لەتیف نێروەیی
ئیدیۆمێكی باوی ناو زانایان و دانایان هەیە دەڵێت: مێژوو بە هەموو وردەكارییەكانیەوە دووبارە نابێتەوە، بەڵام هاوڕایی هەیە لەسەرئەوەی هەندێک لە رووداوە مێژووییەكان لە قۆناغە جیاوازەكان لەیەكچوونیان هەیە و تەبان لەسەرئەوەی لە قۆناغ و شوێنە جیاوازەكاندا دەرفەتی مێژوویی لەیەكچوو هاتوونەتە پێشەوە و لە دیرۆكی گەلی كوردستانیشدا ئەو نموونانە زۆرن.
كاتێك دەرفەتێكی مێژوویی دێتە پێشەوە بۆ گەلێكی خێر لەخۆنەدیوی وەكو گەلی كوردستان، تەنها دوو بژاردە لەبەردەمیدایە، یان سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بۆ ئەو مەبەستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بە گیانێكی بەرپرسیارانە و لێبوردە و بە یەك ئیدارە و یەك ئەجێندا خۆیان بۆ ئەو پێشهات و رووداوە ئامادە بكەن، یان لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبایەتی ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدەن و پێویستە دەیان ساڵی دیكە چاوەڕوان بن تاوەكو هەل و دەرفەتێكی تر دێتە پێشەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چونكە دوربین و بەرپرسارە و لە واتاكانی ئەركە گەورەكان تێدەگات، بۆ ئەم دەرفەتانە هەمیشە دەستی تەبایی درێژ دەكات و پرۆژەی خۆی بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو هەلانە دەخاتە بەردەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی بەردەم پارتی.
لێرەدا دوو نموونەی لەیەكچوو لە دوو قۆناغی جیاواز دەخەینە ڕوو: نموونەی یەكەم: ـ لە كۆتایی نەوەدەكان كاتێك هێزەكانی هاوپەیمانان خەریكی خۆڕێكخستنەوە و دانانی پلان بوون بۆ روخانی رژێمی پێشوو و لەو پێناوەدا هەوڵی كۆكردنەوە و رێكخستنەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیان دەدا، پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی لە دۆخێكی زۆر ئاڵۆز و دژواردا بوون، دەرفەتێكی زێرین بۆ گەلی كوردستان هاتبووە پێشەوە، بۆیە هەڤاڵ مام جەلال بە یەك ئۆتۆمبێل بەرەو شارۆچكەی پیرمام بەرێكەوت و لەگەڵ بەرێز مەسعود بارزانی رێكەوتنی ستراتیژییان لەپێناو داهاتووی ئەزموون و دەستكەوتەكانی كورد ئیمزا كرد.
لەو سەردەمەدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی یەكێتی، ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك مام جەلال نیگەرانییەكی زۆر لێكەوتەوە و لە دەرەوەی یەكێتیش بەهەمان شێوە، لەبەرامبەردا هەڤاڵ مام جەلال لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا ئەو پرسیارەی دەكرد ئایا ئەم سەردان و رێكەوتننامەیە لە بەرژەوەندی یەكڕیزی گەلی كوردستاندایە یان زیانی هەیە بۆ گەلی كوردستان، ئامادەبووان وەڵامیان دەدایەوە كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە، بەڵام بۆ یەكێتی باش نییە، سەرۆك مام جەلالیش رایدەگەیاند یەكێتی لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دامەزراوە هەر شتێك لە بەرژەوەندیی خەڵك بێت لە بەرژەوەندیی یەكێتیشە.
هەر زوو بەرهەمی ئەو سەردان و رێکكەوتننامەكە دەركەوت و بۆ ئەو قۆناغە چەندین دەستكەوتی هەبوو: ـ كورد بوو بە پێشەنگ و هێزی كاریگەری ناو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی. ـ هێزەكانی هاوپەیمانان پشتیان بە كورد بەست وەكو لایەنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ رووخانی رژێم و ناوچەكەش بوو بە بنكەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی.
ـ لە دوای رووخان كورد بەو تەبایی و یەكڕیزییە توانی رۆڵی سەرەكی بگێڕێت لە بەڕێوەبردنی عێراق و نووسینەوەی رەشنووسی دەستوری عێراقی.
ـ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق لایەنە كوردستانییەكان بە لیستێكی هاوبەش لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەشداریانكرد لە هەڵبژاردنەكاندا و سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا.
ـ پێگەی كورد لە بەغداد زۆر بەهێز بوو و گوێ لێگیراو بوو
ـ كوردستان سەقامگیریی ئەمنی، سیاسی، ئیداری بەخۆیەوە بینی و هەرێم ئاوەدانییەكی زۆری بەخۆیەوە بینی.
نموونەی دووەم: ـ ئێستا كە ناوچەكە گۆڕانكارییەكی دیكەی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و دەرفەتێكی دیكە بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە سەرۆك (بافڵ تاڵەبانی) هاوشێوەی سەرۆك مام جەلال سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە پرسی گۆڕانكاری و رووداوەكانی ناوچەكە و پلانی یەكێتی بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا خستە بەردەم بەڕێز مەسرور بارزانی، بەو سەردانە سەلماندی كە دەستی یەكێتی لەپێناو ئاشتی و دۆزی رەوای گەلی كوردستان زۆر درێژە، هاوشێوەی سەردەمی سەرۆك مام جەلال، میدیای زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە میدیای سێبەر و نافەرمی و بەشێك لە میدیای فەرمیان هەوڵیاندا رایگشتی لەسەر ئامانج و گرنگی ئەو سەردانە چەواشە بكەن و تەنانەت كەناڵێكی سەر بە پارتی رایگەیاند “بافڵ تاڵەبانی بۆ هەندێک داواكاری سەردانی پیرمامی كردووە”!! ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە جیهان قسە لەسەر گۆڕانكاری لە نەخشەی ناوچەكە دەكەن.
ـ سوریا گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە و رۆژئاوا پێویستی بە پشتیوانیی هەرێمی كوردستان هەیە.
ـ پرسی ئاشتی لە توركیا بووەتە مژارێكی گرنگ و راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دروستدەكات.
هەموو ئەمانە دەرفەتی گرنگن و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كورد خۆی بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانە ئەجێندای هەبێت، لەلایەكی دیكەوە هەر زوو بەرهەمی ئەو سەردانەی سەرۆكی یەكێتی بۆ پیرمام رەنگی دایەوە.
ـ لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەكو یەك تیم هەڵوێستیان نواند و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێناوە.
ـ پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگای مەكتەبی رێكخستنی خۆیان لە شاری كەركوك كردەوە و بەڕێز فازل میرانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە میدیای یەكێتی راگەیاند “ئیدارەی كەركوك پێویستی بە پشتیوانییەكی گەورە هەیە” ئەم هەڵوێستە نوێیەی بەرپرسێكی باڵای پارتی لەسەر ئیدارەی كەركوك دەرخەری ئەو راستیەیە، كە دۆزی كەركوك هەنگاو بەرەو قۆناغێكی باشتر دەنێت و ئەمەش بە دەستكەوتی سەردانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ پیرمام ئەژمار دەكرێت.
ـ چاوەڕوان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچە دابڕێنراوەكان، لیستی هاوبەش هەبێت، ئەگەر لیستی هاوبەشیش نەبێت، ئەوا هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوە بچێت.
-خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە میدیای لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن هەموو هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی وا پیشان بدات كە هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ژێربەژێر لەگەڵ پارتی رێکكەوتووە و هیچ بەڵێنێكی سەردەمی بانگەشەی جێبەجێ نەكردووە.
– سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەدوا دیداری تەلەفزیۆنیدا توانی ئەوەی ئەوان بە چوار مانگ خەونیان لەسەر هەڵچنیبوو بە چەند دێرێك پووچەڵبكاتەوە و بۆ هەمووانی روون بكاتەوە سەركردەی راستەقینە ئەوەیە بەرژەوەندی و داهاتووی نەتەوەكەی بخاتە سەروو بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە.