بەختیار ئەمین
* ئەگەر هەر ڕۆژێک بکەوێتە ناو هەر شەوێکەوە. ئەو شوێنە بیرێک بێت کەواتە رۆشنایی بەند دەکرێت (پابلۆ نیرودا)
* زانست گوڵە لە باخی رۆحدا چرۆ دەکات (حافیز)
* هەڵسە لە خەو پەپولە ، چەندین میلمان لەبەرە پێکەوە بیبڕین (ماتسوا باشۆ)
* هەڵمبژارد کە لە نێو خەونەکانمدا لە هەمبێزت گرم، چونکە دەنێو خەونەکانمدا کۆتاییت نییە (رومی)
* کات هەموو شتێک دەسڕێتەوە ، سەدە ماڵیکراوەکان تێدەپەڕن، بەڵام نوسینەکان لە چارەنوس هەڵدێن (ئۆڤید)
لە نێو تابلۆکاندا ڕەزا وێنەی کچێکی کوردی شاخاوی داناوە لەگەڵ گوتەیەکی هۆمێرۆسی یۆنانی
(ڕەزا دیقەتی) لەدایک بووی ساڵی 1952ی شاری تەورێزی ئازەربایجانی ئێرانە ، مرۆڤێکی کورد دۆست و ئینسان دۆستە و هاوسۆز و هاوڕێی میللەتان و ئینسانی ستەمدیدەیە. ئەفغانستان و ئێران و کوردستان و ڕۆژهەڵات بە گشتی جێگەیەکی تایبەتیان هەیە لە خولیا و کار و پێشانگاو بڵاوکراوەکانیدا . هەر بۆیش ئەم پێشانگایەی ناو ناوە داستانەکانی ڕۆژهەڵات.
نەهامەتیەکانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتەوە کرد بە بەڵگە. بە هاوکاری بەندە کتێبێکی فۆتۆگرافی کە ژێر نوسەکانیم بۆ نوسیوە و لەگەڵ پێشەکیەکی خانمی میتەران و بە زمانەکانی فەرەنسی و ئەڵمانی لە نەوەدەکاندا بڵاوکردەوە. وێنەکانی زۆربەی بەشەکانی کوردستان دەگرێتەوە و بەتایبەتش کوردستانی ڕۆژهەڵات و نەهامەتی و جینایەتەکانی ئەو سەردەمەی جیهاد دژ بە کورد و ڕەشەکوژی و تیربارانەکانی لاوانی کورد لە شار و دێ و مەیدان و گۆڕەپان و شەقامەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەو سەروبەندەدا ڕەزا وێنەکانی بە دزییوە گرتبوون دەیناردنە دەرەوە و لە تەواوی میدیا و ئاژانسە جیهانیەکان بڵاو بوونەوە و کەسیش ئەو دەمە نەیدەزانی فۆتۆگرافەری ئەم وێنانە کێیە . خۆشبەختانە یەکترمان ناسی و ئاشنای یەکتربووین و وێنەکانمان کرد بە پرۆژەیەک و هاوکاریم لە مێدیکۆ ئینتەرناسیۆناڵی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانی بۆ وەرگرت و چاپ و بڵاو کرایەوە.
ڕەزا پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستانی باشور و قەتڵ و عام و ژێنوسید کردنی کوردانی ئێزدی پەیوەندی پێوەکردم و ویستی بچێتە نێو کامپەکانی ئاوارەکانی شەنگاڵ و دەڤەرەکە بەڵام نەیدەویست بە دەستی خاڵی بڕوات گوتی من کامێراکەم هەیە و هەوڵدەدەم پارە کۆبکەمەوە کۆمەڵێک کامێرا لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ ناو کامپەکان و مناڵانی کوردی نێو کامپەکان فێرە وێنەگرتن دەکەم بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان بکەنە بەڵگە فۆتۆ. ئەم کارە مرۆڤانە بەرزەی ئەنجامدا و پاشانیش چەندین جار لە وڵات و شاری جیاوازی ئەوروپا و شوێنی دیکە وێنەی ئەو ئاوارە کوردە ئێزدیانە و تەنانەت ئاوارەکانی کوردانی ڕۆژئاواشی لە چەند شار و وڵاتدا نمایشکرد، هەڵبەتە ڕەزای جوامێر و کورد دۆست دەرفەت نییە وێنەی نەهامەتی و ستەمدیدەیی کورد و جوانی کوردستان و مرۆڤی کورد پیشان نەدا.
دەسخۆشی و سپاسگوزاری لە ڕەزای هاوڕێم دەکەم بۆ ئەم پێشانگا زۆر واتادارەی، هەروەک هەمیشە ڕایهێناوین، گشت کارەکانی شاکار و سەرسوڕهێنەر و دڵخۆشکەرن و لە ترۆپکی ئێستیتیکدان. ڕەزا بە بەردەوامی لە زۆر بۆنەدا بەکارەکانی کورد و کوردستان بەسەردەکاتەوە. ئێمەش دەسخۆشی و پیرۆزبایی و پێزانین و خۆشەویستیمان بۆ فۆتۆگرافەری مەزن ڕەزا دوپاتدەکەینەوە. هیوادارین کە وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان و دەزگا فەرهەنگیەکانی وڵاتەکەمان کورد ئاشنا بکەن بە کارەکانی ڕەزا. پیشانگای فۆتۆگرافی بۆ ڕەزا لە کوردستاندا بکەنەوە.
خۆزیا کوردیش وەک فەرەنسی و ئیتاڵی و خەڵکانی دی ماوزێلێومێکی شیاوی بۆ ناوداران و گەورە پیاوانی خۆی بونیاد دەنا وەک سمبۆلێکی بەربەچاو و شایستە بۆ قەدر بڵندی ڕاگرتن و رێزلێنانی نەتەوەی کورد لە سەرکردەو هونەرمەندان و نوسەران و روناکبیرانی و لە گەورە پیاوان و ژنانی نیشتمانەکەی و بۆ ئەوەی بە هەمیشە بە نەمری پیشانی کورد و نەوەکانی داهاتوو و سەردانیکەرانی کوردستان بدرێن.
چەند وێنەیەکی پانتەیۆنی پاریس کە جێگەیەکیشی بۆ شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسی تێدا دانراوە..



وێنەی هونەرمەند رەزا دیقەتی

