سەرکەوت شەمسەدین
بەپێی بریاری ژمارە(25) ساڵی 2010 ی دادگای بالای فیدراڵی، “گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی” (یان فراکسیۆنی پەرلەمانی) تەنیا ئەوە نیە کە لە هەڵبژاردن “یەکەم بووە”، بەڵکو ئەو کوتلە و هاوپەیمانیانەی لە دوای هەلبژاردن و پاش سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان بتوانن گەورەترین “کوتلە” پێکبهێنن دەبنە “گەورەترین فراکسیۆن” و ئەو هێزەش یان هاوپەیمانییە رادەسپێردرێت بۆ دروستکردنی حکومەت، ئەمەش یەکێک لە چیرۆکە تازەکانی دوای هەڵبژاردن دەبێت.
لەم هەلبژاردن ە تەنیا ئەنجامەکانی هەلبژاردن نیە کە هەواڵی نوێن، بابەتی ساختەکاری چیرۆکێکی کۆن و بێ سودە و هیچ شتێکی نوێ بەرهەم ناهێنێت.
ئەوەی دوای هەلبژاردن رودەدات زۆر سەرنجراکەشترن لە ئەنجامەکان. ئەمەش ژانی لە دایکبونی قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی یە کە هەرگیز سیناریۆکانی رابردوو دوبارە نابنەوە.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی داهاتوو، پارتی دیموکراتی کوردستان کلیلی کوتلەی زۆرینەی لەدەست دا، کە ئەمە گەورەترین و گرنگترتن هەواڵی ئەم هەڵبژاردنە یە، بەڵام هێشتا پارتی کاتی دەوێت هەتا بەر ئەم واقیعە نوێ یە بکەوێت.
شتێک کە ڕونە یەکێتی ئەوەی دەیەوێت بۆی جێبەجێ نەکرێت، بە ئینتیحار ئەزانێ بچێتە ژێر باری هیچ حکومەتێک، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی بکات، تاڕادەیەکیش هەڵبژاردنەوەی مەسرور بارزانی “بێ ئۆکەی یەکێتی” بۆ سەرۆکی حکومەت نزیکە لە مەحاڵ ـەوە، لەوەش مەحاڵ تر ئەو “ئۆکەی” ـەی یەکێتی یە، کە بێ سازشی گەورەی پارتی بەدەست نایەت.
شتێک زۆر گرنگە ئەوەیە حکومەتی داهاتوو بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی متمانە لێسەندنەوە و گۆڕیندا ئەبێت، و حزبی حاکم و حکومەتی تاک حزب نەما، حکومەتی داهاتوو یان پێکنایەت، ئەگەر پێکهات ناتوانێ حکومەتێکی بێ منەت بێت، بەپێچەوانەوە حکومەتێکی لاواز دەبێت لەبەردەم پەرلەمان، پەرلەمان بەهێزتر دەبێت.
ئێستا پارتی تەنیا وەک “براوەی یەکەم “ ماوەتەوە نەک “گەورەترین کوتلە،” کە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەو دوو حاڵەتە هەیە.
بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ساڵی 2010، یەکەم بوون لە هەڵبژاردن (بە بێ بەدەستهێنانی 50+1) گەرەنتی وەرگرتن و پێکهێنانی حکومەت ناکات.
پارتی “یەکەم بوو” بەڵام بە تامی شکستێکی گەورە، و ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوو پارتی هێدی هێدی هەست بە دۆخی خراپی خۆی دەکات، بەڵام جارێ نەشئەی یەکەم بوون بەری نەداوە.
لەبەر رۆشنایی بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی زۆرترین چانس بۆ پێکهێنانی حکومەت بۆ ئەو هێزانەیە کە دەتوانن “ئاسانتر” گەورەترین هاوپەیمانی پێکبهێنن. سەرەتا ئەمەی دەیلێم وەک مەحال سەیردەکرێت.
هاوپەیمانی لەگەل پارتی یان یەکێتی؟
بە ئەزمونی خۆم و مامەڵەکردنم لەگەڵ سەرجەم هێزەکان لە کوردستان و عێراق، پێکهێنانی هاوپەیمانی حزبەکانی تر لەگەڵ تا ئاستی ئەستەم ئەستەمە، و هیچ هێزێک ڕسکی چونە بەرەی پارتی ناکات لە کوردستان و تەنانەت لە عێراقیش ئەوە بۆتە مۆتەکە، تاڕادەیەکیش تەواوی ئەوانەی چونەتە بەرەی پارتی توشی توانەوە و ململانێی نا تەوازن بوون و بەرەو لەناوچوون ڕۆشتون، کە ئەوەش هۆکاری مێژووی، فکری، ئایدۆلۆژی، هەرێمی هەیە، لێرە دەرفەتی ئەو باسە نیە.
بەپێچەوانەوە، ئەرکی یەکێتی، ناڵێم ئاسانە، بەڵام ئاسانترە لە پارتی و دەرفەتی زیاتری لەبەردەمە بۆ دروستکردنی “کوتلەی ئەکبەر”.
“کوتلەی ئەکبەر” ئەو کوتلەیە یان هاوپەیمانیە یە کە تەکلیف ئەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، قورسە بەڵام مەحاڵ نیە یەکێتی بتوانێ گەورەترین کوتلە پێکبهێنێت، ئەم سیناریۆیە بە دۆخێکی سروشتی رونادات، بەڵام چانسی رودانی لە چەند مانگی داهاتوو زیاتر ئەبێت.
هاوپەیمانی هێزەکانی تر لەگەڵ یەکێتی بۆ دروستکردنی “کوتلەی ئەکبەر” ئاسانترە لەبەر چەند هۆکارێک.
یەکەم: تەواوی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بەهێزترین پێگەی جەماوەریان لە ناوچەی نفوزی یەکێتی یە، و جەماوەر و دەنگدەریان تێکەڵە لەگەڵ یەکێتی.
دووەم: دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی بۆ هێزەکانی “ئۆپۆزسیۆن” تەوازن تر و سەنگین تر و سەرکەوتوو ترە، نمونە حکومەتی ناوخۆی سلێمانی کە زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو پێکەوە دروستیانکردووە سازانێکی سەرکەوتویان هەیە.
هەروەها ئەو هێزانە ئەگەر یەکبگرن، هەتا ئاستێک 50-50 دەبن لەگەڵ یەکێتی و دەتوانن حکومەتێکی هاوبەش دروستبکەن، نەک ببنە پاشکۆ.
سێیەم: یەکێتی گوتارێک و تۆنێکی بەهێزتر لە ئۆپۆزسیۆنی دژی پارتی و مەسرور بارزانی هەڵگرتووە، بۆ جەماوەری ئەو هێزانە (ناڵێم ئاسانە) بەڵام ئاسانترە قەناعەت بە دەنگدەرانیان بکەن وەک لە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی.
ئێمە لە کوردستان لەبەردەم سەردەمێکی نوێی ململانێی سیاسی داین، ئەوانەی پێیان وایە یەکێتی یەکەی سەردەمی بافڵ تاڵەبانی و پارتیەکەی سەردەمی مەسرور بارزانی هەمان ئەو دوو حزبەی دوای 2005 ـن، ئەوە زۆر بێ ئاگایە لەوەی چی ئەگوزەرێ.
ئەوەی گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی، ئەوە هەمان “تاس و هەمان حەمام” دانوستانی پارتی و یەکێتی دەستپێدەکاتەوە، ئەوە دیارە زۆر دورە لە واقعی نوێ و باشترە شیکردنەوە و نوسینەکانیان ڕابگرن، چونکە ئەو گۆڕانکاریەی لە سێ ساڵی ڕابردوو لە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی دروست بووە هێندەی کەندەڵانەکەی ڕەواندوز گەورەیە و هێز نیە بەیەکیان بگەیەنێتەوە. بۆیە حکومەتی داهاتوو، ئەگەر دروست ببێت، ئەو حکومەتەیە کە یەکێتیەکەی سەردەمی بافڵ تاڵەبانی پێی ڕازی ئەبێت، نەک ئەو حکومەتەی مەسرور بارزانی دەیەوێت.