ئاوات خەیروڵڵا
كاتێك ستەم لێكراو بێدەنگ بوو، ستەمكار وادەزانێت لەسەرحەقە، ئەمە وتەی ئیمامی عەلییە و كابینەی نۆیەم وەكو سیاسەتێك بەرامبەرهاوڵاتییەكانی و بەغدا بەكاریدەهێنێت،هاوڵاتی و فەرمانبەر مافی فەوتاوە، كەچی ئەو نەوت دەفرۆشێت و داهاتنی نانەوتی رادەستی حكومەتی فیدراڵی ناكات، لەولاشەوە بەغدا هەر پارە دەنێرێت و حكومەتی هەرێمیش خۆی وەكو ستەملێكراو ناوزەند دەكات تا قووت و مووچەی مانگی 12ی خەڵكەكەی بخوات.
لەژیانمدا لەبێدەنگی پەشیمان نەبوومەتەوە، بەڵام چەندینجار لەقسەكردن پەشیمان بوومەتەوە، بەڕاشكاوی دەیڵێم ئەوەی حكومەتی هەرێم بەرامبەر فەرمانبەران و گەلەكەی دەیكات، ئەوپەڕی ستەم كارانەیە و نابێت ستەملێكراوان (فەرمانبەر و هاوڵاتییان)-ی هەرێمی كوردستان قبوڵی بكەن، مووچەی مانگی 12یان بفەوتێ.
چونكە لەماوەی 10 ساڵی رابردوو حكومەت لەكۆی 120 مووچە تەنها 60 مووچەی بەتەواوی داوە و 44 مووچەی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە و 15 مووچەش دابەشنەكراوە.
بۆیە نابێت رێگە بدرێت، مووچەیەكی دیكە دابەشنەكات و ببێتە 16 مووچە.
لەكوێی دنیا بووە، لەماوەی ساڵی رابردووداهەرێمی كوردستان، بەپێی راپۆرتی دیلۆت 111 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بەبڕی سێ ملیار و 493 هەزار دۆلار یەك دۆلاریشی لەمووچەدا خەرجنەكردووە و نەیداوەتە بەغدا، لەداهاتی گومرگی و نانەوتیش تەنها شەش مانگ داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداكردووە، كەچی حكومەتی فیدراڵی نزیكەی 11 تریلۆن دیناری ناردووە.
مەسرور بارزانی بۆچی بەغدا دەكاتە ستەمكار و حكومەتی عیراق بەنیازی چییە؟
ئەوەی لەنیەتی چەند مانگی رابردوو و ئێستای بەرپرسانی ئیدارەی دەوڵەت و سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیری دارایی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت ئەوەیە كە ساڵی 2025 بۆ فەرمانبەرانی هەرێم باش نابێتـ، چونكە بەروونی و راشكاویی دەیڵێن، "
ناكرێت بەغدا پارە بنێرێت و هەرێم بەردەوامبێت لەفرۆشتنی نەوت و داهاتی نانەوتیش رادەستی بەغدا نەكات، ئەوانیش پارە بۆ هەرێم بنێرن".
بۆیە ئێستا سەرقاڵی دۆزینەوەی حیلەی "شەرعی" یاسایی و ئیدارین بۆ نەناردنی پارە، بەهۆی ئەوەی كێشەی داراییش بەرۆكی حكومەتی ناوەندیی گرتووە و ترسیان هەیە كەمووچەی فەرمانبەران مانگانە دوابخەن.
ئەوەیش وایكردووە، ئێستا بۆچوونێكی هاوبەش لەنێو بەشێك لە بەرپرسانی شیعی بەتایبەت نوری مالیكی و هەندێك لەسەركردەكانی ئیدارەی دەوڵەت دروستبووە، كە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە، بەجۆرێك بەدڵی هەرێم و ناوەندبێت و ئەو گرفتانەی لە گرێبەستەكانی نەوت و تێچووی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت هەن چارەسەربكرێت و چی دیكە بەغدا مانگانە ئەو بڕە زۆرە پارە بۆ هەرێم نەنێرێت.
لەكۆتاییدا ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە، چیتر نابێت خەڵكی كوردستان و فەرمانبەران ئەو زوڵمەی بەرامبەریان دەكرێت قبوڵی بكەن و حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش بەئاگا بێنەوە لەوەی 10ساڵ سزادانی گەل بەسە، بیرێكیان لەوەبێت تا پریشكی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمیش نەگرێتەوە.