د. ئارام رەفعەت
هەریەک لە رۆنی رەها و بەدران دەرە، کە دوو شرۆڤەکاری باکورن، 20 خاڵی رانەگەیەنراوی رێککەوتنەکەی نێوان ژەنەڕاڵ کۆبانێ و جۆلانی ئاشکرا دەکەن کە گوایە لە ئەندامێکی کۆمیتەی دانسوانکاری رۆژاڤا پێیاندراوە.
هیچ زانیارییەکم نییە کە ئەم خاڵە راگەیەنراوانە چۆن و بە چ مەبەستێک کەوتۆتە دەستی ئەوان، چەندە راستن، وە بۆچی بەشێک نین لە رێککەوتنە فەرمییە هەشت خاڵەکە.
ئەوەی خوارەوە پوختەی 20 خاڵەکەیە، لە کۆتاییشدا چەند سەرنجێکی خۆم دەنوسم:
1) دۆسییەی داعش دەدرێتە دەست سوریا.
2) هەسەدە بەشێک دەبێت لە سیستەمی بەرگری سوریا، بەڵام فەرمان لە مەزڵوم کۆبانی وەردەگرێت.
3) بێ رەزامەندی هەسەدە، سوپای سوریا ناتوانێت بێتە ناو (پارێزگای) حەسەکە.
4) لەهەر ناوچەیەکی سوریا کورد هەبيت دەتوانێت هێزی تایبەتی بۆ پاراستنی ناوچەکەی، بەڵام سەربە دیمەشق، هەبێت.
5) کۆمەڵگای کوردی مافی هاوڵاتی هەیە لە سوریا.
6) دامەزراوە سورییەکان لە ژير چاودێری هەسەدە دەتوانن بێنە (پارێزگای) حەسەکە.
7) پاريزگاری حەسەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە دیاریدەکرێت.
8) مەزڵوم عەبدی مافی لەکار لادانی بەرپرس و لێپرسراوە ئیداریەکانی حەسەکەی هەیە.
9) لەسەدا 25ی نەوت و غازی سوریا بۆ حەسەکە دەبيت.
10) پارێزگای حەسەکە مافی کڕینی چەکی لەوڵاتان هەیە.
11) خاڵە بازرگانییەکانی سنووری حەسەکە لەدەست کورد دەبێت.
12) ئاگربەست لە سوریا دريژخایەن دەبێت.
13) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزێکی سەربەخۆ، سەرلەشکر، دەبێت لەناو سوپای سوریا.
14) سوریا ناتوانێت هیچ بەرپرسيک لەدەرەوەی (پارێزگای) حەسەکە لەو پارێزگایە دابمەزرێنيت.
15) فرۆکەخانەی قامیشلۆ دەبێتە نێودەوڵەتی و لەژێر ئیدارەی هاوبەشی کورد و دیمەشقدا دەبێت.
16) پێکهاتەی کورد بە چوار وەزارەت و باڵوێز لە حکومەتی دیمەشقدا بەشدار دەبێت.
17) دیبلۆماسییەتی کورد لەلایەن سوریا نوێنەرایەتی دەکرێت.
18) بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان کورد و ئەمریکا کراوە، هێزە ئەمریکییەکان لانی کەم تا دە ساڵ وەک گەرەنتیکار (زامن)ی کورد دەمێننەوە.
19) فەرماندەکانی پێشووی سوپا ناتوانن ببنە وەزیری بەرگری و ناوخۆ.
20) پاراستنی سنووری حەسەکە لەژێر چاودێرئ ئەمریکی و فەرەنسییەکاندا دەبێت.
..
چەند سەرنجێک…
یەکەم، ئەگەر ئەو خاڵانە بەشێک بن لە رێککەوتنەکە، ئەوا رۆژاڤا دەبێتە هەرێمێکی فیدراڵی خاوەن مافی فراوان و تێر و تەسەل.
دووەم، ئەگەر راست نەبێت و رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای هەشت خاڵەکە و وەک خۆی جێبەجێبکرێت، ئەوا کارەسات و تەسلیمبوونی بێ پاساو و خیانەتە.
سێیەم، رۆشن نییە، مەبەست لە حەسەکە تەنها پارێزگای حەسەکەیە، یان حەسەکە وەک پایتەختی رۆژاڤا و باکوری سوریا.
هەر کامێکیان بێت، لێکەوتەی باشە و خراپەی خۆی هەیە.
حەسەکە وەک پارێزگا…
ئەگەر مەبەست پارێزگا بێت، ئەوا دەبێت هەردوو پارێزگای رەققە و دێرەزۆر رادەستی عاڕەبەکان بکرێت و لەژێر قەڵەمڕەوی کورد دەردەچن وە دەسەڵات و خۆسەری کوردی بە ناوچە کوردستانییەکان (رۆژاڤا) سنووردار دەبێت.
باشیەکەی لەوەدایە کە کورد ئیدارەی هەرێمێکی نیمچە یەکرەنگی بێکێشەی زۆرینەی کوردی دەکات. کورد لە پارێزگای حەسەکە %60ی دانیشتوان پێکدێنێت و زۆرینەیە، عەڕەبەکانیش لەسەرووی %30ی و باقییەکەی کریستیانەکانن.
پاريزگای حەسەکە روبەرەکەی 23 هەزار کیلۆمەتر دووجایە و لە وڵاتگەلی وەک قوبرس و لوبنان و قەتەر گەورەترە ق هەموو سنوورەکانیشی درێژکراوەی باشور و باکوری کوردستانە.
خراپییەکەی لەوەدایە، کورد دەسەڵات و ئابووری و خاک و هەژموونێکی فراوان و سەرچاوە ئاوی و نەوتییەکانی لەدەست دەچێت و لە پارێزگایەک و ناوچەیەکی سنوورداردا گۆشەگیر دەکرێت.
لەوەش گرنگتر، کۆباني کەسەر بەپارێزگای حەسەکە نییە چارەنوسی نادیار دەبێت و دەکەوێتە دەرەوی ئیدارەی کورد.
حەسەکە وەک پایتەختی باکور و رۆژهەڵاتی فورات….
ئەگەر مەبەستیش حەسەکە وەک پایتەختی ئیداری رۆژهەڵاتی فورات بێت، بەهەمان شێوە باشە و خراپەی خۆی هەیە.
باشییەکەی ئەوەیە سنورێکی سرووشتی ئەم هەرێمە فراوانە پڕ لەسەروت و سامانە و هێزی مرۆیی لەباقی سوریا جیادەکاتەوە و ئەگەر کورد هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمەکەدا بپارێزێت ئەوا بەقورساییەکی زۆرەوە لە دیمەشق دەبێت.
جگە لەوە، کۆبانێ بەشێک دەبێت لەم هەرێمە فیدراڵە…
خراپییەکەیشی ئەوەیە، کورد وەک کەمینەیەک دەبێت ئیدارەی هەرێمێکی زۆرینە عەڕەبی پڕ لەکێشە و دووبەرەکی خێڵەکی و قەومەجی سۆزدار بۆ جۆلانی رەوتە تیرۆریستییەکانی تر بکات. ئەم دیموگرافیا زۆرینە عاڕەبیە هەمیشە وەک بۆمبێکی تەویتکراوە و عاڕەبە حاکمەکانی دیمەشق دەتوانن بەڕووی کوردا بیتەقێننەوە.
رۆژاڤا رێگەیەکی سەخت و پڕ لەهەوراز و نشێویان کە پێشە، بەڵام سەرکردایەتییەکی دڵسۆز و وشیار و نیشتمانپەروەیان هەیە.