سەردار عەبدوڵا
سبەینێ چواردەهەمین ساڵیادی هەڵبژاردنەوەی مام جەلالە وەک سەرۆککۆمار. لە چرکەیەکدا ئەم ساڵیادە دەکەینەوە کە ڕۆژێکی ڕەشی پەیوەندیدار بەو پۆستە گرنگەوە چاوەڕێمانە. لەلایەوەکەوە سەرۆکوەزیران سودانی لەڕێی دادگای فیدرالییەوە داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەکات. لەو لاشەوە لەگەرمەی سەرقاڵبوونی ئێمە بە زۆر بابەتی لابەلاوە، حوجەتوئیسلام حەلبووسی زۆر بەئاشکرا باس لەوە دەکات کە کورد ئەو سەنگەی لە عیراقدا نیە، بۆیە ئەمجارە ئەو پۆستی سەرۆککۆمار دەبات. هەڵبەتە ئەمەی بەماستاوێکی خەستەوە بۆ شیعە و ئێران لەدیدارێکی کەناڵەکەی قەیس خەزعەلیدا باس کرد.
ساڵی 2022 کە ئێمە نەمانتوانی لەسەر ئەو پۆستە ڕێک بکەوین، حەلبووسی هەوڵی زۆری دا بیبات بۆ خۆی. پۆستی سەرۆککۆمار یەکجار گرنگە بۆ کورد. نابێ لەژێر هیچ دۆخێکدا لەدەستی بدەین، بەڵام داخۆ دەتوانن لێمان زەوت بکەن؟ ئایا دەتوانین ڕێگە لەو پیلانە ترسناکە بگرین، و جارێکی دیکە ئەو ڕۆژە ڕەشەی لەڕێگەمانە وەکو چواردە ساڵ لەمەوبەر بکەین بە ڕۆژی سەرکەوتنێکی مەزن؟ بۆ وەڵامدانەوە ئەم پرسیارانە ئێمە پێویستمان بە گەڕانەوەی بۆ چواردە ساڵ لەمەوبەر، پەندی لێ وەربگرین، چونکە ئەو ڕۆژەی هەڵبژاردنەوەی مام جەلال ئێمە سەرکەوتین بەسەر کۆمەڵێک هێزی ناوخۆیی، ناوچەیی، جیهانییش.
ئەو دەمە، کورد کەوتە بەردەم مەترسییەکی گەورەی دۆڕاندنی پۆستی سەرۆککۆمارەوە. تیمەکەی بەرامبەرمان زۆر بەهێز بوو. تیپێکی جیهانیی بوو، کە پێکهاتبوو لە تێکەڵەی هەندێک لەهەرە بەهێزترین تیپەکانی جیهان (ئەمریکا، ئینگلیز، بەشێک لە ئەوروپاییەکان، تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و کەنداو). ئەو دەمە عەللاوی هەڵبژاردنی بردبوەوە، بەڵام مالکی سەپێنرا بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆیە وەک هەمیشە دەبوو ئێمە کە لاوازە بێکەسەکەین زیانەکە قەرەبوو بکەینەوە. دەبوو ئێمە دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار بین بۆ دکتۆر ئەیاد عەللاوی. تێکەڵەی ئەو تیپە جیهانییەی باسمان کرد هەر هەموو کۆک بوون و هێرش و فشار نەما بەکاری نەهێنن بۆ ئەوەی یارییەکەمان لێ ببەنەوە و پۆستی سەرۆککۆمارمان لێ زەوت بکەن. کار گەیشتە ئەوەی کە بەرگەی هەموو فشارەکانمان گرت، ڕاستەوخۆ باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا و ئەردۆغان ڕاستەوخۆ خۆیان پەیوەندی بە ڕەحمەتی جەنابی مامجەلال و جەنابی کاک مەسعودەوە بکەن، ئیدی دۆخەکە زۆر ترسناک بوو.
سەرباری ناهاوسەنگیی هێزی نێوان تیپە بێکەسەکەی ئێمە و بەهێزیی تیپەکەی بەرامبەر، مەترسییەکی دیکەی لەوە ترسناکتریش هەبوو. ئەو دەمە تازە بزوتنەوەی گۆڕان پەیدا ببوو، نەفەسی توندی ئۆپۆزیسیۆن، پێیوابوو بۆ لێدانی یەکێتی و پارتی ئاساییە پەنا بۆ خراپترین دوژمنەکانیش بەرین. ئیدی چەمکی خیانەت لەوەوە گۆڕا کە خزمەتی داگیرکەر دەکەیت، بەڵکو بوو هەر جۆرە هاوهەڵوێستییەک لەگەڵ ئەو دوو لایەنە.لێرەشەوە نیشتمانپەروەریی بوو بەوەی پەنا بۆ خراپترین داگیرکەریش ببەیت، تەنها بۆ شکاندنی ئەو دووانە، با ئەم کارەش گەورەترین زیان بەبەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و گەلەکەی بگەیەنێت.
هەرە زۆرترین فشارەکان چڕ کرانەوە بۆ سەر جەنابی کاک مەسعود. ئاخر مام جەلال خۆی تاکە کاندیدی کورد بوو، بەشەخسییش نەدەکرا خۆی شەڕی پۆستەکە بکات، جگە لەمەش لە پشتگیریی و سووربوون و تەسلیمنەبوونی جەنابی کاک مەسعود دڵنیا بوو. ئەمانە قسەی ئێمە نین، بڕۆن دیدارەکەی بەڕێز فەخری کەریم لە ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەتی لەندەنیدا بخوێننەوە.
دەتوانن کتێبە بەنرخەکەی دۆستی مەزنی کورد جینگیز چاندار بخوێننەوە. جەنگیز کە ئێستا لەسەر لیستی دەم پارتی و کورد ئەندامی پەرلەمانی تورکیایە، کتێبێکی زۆر بەنرخی (شەمەندۆفەری میزۆپۆتامیا) بڵاو کردۆتەوە و کاک زریان ڕۆژهەڵاتیی وەرگێڕانێکی نایابی بۆ کردوە. ڕاستە ئەو کتێبە باس لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد لەباکوور دەکات، بەڵام لەڕاستیدا سەرلەبەری کتێبەکە ستایشی ڕۆڵی مام جەلالە لەو پرۆسەیەدا. جەنگیز لەو کتێبەدا زۆر بە وردیی باس لە فشارە گەورە و لە قورسەکانی ئۆباما و ئەردۆغان بۆ سەر کاک مەسعود دەکات، تاکو ناچاری بکەن دەستبەرداری کاندیدکردنی مام جەلال بێت. هەر بۆیە دەبێ بۆ مێژوو بە تەقدیرەوە باس لە هەڵوێستی توند و ئازایانەی کاک مەسعود بکەین، چونکە کە فشارەکان گەیشتنە ئاستێک لە توانا بەدەر بن، هەڕەشەی کشانەوەی لە سەرلەبەری پرۆسەی سیاسی عیراق کرد.
سەرباری ئەو فشارە جیهانییانەش، وەک وتمان کورد لەناو خۆماندا ناکۆک بووین، لە کوردستاندا سێ لایەن زۆر توند ئۆپۆزیسیۆن بوو. بۆ مێژووش دەبێ ئەوە بڵێین کە یەکگرتوو و کۆمەڵ لەو هەڵوێستەدا، وەک هەمیشە بەشێک بوون لە یەکڕیزیی کورد، بەڵام کێشەکە لە گۆڕاندا بوو. لای جەماوەرەکەی گۆڕان و بەشێک لە کادیرەکانی، تەنانەت مەرحەبای یەکێتی و پارتیش لە حەرامەکان بوو. هەربۆیە ڕاستە هەڵوێستی توند و بێسازیشی کاک مەسعود، توانیبووی بەر بە فشارەکان بگرێت، بەڵام ئەو شەوە هەر هەموو پەرلەمانتارانی سوننە و جەماعەتی دکتۆر عەللاوی لەپاش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
لەو چرکەساتەدا نیسابی دوو لەسەر سێی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەشکا ئەگەر پەرلەمانتارەکانی گۆڕان تەنها بایکۆتی دانیشتنەکەمان بکردایە. ئێمە پێشوەخت ئاگامان لە فشارەکان و پیلانە ترسناکەکان بوو. هەربۆیە ئەو بەیانییەی بەر لەهەڵبژاردن بەشەخسیی کەوتمە جووڵە بۆ ئەوەی هەرچی دەکرێ بیکەن، تەنها بۆ ئەوەی ئیرادەی میللەتەکەمان سەر بخەین. ئەو چرکەساتە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا، ئامادە بووم کام قوربانیی قورسە بیبەخشم. خۆشەبەختانە ئەنجامی هەوڵەکان بوو بە بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان کە ئێمەش بە یەکڕیزیی دەنگ بە مام جەلال دەدەین.
ئەو شەوە ئێمە توانیمان بەسەر کۆمەڵێک زلهێزی گەورەی جیهان و ناوچەکەشدا سەر بکەوین، نهێنی ئەم هێزەش یەکگرتویی و یەکڕیزیمان بوو لەسەر مەسەلەیەکی چارەنووسساز. ئێستاش بە ئاستێک لاوازین کە هەرزەی سیاسی وەک حەلبووسی هاتوە هەڕەشەمان لێدەکات، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەر ئەوەی پەرت و ناکۆکین.
ئەو دەمەی ئەو کارەم کرد، دەمزانی بەلێشاو بوختانباران دەکرێم و سووکایەتییم پێدەکرێت، بەڵام دڵنیاش بووم لەوەی ئەمە کارە ڕاستەکەیە، بۆیە دەبێ بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی هەر وا بکەم. خۆشبەختانەش ئێستا بەشی هەرەزۆری ئەوانەی لەسەر ئەو هەڵوێستە جنێوبارانیان کردم، ئێستا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە هەر دەبوو وا بکەین.
لەم ساڵیادەی ئەم سەرکەوتنە مەزنەدا کە کورد توانیمان بە یەکڕیزیی بەسەر زلهێزەکاندا سەربکەوین، ئێمە دەتوانین ئەوە دوبارە بکەینەوە، لەکاتێکدا کە لە ئێستاوە هەڕەشەی زەوتکردنی پۆستی سەرۆککۆمارمان لێدەکەن. بەڵام ئەگەر وا نەکەین ڕۆژێکی ڕەش چاوەڕێمانە. لەم ساڵیادەدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەو پێیەی ڕەحمەتیی جەنابی مام جەلال سکرتێری گشتی ئەو حیزبە بوو، کاک بافڵ تاڵەبانیش وەکو سەرۆکی یەکێتی، قەرزاری سووربوون و سازشنەکردنی ئەو چرکە مێژووییەی جەنابی کاک مەسعودن، ئێوەش و کاک مەسعود و هەر هەمووشمان قەرزاری خوێنی شەهیدە سەربەرزکان و ئیرادە و پەرۆشیی گەلەکەمانین، کە چاوەڕێی یەکڕیزیی و سەرکەوتنی گەورەمان لێ دەکات.
ئێستاش پرسیاری مەسئوولانەوە ئەوەیە: ئایا دەتوانین بەپەندوەرگرتن لەو سەرکەوتنە گەورەیەوە بەخۆداچوونەوەیەکی کوردانە بکەین و سازش بۆ یەکتر بکەین و گەلەکەمان سەر بخەین، یان لەم دۆخی پەرتەوازەییە بەردەوام دەبین و گەلەکەمان دوچاری ماڵوێرانیی دەکەین.