سەروتاری کوردستانی نوێ
ئاماژەكان لە هاوكێشەی سیاسی و ئەگەری گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە هێشتا بەتەواوی بۆ هەمووان روون نین، بەڵام جموجوڵێكی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەدیدەكرێت، كەجارێ دیارنییە بە چ ئاڕاستەیەكەو لەكۆتاییدا تا چەند لەبەرژەوەندیی گەلانیی مافخوراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش گەلی كورد، دەبێت.
لەم قۆناغەی ئێستادا، ئەوەی دەبینرێ و هەستی پێدەكرێت، لەچوارچێوەی ئەو جموجۆڵە سیاسی و سەربازییانەی لەناوچەكەدا هەن، گوشارێك بۆ سەر گەلی كورد، لە باشوری كوردستان و لە رۆژئاڤاش، دروستبووە وەك بڵێی ویستێك هەبێت ئیتر بە زۆر ئەستێرەی بەختی كورد بەرەو كزیی ببرێت. یاریكەرانی راستەوخۆی ئەو جموجۆڵە تاڕادەیەك ئاشكران، بەڵام ئەوانەی پشت پەردە كە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكردوون، هێشتا هەڵوێست و روخساریان بەتەواوی و بەڕەسمیی دەرنەكەوتووە.
كوردستانی عیراق، بەهەرێمی دانپێدانراوی ناو دەستور و بەناوچە دابڕێندراوەكانیشەوە، ماوەی چەند ساڵێكە بەبڕیارو پیلانی هەندێ لە هێزو لایەنەكان تووشی چەرمەسەری و گێچەڵ دەبێتەوە. ئەوان بڕیارەكانی دادگای فیدرال و هەندێ لەبڕگە لاستیەكانی دەستوریان كردۆتە داردەستێك بۆ گوشار دروستكردنەكەو جێبەجێكردنی مەرامەكانیان. جگە لەمەسەلەی مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێم كەخەڵكی كوردستانیان پێ خنكاندووە، پڕۆسەی بەعەرەبكردنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە شێوازی جیاواز و بەچڕیی دەستیپێكردۆتەوە و بۆ ئەمەش دەسەڵاتە سەربازی و كارگێڕییە باڵاكانی دەوڵەت خراونەتە خزمەتەوە. لەڕێگەی دەروازەكان و خاڵەكانی پشكنینیشەوە، ناوبەناو ئابڵوقەی ئابووریی چڕ دەخرێتە سەر خەڵكی هەرێم و رێگەیان پێنادەن بەروبومە كشتوكاڵیەكانیان لەناوەڕاست و باشوری عیراق ساغبكەنەوە لەكاتێكدا بەغدا لەوڵاتانی دەرەوە بەشێكی ئەو پێداویستیانە هاوردە دەكات. تەماعكردن لەكێلگەكانی غاز و نەوتی كوردستانیش، بەهەمان شێوە هۆكاری ترن بەغدا لەم قۆناغەدا هەوڵی كشان بەرەو باكور بدات.
هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، حكومەتەكەی، دامەزراوەكان و دەستكەوتەكانی كە بەدەستهاتوون بەخوێنی شەهیدان، لەنێو ئەو گێژاوە سیاسی و سەربازیی و دیموگرافیەدا، لەمەترسییەكی گەورەدان. لە ناوخۆشماندا، پەرلەمان نزیكەی هەشت مانگە هەڵبژێردراوەو هێشتا ناكارایە، حكومەت پێكنەهێنراوە، نادادپەروەریی و كەموكوڕیی ئیداری و گەندەڵی لەبەشێكی سێكتەرەكاندا تەشەنەی سەندووەو خەریكە دەبێتە دیاردەیەك، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست تەنگی بە بەشێكی خەڵك هەڵچنیوە و بازاڕەكانی كوردستانیش لەبەر بێ مووچەیی و ناجێگریی سیاسی، ئیفلیج بووەو كاروكەسابەت نەماوە، ئەوانە ئەوەندەی تر مەترسییەكانی سەر بوونی هەرێم و خەڵكەكەی زیادكردووە. جگەلەوانە، لاوازیی ئەداو توانای بەشێكی بەرچاوی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان و دامەزراوەكانی دەوڵەت لەبەغدا، كە شارەزای تەواوی زمان نین و توانای دیپلۆماسی و پەیوەندییەكانیان لاوازە و شارەزای هونەری دانوستاندنیش نین، واتا دانەنانی كەسانی شیاو بۆ پلەو پۆستەكانی بەغدا، مەترسی و هۆكاری ترن كە وایكردووە قەیرانی جۆراوجۆر بۆ هەرێم دروستبكرێت، بێئەوەی نوێنەرانی كورد لەوێوە بتوانن وەك پێویست بەریان پێبگرن و داواكاری و مافەكانی كورد لە پایتەخی عیراق فەرز بكەن.
لەم دۆخە دژوارەدا، لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی ئەركیانە هەرچی زووە بە پێكهێنانی حكومەتێكی پتەو و خزمەتگوزار و شەفاف و هەروەها بووژاندنەوەی پەرلەمان، بەدانانی كەسی شیاو و شارەزاو لێهاتوو لە پۆست و جومگەكانی حكومەت و پەرلەمان چ لەكوردستان یان لەبەغدا، بە رێكخستنەوەی داهاتە زۆروزەوەندەكانی ناوخۆ و نەوت و خاڵە سنوریەكان و رێگرییكردن لەگەندەڵی و دیاردە دزێوەكانی تری سێكتەرەكان، بەهانای گەلەكەی خۆیانەوە بێن و لەم دۆخە دژوارەی ئێستادا رزگاری بكات. میللەت چاوی لە هێزە سەرەكیەكانی سەر گۆڕەپانی كوردستان و حكومەتی ئایندەیەتی هەنگاوی بوێرانە بنێن بۆ باشكردنی دۆخی گوزەران و ئاستی خزمەتگوزارییەكان، چونكە دەزانن ئەم ئەرك و ئامانجانە تەنها لەسەر دەستی كورد خۆی دێتەدی. بەم هەنگاوانە، پێش هەموو شتێك متمانە دروستدەبێتەوە و لەهەمان كاتیشدا خۆمان دەتوانین دەرەقەتی هەندێ لەقەیرانەكان بێین و پێگەو رۆڵی هەرێم بەهێزتر بكەین.