کاردۆ عوسمان هەورامی
لە مێژووی دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە دژی دەوڵەتی تورکیا بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە قەندیلەوە بڵێسەدەدات، بەم جارەوە چوار جار هەوڵ بۆ پڕۆسەی ئاشتی دراوە، بەڵام سێ جاری پێشوو بەهۆکاری جیا شکستی هێناوە، ئەم جارە کە لە زەمینە و هەلومەرج و بارودۆخێکی جیاوازدا پڕۆسەکە دەستی پێکردووە، تا ئێستا وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە هەردوولا جدی و پەرۆشبن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، بەڵام ئەو تەون و گومانانەش کەم نین، کە لەبەردەم بێدەنگکردنی چەکەکاندا بوونی هەیە .
هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی:
ناکرێت باسی پڕۆسەی ئاشتی بکەیت و ئاوڕ بۆ مێژووی ململانێ و شەڕو هەوڵەکانی ئاشتی لەنێوان پەکەکەو دەسەڵاتدارانی تورکیا نەدرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەوڵەکانی ئاشتی لە تورکیا بۆ چەند ئاست یان قۆناغێک پۆلێن دەکرێت، لە ساڵی 1993 وە بۆ ساڵی 2015 چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی نران، قۆناغی یەکەم لە ساڵی 1993 لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا، قۆناغی دووەم لە ساڵی 1996 لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، قۆناغى سێیەمى هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد بە شێوەی ئاشتیانە لە (2013) وە تا (2015) لەسەردەمى رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاک پارتى دەستیپێکرد، بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێنا، هەرچەندە چەند جارێک و بۆ چەند ساڵێك چەكەكان بێدەنگ كران، ئەم قۆناغەش 2025 کە بە قۆناغی چوارەم ناوزەند دەکرێت، جارێکی دیکە پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکردوەتەوە.
هەوڵەکانی ئەمجارە جێگای هیوایە:
ئەوەی ئەم جارە چاوەڕێدەکرێت جیاوازتر بێت لە قۆناغەکانی پێشتر بارودۆخەکە گۆڕاوە و جگە لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) هەریەک لە پارتەکانی دیکەی تورکیا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (TKP)هاوپەیمانی کرێکاری و ئازادی پارتی داهاتوو (Gelecek) پارتی فێلیسیتی (SP)پارتی سەعدەت (پارتی فێلیسیتی) بە گەرمی کار لەسەر پڕۆسەکە دەکەن، ئەمەش هێزێکی زیاتری بە پڕۆسەکە بەخشیوە و لەسەرو هەموشیانەوە پەرۆشی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها بە دەنگەوە هاتنی پەکەکە بۆ پەیامەکانی ئۆجەلان و قایل بوونی بە خۆ هەڵوەشاندنەوە و دەستبەرداربوونی خەباتی چەکداری.
لەم قۆناغەدا پەکەکە پەرۆشترو جدیتر دەردەکەوێت، بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی دەمێنێتەوە نیازپاکی ئاک پارتی و تورکیایە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، کە تا ئێستا هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ پڕۆسەکەدا رێدەکات، هەرچەندە رەخنەشی لێدەگیرێت، کە وەک پێویست هەنگاوی نەناوە و هێشتا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی باشور، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا،ئەگەر ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتوبێت و هاوشێوەی قۆناغەکانی دیکە ئاستەنگ و بەربەستی نەیەتە پێش و لەبار نەبرێت واچاوەڕێ دەکرێت، کۆتایی بە نزیکەی نیو سەدە لە نائارامی و شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان قەندیل و ئەنقەرەدا بهێنێت و چەکەکان بێدەنگ بکرێت،هەروەها پڕۆسەکه پێویستی بە گەرەنتی هەیە و هەمووشی گرنگ و پێویسته، پڕۆسەکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتییەوە چاودێری بکرێت، بۆ ئەوەی هێزێکی تر بدات بە پڕۆسەکە و لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەر لایەک سەرزەنشتی لاکەی دیکە بکرێت و رێگە نەدرێت پڕۆسەی ئاشتی بەدەردی جارەکانی دیکە ببرێت.
بەووردبوونەوە لەم قۆناغەی پڕۆسەی ئاشتی ئەوەی بەدیدەکرێت پەکەکە تا ئێستا بە دەنگەوە هاتنێکی زۆری بۆ پڕۆسەکە هەیەو ئەوەی لەسەری بووە هەنگاوی بۆ ناوە، پەکەکە قورسترین بڕیاری مێژوویدا کە خۆی هەڵوەشاندەوە و رەنگە لەچیاکانی کوردستان بێنە خوارەوە و چەکەکانیان بێدەنگ بکەن، بەو ئومێدەی ئەو خەباتەی کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر دەستیان پێکرد بە رێگەی ئاشتیانە بێتەدی، بەڵام پرسیارە هەرە گرنگ و جەوهەرییەکە ئەوەیە، دوای چەکدانانی پەکەکە چارەنوسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان بە کوێ دەگات؟
ئایا دووبارە شەڕ لە قەندیل دەست پێدەکاتەوە، یان پڕۆسەیەکی راستەقینەی ئاشتی دەست پێدەکات؟
پەکەکە خەباتی چۆن دەگۆڕێت و چارەنوسی گەریلاکان چی دەبێت؟ ئەوانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەکەکە دەستگیر کراون یان بانگەشەیان کردووە، ئازاد دەکرێن،لەسەرووی هموویانەوە ئۆجەلان و دەمیرتاش؟
دەبێت چاوەڕێ بکەین، هەنگاوەکانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە، بەش بەحاڵی خۆم ئومێدەوارم پڕۆسەی ئاشتی سەربگرێت و قۆناغێکی نوێی بێ چەک و توندوتیژی بۆ گەلی کورد لە تورکیا دەست پێبکات و کورد لەو بەشەی کوردستان بە مافە رەواکانی بگات.