن، زۆر ئاسایین، (مووچە بەنموونە)..... ، كەچی مووچە لەلایەن خواپێداوان، گرنگ نییە و هەبێت ئاشیان دەگەڕێت، نەبێت جووتیان بەردەوامە. ئەوانەش سەرچاوەی داهاتی ترو لابەلایان هەیە.

ماتۆڕێكی سەوزی تریش هەیە، ماتۆڕی ئاسایی نییە، ماتۆڕی دڵی خێزانەكانە، تەنها هۆكاری گەیاندن نییە، بەڵكو نیوەی بژێویی ژیانیانە، بۆ گێڕانەوەی كات، بۆ رووماڵ، بۆ چوونە سەر كار، بۆ گێڕانەوەی مووچە، بۆ گەرمكردنەوەی گیرفان و باخەڵەكانی هەموو خێزانەكانی كوردستان، دڵیان خۆشدەكات، ئەمەیان ئەو ماتۆڕە سەوزەیە هەموو جارێك وەك ئەمجارە فریای خاوەنەكانی دەكەوێت و مووچەیان بۆ دابین دەكاتەوە.

راستە مووچە مافە و یەكێک لە مافە سەرەتاییەكانە، بەڵام كە چووە قوڕگی شێرەوە، تەنها شێر دەتوانێت وەریبگرێتەوە.

 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 33‌
7/22/2025 11:56:16 AM
زیاتر...
سەروتاری کوردستانی نوێ
كاوە شێخ عەبدوڵڵا
Copyright © All rights reserved.