وتار

دوا هەڵبژاردن چی لە بارەی پارتییەوە پێ وتین؟

دلێر محەمەد نوری

ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە پارتی حزب نیە. چونکە ئاستی دەنگەکانی زۆر ناگۆڕێ. پارتی پێکهاتەیەکە، بوون بە بەشێک لەو، ئەبێت بە بێ هەڵسەنگاندن و بە بێ بیرکردنەوە بێت. پارتی لە تەریقەت و ڕێباز ئەچێت، کت و مت وەکو ئەوەی خۆیان ئەیڵێن، شێخی تەریقەت خوار بڕوا یان ڕێک بڕوا، هەر شێخە و هەر سەرۆکە.

پارتی ئەندامی نیە کە دوای بەرنامە کەوتبێ و هەرکات حزب لە هێڵە گشتییەکە لایدا، ئەو ڕابگۆڕێت. بەڵکو پارتی موریدی مووچەخۆری هەیە، بەرژەوەندی ئابوری و ژیانی پێکەوەی گرێداون. مورید و مووچەخۆر هەڵوێستی لە گەڵ هەڵوێستی شێخ و خاوەن خەزنەکەیە، هیچ هەڵوێست و ڕایەکی تایبەت بە خۆی نیە تا بیڵێ. ئەوان وەکو جەماعەتی ئەشمابیلا ئەوەیان لە سەرە، سەرۆک کۆکی ئەمان کتە کتەی بۆ بکەن. پارتی لە ڕاپەڕینەوە کاری پەیداکردنی موریدی وابەستەیە بۆ تەریقەت و مووچەخۆری ئاڵودەیە بە پارەی حزب. نەوەکو ئەندامی پەوەردەکراو بە پرنسیپ و بەرنامەی سیاسی. نەک وەکو ئەندام و جەماوەری یەکێتی و گۆڕان، کە بنەمای سزا و پاداشت پێکەوەی بەستوونەتەوە. پارتی کڕیاری هەموو دەنگ و ڕەنگێکە، هەر لە مەلای دوانزە عیلمەوە بۆ کچە مۆدێلی دوانزە حیلم، هەر لە ڕۆژنامەنووس و بیژەری ناودارەوە تا نووسەر و فەیلەسوفی سوقرات ئاسا.

پارتی کڕیارە و نرخی لە سەر هەموو ئەوانە دادەنێت کە بۆ فرۆشتنن. پارتی لە یەکەم داهاتی ئیبراهیم خەلیلەوە، دهۆک و بادینانی ڕامکردووە و لە 31ی ئابیشەوە هەولێر و دەوروبەری کۆنتڕۆڵ کردووە. لە خۆماڵی کردنی نەوتیشەوە پایەکانی ئەو تەریقەت و ڕێبازە پتەو ئەکات و پارەی بۆ ئەخات. پارتی بۆ ئەوەی کەس ئەو یارییەی لێ تێک نەدات، پێویستی بە پەرژینێکی پتەوی وەکو دێگەڵە بوو کە نەهێڵێت هیچ جۆرە پەتایەکی ئازادی و دیموکراسی و گۆڕانکاری تووشی ناوچە کۆڵۆنییەکەی خۆی ببێت. پارتی چەند خەریکی پاراستنی یەک ڕەنگی و یەک دەنگی زۆنی خۆیەتی، هێندەش خەریکی لەت و پەتکردنی زۆنی یەکێتییە. پارتی تا ئەم هەڵبژادنەی دواییش پێی وتین کە تا ئێستاش نە بێ مووچەیی، نە پاشەکەوت، نە خیانەتەکان، نە لەشکرکێشی تورک، نە شکستەکان، نە  نە کپکردنی ئازادیەکان، نە زیندانیان و هیچ کارێکی دیکەش کار لەو دەنگی مووچەخۆری ئێمە ناکات. پارتی بە پارە و بەدەسەڵاتی  سەپاو هەموو کاتێک ئەو دەنگانەی خۆی ئەکڕێتەوە.

ئەوەی پارتی قۆناغ دوای قۆناغ بە پێوە هێشتەوە بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو، داهاتی ئیبراهیم خەلیل تا 1996، 31ی ئاب تا 2005، مام جەلال تا مردنی خۆی، نەوت فرۆشی و پڕۆپارتییەکانی ناو یەکێتی تا کاتی ڕیفراندۆم، هاوپەیمانی گۆڕان و پارتی و لەشکرکێشی تورکیش  تا دوا هەڵبژاردن.

بە هەر جۆرێکە ئێستا پارتی، خاوەنی نزیکە 40 کورسی پارلەمانەو بە کورسی سێبەرەکانییەوە ڕەنگە بگاتە 45 کورسیش. ئەوەی پارتی دوای ئەم هەڵبژاردنەی دوایی جیا ئەکاتەوە ئەوەیە کە پارتی سەرچاوەی داهاتی ڕوو لە بڕانە، مووچەی لە ژێر دەستدا نیە. واتا پاڕتی مەرجەکانی بەردەوامی دەروێش و کۆیلەکانی تەریقەت و ڕێبازەکەی کەمتر بەردەستن. ئاخۆ پیلانی پارتی چیە  و کێ دەبێت بە فریادڕەس و هێشتنەوەی بە بەهێزی تا چوار ساڵی داهاتوو؟ 

یەکێتی یان نەوەی نوێ یاخود ئیسلامییەکان؟ یاخود هەمووان پێکەوە؟ هەرچ لایەک بێ ئەبێت چارەنووسی یەکێتی دوای 2005 و گۆڕانی ئەمڕۆیان لە بەر چاوبێ. چونکە بوون بە هاوپەیمانی پارتی، پارتی پێ ئەگەشێتەوە و هاوپەیمانەکانیشی پێ ئەکوژێتەوە.

 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 1161‌
10/22/2024 3:32:52 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.