ئاسۆ فەرەیدوون
بەشی دووەم
واژۆ کــــردنی گرێبەستی نێوان هــــەرێم و ئەمـــــریکا
ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو کوێ دەبات؟
پێشتر لە چەندین چاوپێکەوتن و دیمانەدا ئاماژەمان پێکردوە کە هۆکاری دروست بوونی کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا چیە ، هەروەها ئاماژەمان پێداوە کە لەسەرەتای گۆڕانکاریەکان لە عێڕاق لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە ، جیلێک لە کەسایەتیە سیاسیەکان حوکم ڕانی عێراقیان دەکرد کە خاوەنی مێژوو و تێگەیشتنێکی هاوبەش بوون پێکەوە ، لەو کەسایەتیانەش بەرێزان ( جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی و ئیبراهیم جەعفەری و ئەحمەد چەلەبی و محمد بحر العلوم و عبدالعزیز الحکیم موفق روبیعی و عدنان پاچەچی و حمید مجید موسی و ئەیاد عەلاوی ) و چەندان کەسایەتی تریش کە هەموویان پێکەوە تارگێتێکی هاوبەشیان هەبوو ئەویش ڕوخاندنی بەعس و چەسپاندنی دیمووکراسی بوو لە عێراق .
ئەمڕۆ ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی دەیکات لە عێراق و لەهەرێمی کوردستان ، خاوەنی ئەو مێژووە هاوبەش و پێکەوەیی و بیرەوەریانە نین و تەنانەت خاوەنی زمانێکی هاوبەشیش نین وە زۆرێکیش لە دیدارەکان لە رێگەی وەرگێرەوە دیالۆگ لەگەڵ لایەنە عەرەبیەکان دەکەن و هەروەها سەرکردە سیاسیە عێراقیەکانیش بێ ئاگان لەو مێژوو و خەبات و رۆڵ و پێگەیەی کورد لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لە ڕابردوودا گێراوێتی ، بەڵکو لای زۆرێک لە سەرکردە سیاسیەکانی عێراق حوکمڕانی بە ژمارەیە و گوێ بە قوت و ژیانی میلەت نادەن ، هەرلەبەرئەوەشە بڕیارەکان لە سەرجەم پرسەکاندا شێوازێک لە دەربڕینی شۆڤێنی تێدا بەدی ئەکرێ .
لەبەر ئەوە ئەوکات کە کێشەیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا گەر دروست بوایە چارەسەرەکەشی لە سەر مێزێ خوانێکی دۆستانەی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا چارەسەر دەکرا .
ئێستا کێشەکانی ئەمڕۆ لەسەر دوو مێز گفتووگۆی لەسەر دەکرێن ، یەکێکیان لە پیرمام و لە نێوان (چوارچێوەی هەماهەنگی کوردی) و ئەوی تریشیان لە بەغدا و لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی عەرەبی .
دوای واژۆکردنی رێککەوتنی غازی کێڵگەکانی میران و کوردەمیر و تۆپخانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کۆمپانیایەک لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ، لە ووتاری پێشوودا پرسیارێکمان بۆ ئەم پرسە وروژاند کە ووتمان : ئایا ئەم رێکەوتنە تا چەند کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم دەبێت ؟
بە پێی پێشبینیەکان چاوەڕواندەکرا وەڵامدانەوەکانی بەغدا چەند مانگێک بخایەنێت ، بەڵام کەمتر لەو ماوە چاوەڕوانکراوەی خایاند و بەغدا لە رێگەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە بڕیارێکی ناڕەواو و نا یاسایی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی راگرت ، کە بڕیارێکی سیاسیەو بە نەشارەزایی دراوەو هیچ رەچاوێکی مرۆڤانەی تێدا نیە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی دارایی و بژێوی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە ، ئەم بڕیارەی بەغدا لەبری سزادانی خاوەن بڕیار سزای خەڵکی بێ دەسەڵات و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بەگشتی دا .
بڕیاری بڕینی مووچەخۆرانی هەرێم ، وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ هەولێر ، دەربڕینی دژایەتی خۆی لە بەرامبەر واژۆکردنی ئەو گرێبەستەی کێڵگەی غازی میران کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا کردی ، ئێران ترسی گەورەی لە شوێن گرەوەی خۆی هەیە کەلە دوارۆژدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرەوەی بۆ سەرچاوەی سەرەکی غازی سروشتی لە عێراق و قوفڵی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە سەرتاسەری عێراق یان لانی کەم لە باکور و ناوەڕاستی عێراقدا .
ئەوەی هێشتا چاوەڕوانی لێ دەکرێت ئەوەیە :-
١/ئێران وەڵامی تری ببێت بۆ ناوچەکە بە دیاریکراوی سلێمانی ، کە ڕەنگە بەشێوازێکی جیاواز و ڕاستەخۆ بێت.
٢/ وەڵامی دۆست و یارانی هەولێرە بۆ بەغدا ، چی بەشێوازی راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ ، گریمانەیەکی بەهێزە کە دۆستانی هەولێر بڕیاری سزادان و بلاک لیستکردنی چەند کەسایەتیەکی سیاسی و سەربازی و ئیداری عێراق لە ئاست و پێگە جیاوازەکانی حیزب و حکومەت و نوێنەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی نەوت کە ئەمەش کاریگەرییەکی تری خراپی لەسەر بارودۆخی ئابوری ناوخۆیی و دەرەکی و سەقامگیری بازاڕو دامەزاروەکانی ناو عێراق دەبێت .
لە نووسراوێکدا لە رۆژی ٢٨/٥/٢٠٢٥ لەلایەن هەریەک لە (جۆ وڵسن و گریگۆر ستیوب) ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریکاوە دەرچوێنراوە و نێردراوە بۆ ( مارکۆ رۆبیۆ )ی وەزیری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ، لە نوسراوەکەدا ئاماژە پێکراوە و باس لە چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و ناردنەوەی دۆلار بۆ بازارەکانی ئێران دەکات بەهاوکاریکردنی چەند کەسایەتیەکی سیاسی و ئیداری پلەبەرزی عێراق لە ئاستە جیاوازەکان و رۆڵی بانکەکانی عێراق لە هاوکاریکردن و کارئاسانی لەم پرۆسەیەداو وە ئاماژەیان بە شەش داواکاری کردوە کە جێبەجێ بکرێن بۆ رێگرتن لەم پرۆسەیە ، لەو نوسراوەدا چەندین ناو و لایەنیان ناو هێناوە کە بەشدارن لەو پرۆسەیەدا و داواکراوە بلاک لیست بکرێن بەتایبەت وەزارەتی نەوت و چەند بانکێکئ عێراقی ، کەئەمەش جارێکی تر کاریگەری خراپ لەسەر دۆخی دارایی عێراق دروست ئەکات لە کاتێکدا لە ئێستادا عێراق لەناو کێشەی نەبوونی (سویلە)دایە .
کێشەی هەرە گەورە لەوەدایە لە نێوان بڕیار و وەڵامە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان و دەستێوەردانە ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا میللەتێکی نەتەوە کوردی چەند ملیۆن کەسی لەم سات و وەختی بەرەو جەژنەدا لە شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی دەبڕدرێت و حەکیمێکیش نیە رۆڵێکی باش ببینێت بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ناڕەحەتە هەتا خەڵکیش لەم جەژنی پیرۆزی قوربانەدا نەبنە قوربانی .
ئاسۆ فەرەیدوون
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق