وتار

لەچاوەروانی راگەیەنراوە چاوەروانکراوەکەی ئۆجالاندا

ئەبوبەکر کاروانی

پەکەکە.. مژدەی گۆرانی تورکیاو خۆرهەڵاتی ناوەراست و جیهان رادەگەیەنێت؟

بریارە  لەرۆژانی داهاتوودا، بەرێز ئۆجالان راگەیەنراوێکی مێژوویی بڵاو بکاتەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پەکەکە راگەیەنراوەکە تورکیاو خۆرهەڵاتی ناوەراست و تەنانەت جیهانیش دەگۆرێت. کەئەوەش بەگەشبینی و گرەو لەسەر کردنێکی گەورەو بێ پێشینە بۆ کۆتایهێنان بەجەنگی دەیان ساڵەی نێوان دەوڵەتی تورکیاو گەریلاکانی پەکەکەو چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتەو ئەو بەشەی کوردستان لە قەڵەم دەدرێت.

بەڵام پێش هەر شتێك پرسیارە گەورەکە ئەوەیە داخۆ ئەوەی بریارە سبەی بەرێز ئۆجالان رایبگەیەنێت، لەگەڵ دەوڵەت گەڵاڵە کراوە یاخوود گەڵاڵەو نەخشە رێگەی رێکەوتن و دەستکردنە بە پرۆسەیەك بەچرای سەوزی هەندێ ناوەندی دەوڵەت و رەزامەندی پارتە سیاسییەکان و راوێژی دەرەکی وگفتووگۆ لێرەوە دەستپێدەکات؟

پرسیاری گرنگی دووەمیش پەیوەستە بەجۆرو ناوەرۆك و فۆرم و رەهەندەکانی رێکەوتنەکە؟ داخۆ دەگاتە بۆ نموونە دامەزراندنی هەرێمی باکوورو داننان بە کوردستان و دابەشکردنی سەروەری ناوخۆیی و گرەنتی هەموو ئەمانە بەدەستوور؟ یاخوود ئەوەی باس و رێکەوتنی لەسەر کراوە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکەو نەتەوەی دیموکرات و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەروەردە بەزمانی کوردی وهاوڵاتێتی یەکسانە؟ ئەوەی چاوەروان دەکرێت، ئەگەر دەرفەتی سەرکەوتنی تەواوی پێبدرێت، گۆرانکاری نەك هەر لە باکورو توورکیا بەدووای خۆیدا دەهێنێت، بەڵکو لێکەوتەی لەسەر ئاستی هەر چووار پارچەی کوردستان و پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و هەندێ رووی پەیوەندی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکەشدا دەبێت، بەحوکمی ئەوەی ئاماژەکان پێمان دەڵێن مەسەلەکە ئەگەر بەقۆناغیش بێت چەکدانانی پەکەکەش لەخۆ دەگرێت، چوونکە بەبێ ئەم هەنگاوە هیچ گۆرانکارییەکی قووڵ بەدینایەت.

ئەوەی بازنە داخراوە مێژووییەکە دەشکێنێت، دەستکارییەکی بنەرەتی ڕێساکانی گەمەکە دەکات و ئاسۆی نوێ و جددی بەرووی چارەسەریدا دەخاتە روو بریاری کوردیش یەک پێدەگرێتەوە، ئەو هەنگاوەیە.
پێشم وایە هەنگاوەکە لانیکەم بیرکردنەوەی جددی لێی تێگەیشتنێکی ڕاستی بۆ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە چاوەروانکراوەکانی ناوچەکەی لەپشتەوە بێت، کە راستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر چارەنووسی پەکەکە دەبێت.
لەروویەکی ترەوە بۆ ئەوەی وێنایەکی توورکیایەکی گۆراو بکەین دەبێت، ئۆجالان ئازاد بکرێت، زەمینەسازی پێنانە ناو قۆناغێکی نوێی دوای لۆزان و کەمالیزم لەسەر ئاستی سیستمی سیاسی و دەوڵەت کرابێت.

خۆبەرێوەبەرێتی کوردی بەجۆرێ لە جۆرەکان بێتە دی، قەدەغە لەسەر ناوی کوردستان هەڵبگیرێت، زمانی کوردی بەفەرمی وەك زمانی پەروەردەو کارگێری و دادگا بناسرێت و هەموو ئەمە لە دەستوورو وڵاتێکی فرەنەتەوەدا دەستەبەر بکرێت.

گۆرانکاریش لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەوەدێتە دی، توورکیا دیدی بۆ رۆژئاوای کوردستان بگۆرێت، گرەوێکی گەورەتر لەسەر باشوور بکات و کار بۆ هاوپەیمانییەتێکی راستەقینەو هاوسەنگی کوردی- تورکی بکات، کە دەبێتە رووداوێکی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و هەوێنی گۆرانکاری گەورەو لە دایک بوونی چارەسەرو دەرفەتی نوێ.

گۆرانکاریش لەسەر ئاستی جیهاندا بەوە دەبێت، ئەم هەنگاوە ئەگەر ئامانجەکانی بپێکێت و سەری لە چارەسەری و هاوپەیمانیەتێکی نوێی تورك و کوردەوە دەربچێت، کاریگەری لەسەر ململانێ جەمسەرە جیهانییەکان پەیدا بکات هەرچۆنێ بێت، بەگەشبینییەکی هووشیارییانەوە چاوەرێی سبەینێی راگەیەنراوەکەی ئیمراڵی دەکەین، دۆعا خووازین ئەوەی دەیبیستین و دووای دەیبینین، ئاماژەیەکی راستەقینە بێت بە گۆڕانێکی راستەقینە لە عەقڵی سیاسی زاڵی تورکدا، نەك مانۆرێك بۆ تێپەراندنی کات و پشت سەرخستنی مەترسییەکی ستراتیژی.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 92‌
2/18/2025 2:19:05 PM
زیاتر...
کاردۆ عوسمان هەورامی
Copyright © All rights reserved.