وتار

هێڵە سوورەکەی ئەردۆغان و ئۆجەلان

سەردار عەبدوڵا

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی پەیامەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، جیا لە هەموو جارەکانی دیکە، نەفەسێکی نامۆ هەیە دەیەوێت بەگومانەوە لە ڕۆڵ و هەڵوێستی ئاپۆ لە دوانوستاندنەکاندا بڕوانێت. تەنانەت دەیەوێت گومان بخاتە سەر تەندروستیشی، هەربۆیە لە بەیانەکەیاندا سری سورەییا ئوندەر و پەروین بۆڵدان، بەڕاشکاویی باسیان لە تەندروستیی و ورەی بەرزی ئاپۆ کرد.

بەیاننامەی ئەمڕۆی (کەجەکە) کە بە ڕەسمیی پشتگیری لە دوایین پەیامی ئاپۆ دەکات و پابەندبوونیان بە ڕێبەرایەتی ئاپۆ لە دانوستاندن و پرۆسەی ئاشتیدا، جێی دەستخۆشییە، چونکە ئەوە کارە دروستەکەیە.

دانوستاندنی ئاشتی شێوازێکی دیکەی جەنگە بۆ وەدیهێنانی ئامانجە سیاسیی و نەتەوەییەکان. بۆیە وەک هەر جەنگێکی دیکە، دەبێت پێداویستییەکانی بردنەوە، ئیرادەی یەکگرتوی پتەو، وریایی و دیقەت، ئازایەتییەکی لەڕادەبەدەری دەوێت. پرسیارە ترسناکەکە ئەوەیە: ئایا تا چ ئاستێک ئاپۆ سازشی ترسناک دەکات؟ لەڕاستیشدا ئەم پرسیارە ڕەوایە، چونکە لەدوا دەرەنجامدا، ئاپۆش وەکو هەر مرۆڤ و سەرکردەیەکی دیکە قابیلی ئەوەی هەڵە بکات، سازش بکات، دیقەت نەکات. لێ هەموو ئەمانە دەبنە مایەی ئەوەی لەپێناوی ئازادبوونی خۆیدا سازشی خراپ و ترسناک بکات؟

سری سورەییا ئوندەر کە سەرکردەیەکی سەنگین و خاوەن سەنگی گەورە و متمانەیەکی زۆرە، کە هاوکات لەگەڵ پەروین بۆڵدان ئەم هەفتەیە سەردانی ئاپۆیان لە ئیمرالی کرد. ئاماژەی بەوە داوە کە پەیامە (7) خاڵییەکەی ئاپۆ، هەموو شتێک نیە. بەڵکو ئەوان لەبەر ناسکیی دۆخ و دانوستاندنەکە هەموو شتەکان بۆ میدیا ئاشکرا ناکەن. لەڕاستیشدا ئەمە رەفتارە دروستەکەیە. دەبێ ئەوەش بڵێین کە هەڵبژاردنی پەروین بۆڵدان بۆ ئەم وەفدە دیقەتێکی زۆرە، چونکە ئەم خاتوونە بە مانای وشە سەرکردەیەکی لێهاتوو و سەنگینە. ئەوەی جێی دڵخۆشیی زیاترە ئەوەیە کە ئاپۆ بۆ دیداری داهاتوی وەفدەکە، داوای کردوە سەرکردەی تێکۆشەر و زیندانبەزێن و پڕئەزموون ئەحمەد تورکیش بەشدار بێت. ئاستی ئەم وەفدە و پێکهاتەی کەسەکانی جیایە لە هەندێک لەشاندەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەمە باسێکی دیکەیە ئێستا کاتی نیە.

سری سورەییا ئوندەر، لە کتێبی (تێینییەکانی ئیمرالی)دا، باس لەوە دەکات کە لە ئوکتۆبەری 2013، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەو دەمە سەرۆکوەزیران تورکیا بوو، بانگهێشتی دەکات بۆ کۆبونەوەیەکی (3) کاتژمێریی، کە ئەردۆغان تەنها یاڵچین ئەکدۆغانی جێگری ئەو دەمەی سەرۆکوەزیرانی تورکیای بەشداریی پێکردوە. دواتر ئوندەر لە (9)ی نۆڤەمبەری ئەو ساڵەدا وەک بەشێک لە وەفدەکە سەردانی ئیمرالی دەکات. ئوندەر لە (تێبینییەکانی ئیمرالی)دا، باس لە داوا و مەرجەکانی ئەردۆغان دەکات. هەروەها دەگێڕێتەوە کە ئەردۆغان پێڕاگەیاندوە، کە تەنها یەک مەرجی هەیە، ئەویش: بەهیچ جۆرێک قبووڵ ناکات قەوارەیەکی کوردی هاوشێوەی هەرێمی باشووری کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان دابمەزرێت، بۆیە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەوە تاکە هێڵی سووری ئەوە.

لە بەرامبەر ئەم داوایەدا، ئاپۆ نەک هەر نەرمیی پیشان نەداوە، بەڵکو بە توڕێبوونەوە وەڵامی داوەتەوە: کە بەهیچ جۆرێک ئامادە نیە، کورد بخاتەوە ژێر ڕەحمەتی سوریایەکی مەرکەزییەوە. زۆر ڕاشکاوانەش ڕایگەیاندوە کە ئەوەش لای ئەو هێڵی سوورە.

لە کۆبونەوەی (8)ی شوباتی 2014شدا، ئیدریس بالوکین کە بەناوی وەفدی (هەدەپە)وە، داخوازی تورکەکان بۆ ئاپۆ باس دەکات، هەڵوێستی نەگۆڕی ئاپۆمان بۆ دوبارە دەبێتەوە. لەو دیدارەدا ڕەخنە و مەترسییەکانی قەندیل لە سیاسەتی (ئەکەپە) سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستانیش دەگەیەنن بە ئاپۆ. ئیدریس بالۆکین بە ئاپۆ دەڵێت کە هاکان فیدان داوا دەکات (کەجەکە) ستراتیژی خۆی بەرامبەر ڕۆژئاوا بگۆڕێت. لە وەڵامدا ئاپۆ بە تووڕەبوونەوە لە هۆی قسەکانی فیدان دەپرسێت، بالۆکین پێی ڕادەگەیەنێت کە تورکەکان پێیان وایە (پەیەدە) هاوکاری ڕژێمی ئەسەد دەکەن، نەک ئۆپۆزیسیۆنی سوریا.

لە بەرامبەردا ئاپۆ تووڕە دەبێت و دەڵێت: درۆ دەکەن. کەس هێندەی من شارەزای سریا و ڕۆژئاوا نیە، 20 ساڵم لەوێدا بەسەر بردوە. ئەوە ئەوانن کە هاوکاریی ئەسەدیان کردوە.

ئەمانە بەشێکن لەو قسەوباسانەی سری سورەییا ئوندەر لە کتێبی (تێبینییەکانی ئیمرالی) باسی کردوون، کە ساڵی 2015 بڵاو بۆتەوە. بایەخی ئەم گێڕانەوانە لەوەدایە کە دیوی شاراوەی هەڵوێست سیناریۆکانی دانوستانەکان دەخاتە ڕوو. ئەمە بە دەرفەتێک دەزانم کە ئەگەر سەرپێیش بێت وەڵامێکی ئەو پرسیارە بدەینەوە: ئایا دەکرێت دانوستاندن لە خەڵک بشارینەوە؟ بەو هیوایەی وەڵامێکیش بێت بۆ گومانی ئەو ئازیزانەی بەگومانەوە لە شاردنەوەی ناوەرۆک و وردەکاریی دانوستاندن دەڕوانن. سەرەتاش دەبێت ئەوە یەکلا بکەینەوە، کە ئەم پرسیارە زۆر کۆنە و یەک سەدە لەمەوبەر وەڵامی یەکلایی درایەوە.

یەک سەدە پێش ئێستا یەکێک لە دەستپێشخەرییەکانی (ویدرۆ ویڵسن) سەرۆکی ئەو دەمەی ئەمریکا، ئەوە بوو، کە ناکرێ چارەنوسی گەلانی دنیا بەنهێنیی لە نێوان زلهێزەکاندا بە نهێنی بڕیاری لێ بدرێت. ئەم کارەی ویڵسن کە لە فەزای ئاشکرابوونی ناوەرۆکی ڕێککەوتنامەی نهێنی سایکس – پیکۆدا کردی، هەڵایەکەی لێکەوتەوە و بوو بە مایەی گۆڕینێکی جەوهەریی لە شێوازی دانوستاندن و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکان، تا ئەو ئاستەی دواتر مێژوونووسانی دیپلۆماسی بە وەرچەرخان و سەرەتای قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسیی دادەنێن کە ناوی (قۆناغی دیپلۆماسیی دیموکراسی)یان لێ ناوە.

لەو مشتومڕانەدا، سەرەتا تێگەیشتنێکی توندڕەو پەیدا بوو، کە داوای دەکرد، نەک هەر ڕێککەوتننامەکان، بەڵکو نابێ وردەکاریی دانوستاندنەکایش نهێنی بن. ئەم ڕەوتە لە جێیەکدا دەریخست کە بەمجۆرە هیچ دانوستاندنێک توانای بەردەوامیی و چوونەپێشی نیە. هەربۆیە پاش مشتومڕێکی زۆری بەردەوام، گەیشتەن تێگەیشتنێکی عەقلانیی بۆ ئەم گرفتە: کە بەڵێ دەبێت ڕێککەوتننامەکان ئاشکرا بکرێن، بەڵام دەکرێت دانوستاندن بە نهێنیی بکرێت، یان زۆر لە بابەت و وردەکارییەکانی بە نهێنیی بمێننەوە، تاکو دەگەنە ڕێککەوتن.

ناکرێت لای ئێمە پاش سەدەیەک و بەبێ هیچ زانیاریی و ئەزموون و زانستێک لە فەیسبوک فەتوا لە بابەتی وا گرنگ و چارەنووسساز بدەین.
 

ژمارەی خوێنەر   ‌ 2921‌
1/1/2025 5:16:36 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.