وتار

نەسیحەتمان مەکەن؟

چیا هاوار

ئەمڕۆ گوێم لە وتاری بەرپرسێکی باڵای ئەم هەرێمە گرتبوو، نەسیحەتی ئەکردین و ئەیون هەستی نەتەوایەتی لاواز بووە بۆ ئەو کوردستانە، ئەم خاکە پیرۆزە و دەبێ ئینتمامان بۆی هەبێت.

سەیرە هێشتا ئەوان بەردەوامن لە نەسیحەتکردنی خەڵک و پێمان ئەڵێن بڕۆن خۆتان بەکوشت بدەن لەسەر خاکێک کە هەموو رۆژێک پارچەیەکی لەبازاڕەکانی ئیقلیم هەڕاج ئەکرێ!.

ئەوان هێندە رووقایمن کە ئاساییە لەپێناو ئەم خاکەدا تێکڕای میللەت خۆی بەکوشتن بدات بە سکی برسی، بەڵام خۆیان ژیانیان شاهانە بێت، ئاخر کوا جەرگ سوتانیان دیوە؟ لەکوێی مێژووی ئەم خاک و نیشتمانە نووسراوە کوڕی فلان بەرپرسی باڵا گیانی خۆی بەخشی بەم وڵاتە؟ هەشتا ساڵە هەر کوڕی خەڵک بەکوشت ئەدەن و کوڕی خۆتان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی دونیا ئەخوێنن و بۆ پشوو و کات بەسەر بردنیش لە لاسفێگاس و هاوای ئەسوڕێنەوە، میللەتتان برسی کرد بۆ ئەوەی کوڕەکانتان کاتژمری ملیۆن دۆلاری و جلی مارکەی گران بەها و ئۆتۆمبێلی بوگاتی و لامبورگینی لێخوڕن، میللەتتان چەوساندەوە بۆئەوەی ئەسپە رەشیقەکانی نەوەکانتان بێخزمەت نەبێ، بەڵێ کۆشک و تەلار و قافڵەی ئۆتۆمبیل و پاسەوانەکانتان دیارە کە چەندە ئەم خاک و نیشتمانە بۆ ئێوە پیرۆزە!، ژمارەی بانکی و کۆمپانیا و کارخانە و بزنسەکانتان ئەیسەلمێنێ ئەم خاکە بۆ ئێوە چەندە بەنرخە، ئێوەی مەیتەری عوسمانی وا راهاتوون گوێز لە گیرفانی خۆتان بژمێرن و پێتان وابێ ئەم خاک و نیشتمانە بۆ هەموومان وەک و یەکە.

بەقسەتان ئەکەم و ئینتمای قەومی من رۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر ئەبێ، من ئەو خاکەم لەبەر ئەوە خۆش ئەوێ خوێنم لەپێناویداوە ئێوە خوێنەکەی منیشتان فرۆشتوە و وا لەسەر هەژماری بانکیەکانتانە، من سەربازی گیان فیدای کوردستانم بەمەرجێک ئێوە بەرپرس و دەمڕاستی نەبن چونکە کە ئێوە دەمڕاست و بەرپرسی بوون لای من ئەم هەرێمە جیاوازییەکی نابێ لەگەڵ بەغدا و تاران و ئەنکارا و دیمەشق ئاخر لەوێش خوێنی کورد و خاکی کوردستان هەمیشە لەسەر مێزی مەزادە.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 1264‌
5/17/2025 7:56:05 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.