لەتیف نێروەیی
لێدوان و قسە و پەیامی بەرپرسە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژانی بانگەشەو پاشانيش لەدوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان، کە دەیانگوت: (یەک حكومەتی سەرتاسەری، یەک هەرێمی کوردستان).
لەلایەن جەماوەری کوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە وەکو هەڵوێست و هەنگاوێکی نوێ وئەرێنی خوێندنەوەو لێکدانەوەی بۆدەکرا، کە ئەم هەنگاوە وەکو کرانەوەو دەست پێشخەرییەکی نوێ ببێتە فاکتەری کۆتایی هێنان بە فکری دوو ئیدارەیی و جیاوازی نێوان شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، کۆتایی هێنان بەوجیاکاریەی کەلە نێوان هاوڵاتیان دەکرا لەسەر ئینتیمای سیاسی و حزبی . بەڵام لەدوای ئەو هەڵوێستە نوێیەی پارتی، لە هەولێری پایتەخت هەندێ بریاری رەسمی دەرکران کە نارێک و پێچەوانەی ئەو پەیام و هەڵوێستە نوێیەی پارتی بوون کۆمەڵێک پرسیارو تەفسیرو گومان و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
- بۆنمونە، لەهەولێری پایتەخت کاتێ دەرگای بارەگای نوێنەرایەتی هەدەپە بەرەسمی داخرا، تیمەکەیان رەوانەی شاری سلێمانی کرا! لێرەدا قسە لەسەر هۆکاری داخستنی بارەگاکە ناکەین ،بەڵکو دەخوازین قسە لەسەر ئەوە بکەین کە بۆچی تیمی هەدەپە رەوانەی سلێمانی بکرێت ؟!. لای هەموان مەعلومە لەسەر ئاستی جیهان و لە بواری دیپلۆماسیدا ، کاتێک حكومەتی وڵاتێک تیمێکی دیپلۆماتکارانی وڵاتێکی دیکە لەبەر هەر هۆکارێک بێت دوردەخاتەوە، رەوانەی وڵاتەکەی خۆی دەکاتەوە ،نەک لەشارێکەوە بۆ شارێکی دیکەی هەمان وڵات دوربخاتەوە.
- دووەم: وەک هەندێ لە رۆشنبیرو میدیاکاران و چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەگەر مانەوەی تیمی هەدەپە لەهەولێر مەترسی بێت بۆسەر هەرێم ، ڕەوانەکردنیشیان بۆسلێمانی هەر مەترسی بۆسەر هەرێم دروست دەکات ، ئەگەر مانەوەیان لەهەولێر کارێکی نایاساییە ،ئەوا مانەوەیان لەسلێمانیش بەهەمان شێوە کارێکی نایاسایی دەبێت ، بەهەر پێودانگێک بێت ئەمەی ئیدارەی هەولێر کردوویەتی بۆ هەر مەبەستێک بێت ، دەکەوێتە خانەی تۆخکردنەوەی مەیلی دوو ئیدارەیی و رەنگرێژکردنەوەی توخبەکانی نێوان هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد .
- لەلایەکی دیکەوە، لەبریارێکی دیکەی ئیدارەی هەولێردا و بەنوسراوێکی نهێنی و تایبەت و بەئیمزای بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم ، فەرمانی کارگێری دەرکراوە بۆ گواستنەوەی مفەوزێکی پۆلیسی ناوخۆ لەشاری زاخۆ بۆ قەزای کۆیە بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت ، بەبێ ئەوەی داوای گواستنەوەی کردبێت ، بەبێ ئەوەی هیچ کەمتەرخەمی و سەرپێچیێکی کردبێت ،تەنها لەبەر ئەوەی لەخێزانێکی یەکێتین !. سەیرەکەش لەوەدایە کەنوسراوەکە بەنهێنی و تایبەت لەهەولێرەوە بۆکراوە !.ئەمەش ئەو گومانە لەراستییەوە نزیک دەکاتەوە کە مەیلێکی نوێ هەبێت بۆ تۆخکردنەوەی روخساری دوو ئیدارەیی لەهەرێم .
- لەم سەروبەندەدا لەسەیتەرەی سەر پردی قەندیل ی زێی گەورە (زێی بادینان) رێگری لە کادرێکی دیاری کۆمەڵایەتی یەکێتی کرا کە بچێتە ئاکرێ و پێیانی راگەیاندووە کە ئەمە ئەمرەو رێگات پێنادەین بچیتە ئاکرێ و دەبێ بگەرێیتەوە سلێمانی . ئەم رووداوەش هاوشێوەی تیمی هەدەپەیە ،چونکە ئەگەر ئەو هەڤاڵە مەترسی بێت بۆسەر ئاکرێ ،ئەوا مەترسیش دەبێت بۆ سەر سلێمانی .
- هەندێ لە چاودێران پێیان وایە کە پارتی بەم رووداوانە پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و پێیان دەڵێت ئەگەر پێشهاتەکانی دوای هەڵبژاردنەکان بەدڵی ئێمە نەبێت ،مەیلی ئێمە بۆ توخکردنی روخساری دوو ئیدارەیی زیاتر دەبێت و ئامادەین سەرلەنوێ توخبەکانی نێوانمان رەنگ رێژبکەین، ئەمەش نەک هەر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشکەرنابێت ،بەڵکو بە ئاماژەیێکی مەترسیدار و پێشهاتێکی نوێ دەبینرێت .